Share on facebook
بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق هەنگاوەكانی كورد بۆ سەربەخۆیی خێراتر دەكات
یەک شەممە, 01 تشرینی یەکەم 2017 18:24

ZKW: د. عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا دەڵێ" ئەم هەفتەیە فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی یەكگرتوومان هەبێت بەرامبەر بە بڕیارەكانی بەغدا، چونكە ئەو بڕیارانەی لە بەغدا دراون دژی خەڵكی كوردستان، بڕیاری نادەستووری و نایاسایین و، نابێت ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیارێك بدات كە كورد تێدا بەشدار نەبێت. ڕوونیشیكردەوە" ئێمە دوو شتمان لەبەر دەستە لەگەڵ بەغدا بیكەین یان دەبێت ببین بە وڵاتێكی سەربەخۆ و هیچ پەیوەندیەكمان بە عێراقەوە نەمێنێت، یان ببین بە وڵاتێكی سەربەخۆ، بەڵام لەگەڵ عێراق پەیوەندیمان هەبێت كە پێی دەڵێن، كۆن فیدڕالیەت.
د. عەرەفات كەرەم، گوتی"پاش ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو بڕیارانەی دا، بەتایبەتی دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقمان كردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو بایكۆتە، چاوەڕوانی ئەوەین ئەم هەفتەیە وەكو فراكسیۆنەكانی كوردستان كۆبینەوە، بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی یەكگرتوومان هەبێت بەرامبەر بە بڕیارەكانی بەغدا، چونكە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر بایكۆت كردن، ئەو بڕیارانەی بەغداش داویانە دژی خەڵكی كوردستان، بڕیاری نادەستووری و نایاسایین و، نابێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێك بدات كە كورد تێدا بەشدار نەبێت، ئەو ئەنجوومەنی نوێنەرانەی ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نییە، پەرلەمانێكی عەرەبیە، بڕیار دژی خەڵكی كوردستان دەدات و خەڵكی كوردستانی تێدا نیە كە 65 پەرلەمانتار نوێنەرایەتی زیاتر لە 5 ملیۆن كەس دەكەن.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێ"بەغدا دەبێت بڵێ ئێمە بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر دەكەین، نەك بە زمانی هەڕەشە، دەبێت ئێمە مەرحەلەیەكی نوێ دەست پێ بكەین، چونكە ئەو بڕیارە نەك بڕیارێكی كەسێك و لایەنێكە، بەڵكو زیاتر لە 92% خەڵكی كوردستان دەڵێن، ئێمە بەغدامان ناوێت، ئەگەر ئێمە بەپێی یاسا بجووڵێینەوە دەبێت ڕاستەوخۆ ئێمە ئەو ریفراندۆمە جێبەجێ بكەین، رۆژێك دیاری بكەین بۆ ئەوەی دەوڵەتی خۆمان رابگەینین، بەڵام ئێمە گوتمان ئامادەین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەین و كێشەكان چارەسەر بكەین و مەرحەلەیەكی نوێ دەست پێ بكەین.
عەرەفات، زیاتر گوتی "ئێمە دوو شتمان لەبەر دەستە لەگەڵ بەغدا بیكەین یان دەبێت ببین بە وڵاتێكی سەربەخۆ و هیچ پەیوەندیەكمان بە عێراقەوە نەمێنێت، یان ببین بە وڵاتێكی سەربەخۆ، بەڵام لەگەڵ عێراق پەیوەندیمان هەبێت كە پێی دەڵێن، كۆن فیدڕالیەت، چونكە كۆنفیدڕالیەت هەر دوو دەوڵەتی سەربەخۆنە، تەنیا هەندێك پەیوەندی لە هەندێك بواری دیاریكراودا دەبن، ئەوەش لە مێژوودا هەبووە لە سەردەمی خۆی لە نێوان عێراق و ئۆردن كۆنفیدڕالیەت هەبوو، لە هەندێك وڵاتی دیكەش هەبوو، بۆیە دەبێت ئەوان دوو ئۆبشن بدەنە ئێمە یان كۆنفیدڕالیەت، یان ببین بە وڵاتێكی سەربەخۆ.