Share on facebook
شۆڕش حەسەن: هەموو ئامادەكارییەكان بۆ ریفراندۆم تەواو بوونە و بەیانی كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری دەكات
شەممە, 23 ئەیلول 2017 13:16

ZKW: دیدار- ڕائیب شێروانی- شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، هەموو ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی ریفراندۆم تەواو بوونە و بەیانی كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری دەكات. ڕوونیشیكردەوە" بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە تا ئێستا 14 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی و زیاتر لە 100 دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار كردووە و چاودێری پرۆسەكە دەكەن.
شۆڕش حەسەن،  ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی ریفراندۆم تەواو بوونە، كارتی دەنگدان و سندوقی دەنگدان و هەموو پێداویستییەكان دابین كراون، تەنانەت فۆرمی دەنگدانیش تەواو بووە، تەنیا ماوە بگەینە 25/9 و پرۆسەكە بەڕێوەبچێت، بۆیە ئێمە وەكو كۆمیسیۆن ئامادەینە بۆ بەیانی بۆ ئەوەی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوەببەین، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش كۆمیسیۆن ئۆفیسی كردۆتەوە، فەرمانگەی كردۆتەوە و خەڵكی دامەزراندووە، ئیش و كارەكانی خۆی كردووە،  ئەگەر هیچ كێشەیەك نەهێتە پێشەوە لەو ناوچانەش وەكو هەموو شوێنەكانی دیكەی كوردستان بەیانی ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان زیاتر گوتی" بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە تا ئێستا 14 تیمی چاودێری نێودەوڵەتی ناوی خۆیان تۆمار كردووە، هەروەها لەگەڵ نزیكەی 70 تیمی چاودێری ناوخۆیی، هەروەها زیاتر لە 60 دەزگای راگەیاندنی ناوخۆیی و زیاتر لە 100 دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتی تا ئێستا ناوی خۆیان تۆمار كردووە، لەگەڵ 11 قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمار كردووە و بریكاریان دەبێت لەسەر سندوقەكان بۆ چاودێری  كردنی پرۆسەكە، هەر كەس و لایەنێكیش خۆی تۆمار نەكردبێت و باجی نەبێت ناتوانێت چاودێری پرۆسەكە بكات، چونكە بەبێ باج ناتوانێ بچێتە هیچ بنكەیەكی دەنگدان و چاودێری پرۆسەكە بكات، بەڵام دەرفەت ماوە تا ئەمڕۆ یەكشەممە لایەنە سیاسیەكان و چاودێران و دەزگاكانی راگەیاندن دەرفەتیان ماوە خۆیان تۆمار بكەن و چاودێری پرۆسەكە بكەن.
سەبارەت بەوەی تا چەند گرنگە دەزگاكانی راگەیاندن و چاودێرانی نێودەوڵەتی رووماڵی پرۆسەكە بكەن، شۆڕش حەسەن، دیاركرد" چەند رێكخراوی نێودەوڵەتی بەشدار بن لە پرۆسەكە ئەوەندە گرنگی خۆی دەبێت، چونكە دەمانەوێت پرۆسەكە پێوەری نێودەوڵەتی تێدا بەرجەستە بێت، شەفاف بێت، هەروەها چەند دەزگای راگەیاندنیش بەشداری بكەن بۆ كۆمیسیۆن گرنگە، چونكە پرۆسەكە شەفاف تر دەبێت و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە 25 قەوارەی سیاسیی خۆیان تۆماركردووە، بەڵام پەسەندكردنیان ماوە  و تا 28ی مانگیش دەرفەت لەبەردەم لایەنەكان ماوە كە خۆیان تۆمار بكەن، بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش جارێ پرۆسەكە وەستاوە، لە 1/10 دووبارە پرۆسەكە دەست پێ دەكاتەوە و ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن لەو كاتە بە دواوە دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن.
شۆڕش حەسەن، دەشڵێ" لە دەنگدانی ئەلیكترۆنی ئێمە گرفتمان هەبوو، لەسەر داوای زۆرێك لە كوردانی تاراوگە و لەسەر داوای سەرۆكایەتی هەرێم، لە رێگەی حكوومەتی هەرێمەوە داوا كرا كە كوردانی تاراوگە بەشداری بكەن لە ریفراندۆم، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیاریدا رەگەزنامەی عێراقی بكرێتە پێوەر بۆ دەنگدان، چونكە هەموو كوردانی تاراوگە فۆرمی خۆراكیان نیە و ئێستا خۆشبەختانە ئەو كۆمپانیایە دەستی بە كارەكانی كردووە و لە رۆژانی 23 و 24 و 25ی ئەیلوول كوردانی تاراوگە هەم دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن، هەمیش راستەوخۆ دەنگ بدەن.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد" لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان 2062 بنكەی دەنگدانمان هەیە، كە 12 هەزار و 72 وێستگەی دەنگدانی تێدایە، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیاریدا دەنگدانی تایبەت و گشتی لە یەك رۆژدا بە یەكەوە ئەنجام بدرێت، واتە هەردووكیان بەیانی پێكەوە دەكرێن، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر باشە".