Share on facebook
عەمید هەلگورد حیكمەت: هاوكارییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
شەممە, 23 ئەیلول 2017 13:14

ZKW: ئامادەكردن- ڕائیب شێروانی - عەمید هەلگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە چاوپێكەوتنێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا دەڵێ" هاوكاری هاوپەیمانان تا ئێستا زۆر باشە و بەردەوامیش دەبێت، داواكاریشمان لە ئەوان ئەوە بووە كە پلانی باشتریان هەبێت بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لە نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە، پلانێكی گشتگیرە، هەموو هێزی پێشمەرگە بە پێی ئەو پلانە مەشق و ڕاهێنان ئەنجام دەدات.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە دیاركرد" بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە پێكهاتووە، ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ماوەیەك پێش ئێستا داخلی دەورەیەك كرا، خولێكی بینی، بۆ ئەوەی كە ئامادە بكرێت و بتوانێ لەسەر سێكتەرەكانی وەزارەت پرۆژەی چاكسازی كار بكات و بخاتە بەردەستی سەرووتری خۆی بۆ ئەوەی بڕیاری لێ بدرێت، دیارە ئەم دائێرەیە میكانزمی چاكسازی ئامادە دەكات، دواتر بە فلتەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، دوای بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆك بارزانی، دواتر فەرمانێكی وەزاریی پێ دەردەچێت، پلانی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی سەقفەكەی سێ ساڵە، واتە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەت ڕێك دەخرێنەوە.
عەمید هەڵگورد حیكمەت، زیاتر گوتی" بە هیچ شێوەیەك هەتا ئێستا هێزی پێشمەرگە لە رووی ماددیەوە، هەتا لە هەموو ڕووێكەوە وەكو بەشێك لە مەنزوومیەی عێراقی حسابی بۆ نەكراوە، هاوكاری هاوپەیمانان تا ئێستا زۆر باشە و  بەردەوامیش دەبێت، داواكاریشمان لە ئەوان ئەوە بووە كە پلانی باشتریان هەبێت بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، پلانێكی گشتگیرە، هەموو هێزی پێشمەرگە بە پێی ئەو پلانە دەبێت مەشق و ڕاهێنان بكات، بەم  شێوەیە لە یەكەم یەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەست پێ دەكرێت، تا كۆتا دوا یەكەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، واتە هەموو یەكەكان یەكدەگرنەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا" ئەگەر دوای ریفراندۆمیش مەترسیەك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دروست ببێت، ئێمە دڵنیای دەدەینە خەڵكی خۆمان پێشمەرگە سەرەڕای نەبوونی چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی توانی لە سێ ساڵی رابردوودا بەرگریكارێكی زۆر باش بێت، نەك هەر لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەو ناوچانەشی كە سوپای عێراق و هێزە عێراقییەكان نەیتوانی بەرگری لێ بكەن، بۆیە لە ئایندەی كوردستانیش خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە باشتر لە جاران، وجوودی دەبێت لە پاراستنی گیانی كوردستانییان، لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش بۆ سەربەخۆیی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە كە لەژێر چەتری پاراستنی هێزی پێشمەرگەدان ناوچەكانیان پارێزراو دەبن.
لە كۆتاییدا عەمید هەلگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێ" بۆ هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان پلانێك هەیە كە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پارچە زەوییان پێ بدرێت، ئەم پلانە لە ساڵانی رابردوو لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئامادەكاری لەسەر كراوە، هەندێك فیلتەری حكوومیشی تێپەڕاندووە، دیارە حكوومەت بۆ دەرفەتێكی گونجاو دەگەڕێ، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو پلانەی كە لەبەر دەستە سەبارەت بە سەركردنەوەی پێشمەرگەی كوردستان، یان خەلاتكردنی بە پارچە زەوییەك لەلایەن حكوومەتەوە لە نزیكترین كاتدا بڕیاری لێ بدات".