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد" ئێمە وەكو كورد بەشداری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نابین و دانیشتنەكانی پەرلەمانمان بایكۆت كردووە، ئەو بڕیارانە نایاسایی و نا دەستوورینە، بڕیاری سیاسینە دژی هەرێمی كوردستان، چونكە هەر بڕیارێك لە پەرلەمان دەربچێت دەبێت تەوافق بێت، ئەو هەموو بڕیارانەی كە بە تەنیا دراون، بە پێی دەستوور هاتوونە عێراق ناتوانێت بە تەنیا ئەو بڕیارانە بدات، بەڵكو دەبێت بە گفتوگۆ و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدات، بۆیە هەموو ئەو بڕیارانە دژی یاسا و دەستوورن، هەر بۆیە جێبەجێ ناكرێن، ئەو بڕیارانە وەكو شەڕێكی سایكۆلۆجی و دەروونی لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئێمە وەكو كوردیش بەردەوام دەبین لە بایكۆت كردن، هەر لەبەر ئەوە ئەو بڕیارانە چەند ئەگەرێكیان لە پشتە، ئەو هەموو فشارەی لەسەر حەیدەر عەبادی، دەبێت ئەو هەڵوێستانە وەربگرێت، چونكە ئەو سەركەوتنانەی ئەو هێناویەتی لە دژی داعش ئەگەر هەڵوێستێكی لەو شێوەیە دژی هەرێمی كوردستان نەدات، ئەو سەركەوتنانەی بە دەست هێناوە لەناو خەڵك هیچ بەهایەكی نابێت، ئەویش بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پێویستی بە دەنگی خەڵك هەیە، مالیكیش هەوڵدەدات سەركەوتنەكانی عەبادی ناشرین بكات و بڵێت، عەبادی نەیتوانیوە یەك پارچەیی خاكی عێراق بپارێزێت، ئەوە شەڕێكی ناوخۆییە لە نێوان شیعەكان، هەڵبژاردن نزیك بووتەوە، هەڵوێستی عێراق و وڵاتانی وەكو توركیا و ئێران هەر پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، تاكو جەماوەر ڕازی بكەن، چونكە زۆرجار شیعە دەڵێن، سونە بە درێژایی مێژوو حوكمی عێراقیان كردووە، عێراق دابەش نەبووە، ئێمە ئەوە چواردە ساڵە حوكم دەكەین بۆیە نابێت لەسەردەمی ئێمە عێراق دابەش ببێت، هەر لەبەر ئەوە ئەو بڕیارانە شەڕێكی نەفسینە و هیچ كاریگەریان نابێت، جارێكی دیكە دەڵێم، ئەو بڕیارانە نادەستوورینن، بۆیە ناگەنە هەرێمی كوردستان، چونكە هەر بڕیارێك بەغدا بدات، دەبێت بە تەنسیق لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت، چونكە ئێمە پارێزگایەك نین، بەڵكو ئێمە هەرێمین، ئەگەر ئەو بڕیارانە بۆ بەسرا یان بۆ هەر پارێزگایەكی دیكە درابانە ڕەنگە جێبەجێ كرابانە، بەڵام ئێمە هەرێمین دەسەڵاتەكان دابەش كراون، بەغدا ناتوانێت ئەو بڕیارانە بدات و جێبەجێ بكات، ئێمە ماددەی دەستوورییمان هەیە كە هەر بڕیارێك بدات دەبێت بە تەنسیق بێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەسەر سنوورەكان و فڕۆكەخانەكان، بۆیە ئەو بڕیارانە دژی دەستوورن.
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم كە لایەنە عێراقییەكان داوا دەكەن د. كەرەم، دیار كرد" من ڕازیم ریفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، بەس چۆن كاتێكی دیكە بۆ خەڵكی كوردستان دیاری بكرێت و بڵێن وەرن دەنگ بدەن ئەو ریفراندۆمەی ئێوە كردووتانە هەڵبوەشێتەوە، من لەو باوەڕەدام خەڵك ئەوجارە نەك 92% بەڵكو 98% بەشدار دەبن، چونكە بەو بڕیارانەی لە عێراق دراون زیاتر خەڵكیان هانداوە كە دەوڵەتی كوردستان ڕابگەینرێت، بۆیە ئەوەی كە بەشدار نەبووە خۆزگە دەخوازێت كە بەشدار بووایە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی دركاند" ئەو فەرمانبەرانەی لە بەغدا و لە ناوچەكانی دیكە مووچە لە بەغدا وەردەگرن، دەركردنی ئەوان نایاساییە، چونكە ئەوان هیچ تاوانێكیان ئەنجام نەداوە، بەس ڕای خۆیان دەربڕیوە، ئەوەی تایبەت بێت بە ئێمە بایكۆتمان كردووە، هەر هەوڵێك بۆ لادانی فەرمانبەران لە دەسەڵاتی ئەوانەدایە، بەڵام ئەوەی پەرلەمانتاران كەس ناتوانێت ئەوە بكات، چونكە ئێمە فەرمانبەری بەغدا نین، بەڵكو گەلی ئێمە ئەو متمانەیان بە ئێمە داوە، هەر پەرلەمانتارێكیش دەنگی خۆی بە بەڵێ نەدابێت ئەو خیانەتی لە گەلەكەی كردووە، چونكە میللەتەكەی دەنگی خۆی داوە بە تۆ ئەو دەنگی خۆیان داوە، بۆیە نابێت ئەوان دەنگ بدەن، تۆ دەنگ نەدەیی، بەڵكو دەبێت ئێمە پێش گەلی خۆمان دەنگی خۆمان بدەین، چونكە میللەتی ئێمە دەنگیان بە ئێمە داوە، بۆیە دەبێت رێز لە میللەتەكەی خۆمان بگرین.
سەبارەت بەوەی تا چەند بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق هەنگاوەكانی كورد بۆ سەربەخۆیی خێراتر دەكات؟ د. عەرەفات، رایگەیاند" هەموو جیهان داوا دەكات گفتوگۆ هەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا، تەنیا عێراق و توركیا و ئێران داوا دەكەن دەبێت ریفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، هەر وەكو پێشتر گوتم، كاتێك ریفراندۆم هەڵدەوەشێتەوە ئەگەر ریفراندۆمێكی دیكە ئەنجام بدەین، ئەوەش هەر لە بەرژەوەندی ئەواندا نیە، هەر لەبەر ئەوە دەبێت هەر گفتوگۆ بكەین، ئەگەر هاتوو ئەوان هەر لەسەر قسەی خۆیان بوون و ئامادەنەبوون گفتوگۆ بكەن، دەبێت سەركردایەتی كورد ڕۆژێك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دیاری بكات.
د. عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا" سەركردایەتی كورد هەڵوێستیان زۆر جوانە، پێویستە هەڵوێستی ئێمە نەرم بێت، چونكە ئێمە سەركەوتین، ئەوان هەست بە برینداری دەكەن، كە ئێمە ئەوانمان ئێشاندووە، هەر چەندە ئەوە مافی ئێمەیە و پرۆسەیەكی دیموكراسیمان ئەنجام داوە و هیچ تاوانێكمان ئەنجام نەداوە، پێویستە سەركردایەتی كورد بەردەوام باس لە گفتوگۆ و دانیشتن بكات، هیچ هەڵوێستێكی دیكەمان نەبێت، چونكە ئێمە بە شێوازێكی مەدەنیانە بڕیاری خۆمان داوە، خەڵكی ئێمە بە شێوازێكی مەدەنی و دیموكراسی دەنگی خۆیان داوە، پێویستە ئێمە لەسەر ئەو هەڵوێستە داوای گفتوگۆ بكەین، تاكو ئەگەر ئێمە زانیومان هیچ چارەسەرێك نیە و ئەوان هەر بەردەوام دەبن لەسەر بڕیارەكانی خۆیان، پێویستە ئەو كاتە سەركردایەتی كورد رۆژێك دیاری بكات بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، چونكە نابێت خەڵكی ئێمە تا هەتا هەتایە چاوەڕوانی ئەوە بكات كوردستان ببێتە وڵات، بەڵكو دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت.
سەبارەت بەوەی پێتوایە سەركەوتنی ریفراندۆم وڵاتان ناچار بكات ددانی پێدا بنێن، د. عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی" یەكەم هەنگاو كە ئێمە كردمانە ڕاستی سەركەوتنی ریفراندۆم بوو، ئەو ریفراندۆمە بە سەركەوتن و ئاشتی و مەدەنی و دەنگێكی باش كۆتایی هات، لەو باوەڕەدام رۆژ بۆ رۆژ هەڵوێستی وڵاتان دەگۆڕێت، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا هەڵوێستی زۆر باش بوو، هەڵوێستی هەندێك لە وڵاتە عەرەبیەكان وەكو سعودیە و ئیمارات باش بوو، هەڵوێستی فیلەندا باش بوو، بەرە بەرە هەڵوێستی ئەوانی دیكەش دەگۆڕێت، ئەوان كاتێك دەڵێن، دەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ هەبێت، ئەوە ددان پێدانانە بەو ریفراندۆمە، هەر وڵاتێك كاتێك داوای گفتوگۆ دەكات لە نێوان ئێمە و بەغدا، ئەوە ئیعتراف كردنە بە ریفراندۆم، چونكە نەیان گوتووە دەبێت ریفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، بۆیە رۆژ بۆ رۆژ هەڵوێستی ئەوان دەگۆڕێت، باشترین سەركەوتنی ئێمە ئەوەیە ئێمە دەنگێكی باشمان هێناوە، چاودێرانی بیانی سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیان كردووە و بە سەركەوتووی لە قەلەمیان داوە، لەگەڵ ئەوەش نەك تەنیا خەڵكی كوردستان دەنگی داوە، بەڵكو عەرەب، توركمان و پێكهاتەكانی دیكە دەنگی خۆیان داوە، بۆیە پرۆسەیەكی دیموكراسی و سەركەوتوو بوو".