Share on facebook
شوان شێخ ئەحمەد : ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ نەهێنە پێشەوە دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری دەكرێت
شەممە, 23 ئەیلول 2017 13:09

ZKW: چاوپێكەوتن - ڕائیب شێروانی- شوان شێخ ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا گوتی" پەرلەمان بڕیاری خۆی دەبێت و ئیش و كارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت، پەرلەمان دەتوانێت لە ڕێگەی یاساوە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، لەگەڵ حكوومەت كۆبووینەوە بۆ پاشەكەوتی مووچە و سیستەمی نوێی مووچە، حكوومەت بەردەوام كار لەسەر سیستەمی نوێی مووچە دەكات و لە داهاتوودا جێبەجێ دەكات، بەوەش ژیانی فەرمانبەران باشتر دەبێت.
* ئەگەر سەرەتا لەوەوە دەست پێ بكەین كاراكردنەوەی پەرلەمان چۆن دەبینی؟
- پەرلەمانی كوردستان گرنگی خۆی هەیە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو پاش ساڵێك و 11 مانگ و 3 رۆژ لە ئەنجامی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان پەرلەمانی كوردستان كارا كرایەوە و دەستی بە ئیش و كارەكانی خۆی كردەوە و لەمەودوا كۆبوونەوەی دیكەشی دەبێت، چونكە هەر بۆ ئەوە كارا نەكرایەوە كە دەنگ بە ریفراندۆم بدات، بەڵكو كۆبوونەوەی دیكەشی دەبێت، بەپێی ئەو ئەركانەی پەرلەمانی كوردستان هەیەتی لەمەودوا ئیش و كارەكانی خۆی ئەنجام دەدات، بۆ پشتگیری نێودەوڵەتیش كاراكردنەوەی پەرلەمان شتێكی زۆر باش بوو.
* هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ ریفراندۆم چین؟
- یەكێك لە پشتیوانی هەرە گەورەكان ئەوەیە كە پەرلەمانی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی ناساند، بە ڕاسپاردە ئاگاداری كۆمیسیۆنی كردەوە كە لە 25/9 لە كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ریفراندۆم ئەنجام بدات،  پەرلەمانیش نوێنەرایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە ئەوە دەستكەوتێكی زۆر گەورە بوو بۆ هەرێمی كوردستان.
* پەرلەمانی كوردستان تەنیا بۆ ریفراندۆم كارا بۆتەوە، یان لە داهاتوودا كاری دیكە دەكات؟
- زۆرینەی پەرلەمانتارانی كوردستان بە پێكهاتەكانیشەوە ئامادەی پەرلەمان دەبن، پەرلەمان بڕیاری خۆی دەبێت و ئیش و كارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات، ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت، لە ڕێگەی یاساوە دەتوانین چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
* پەرلەمانی كوردستان چی دەكات بۆ چارەسەركردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران؟
- لەگەڵ حكوومەت كۆبووینەوە بۆ پاشەكەوتی مووچە و سیستەمی نوێی مووچە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە هاوكار و پشتیوان بین، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەك بێت حكوومەت بتوانێ  بژێوی فەرمانبەرانی كوردستان باشتر بكات، ئەویش بە هۆی سیستەمی نوێی مووچەوە، حكوومەت بەردەوام كار لەسەر ئەو سیستەمە دەكات و لە داهاتوودا جێبەجێ دەكات بەوەش ژیانی فەرمانبەران باشتر دەبێت.
* دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە یان بە چ شێوەیەك دەبێت؟
- ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی نەگەڕانەوە دەستەیەكی نوێ بە ڕێككەوتنی سیاسی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری دەكرێت، كە ئەو دوو لایەنە پێشتر داوایان ئەوە بوو كە پەرلەمانی كوردستان بە بێ مەرج كارا بكرێتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی كوردستان رایگەیاند، كە بەبێ مەرج ئامادەیە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ نەهاتنە پێشەوە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوودا نەهێنە پێشەوە ئەوا دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەست نیشان دەكرێت.
* تا ئێستا هەڵوێستی وڵاتان چۆن دەبینی لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان؟
- هەرێمی كوردستان كە رایگەیاندووە 25/9 ریفراندۆم ئەنجام دەدات، بە پێی دەستووری عێراق، مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە كە ریفراندۆم ئەنجام بدات، كە دەیەوێت سەربەخۆ بێت، یان لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، هەر چەندە فشارێكی زۆرمان لەسەرە، بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان لە هەموو ئیرادە و فشارێك گەورەترە، بۆیە رۆژی 25/9 رۆژێكی یەكلاكەرەوە دەبێت و خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات".