Share on facebook
ئازاد تۆفیق : وڵاتان سزای گەلێك نادەن لەسەر ریفراندۆم
یەک شەممە, 01 تشرینی یەکەم 2017 18:26

ZKW: ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ" دەركەوت كە ئێمە لە ساڵی 2003 بە دواوە، لەگەڵ عەقلیەتێكی نەخۆش و تایفیدا دەژین، ئافرەین بۆ ئیرادەی گەلی كوردستان كە بڕیاری ریفراندۆمی دا، ئەو بڕیارانەی لە بەغدا دراون دژ بە گەلی كوردستان، زیاتر نزیكترمان دەخاتەوە لە سەربەخۆیی. ڕوونیشیكردەوە" دەبێت هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو و یەكڕیز بن و وتارێكی یەكگرتوویان هەبێت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەموو ئەو كێشانە ببنەوە كە ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبنەوە.
ئازاد تۆفیق، ڕوونیكردەوە" پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانێكی شۆفینی، تائیفییە، ئەو پەرلەمانتارانە لەژێر پەردەی تائیفی و پەردەی مەرجعی ئاینیی خۆیان شاردۆتەوە، چەندین ساڵ خەبات و لەیەك سەنگەردا هاوكاری ئەوانمان كردووە تا گەیشتن بەو رۆژە، ئێستاش دژی گەلی كورد وەستاونەتەوە، بەڵام دەبێت ئیرادەی گەلی كورد سەبر و تەحەمولی هەبێت، دەبێت هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان یەك بن و یەكڕیزی خۆیان بپارێزن و وتارێكی یەكگرتوویان هەبێت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەموو ئەو كێشانە ببنەوە كە ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبنەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانە پێموانیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاسانی لێ بگەڕێ ئەو بڕیارانە بەسەر كوردستاندا جێبەجێ بكرێن.
ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا" بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق سەلماندی كە بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بڕیارێكی ڕاست بووە، ریفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسیە و تۆ ڕای گەلی خۆت وەردەگری، ئەوە كەتەلۆنیا ریفراندۆم دەكات، بەریتانیا وڵاتێكی دیموكراسییە، گەلی سكۆتلەندا ریفراندۆمی ئەنجام دا، ئێستا لە بچووكترین هەنگاودا دەركەوت كە عێراق ئازادیخواز و دیموكراسی خواز نیە، دەركەوت كە ئێمە لە ساڵی 2003 بە دواوە، لەگەڵ عەقلیەتی نەخۆش و تایفیدا دەژین، ئافرەین بۆ ئیرادەی گەلی كوردستان كە بڕیاری ریفراندۆمی دا.
سەبارەت بەوەی كە بەغدا داوای كردووە دەبێت ریفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، ئەو كات ئامادەین دانوستاندن لەگەڵ سەركردایەتی كورد بكەین، ئازاد تۆفیق، دیار كرد" سەركردایەتی كورد دەبێت بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكات، دەبێت بەردەوام هەوڵی گفتوگۆ بدات، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهان، هەتا ئەگەر كورد لە دەرگاوە دەركرا، دەبێت لە پەنجەرەوە بچێتە ژوورەوە، چونكە تەنیا دیالۆكی نەرم و هێمنانە دەمان گەینێتە سەربەخۆیی، مەرج لە هیچ كەس و لایەنێك قبووڵ ناكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم، چونكە گەلی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمی داوە و گەلی كوردستانیش ئەو بڕیارە هەڵناوەشێنێتەوە، چونكە ریفراندۆم هی حزب و لایەنێك نیە، بەڵكو هی هەموو خەڵكی كوردستانە، بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانەوە.
ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیاركرد" ئەو بڕیارانەی لە بەغدا دراون دژ بە گەلی كوردستان، زیاتر نزیكترمان دەخاتەوە لە سەربەخۆیی، دەبێت هەرێمی كوردستان زیاتر لە ئێستا یەكگرتوو بێت، ناوماڵمان ئاشتەوایەكی تەواوی پێوە دیار بێت، وا بكەین گۆڕان و كۆمەڵیش بێنەوە ناو پەرلەمان، هەموومان بە یەك دەنگ و یەكڕیز و وتارێكی یەكگرتوومان هەبێت بەرامبەر بە هەر هەڕەشەیەك، ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناكرێن، ئەگەر جێبەجێش بكرێن، جێبەجێ كردنەكەی بە كاڵی بەسەر كوردستاندا دەڕوات.
ئازاد تۆفیق، رایگەیاند" وڵاتان سزای گەلێك نادەن لەسەر ریفراندۆم، وڵاتان واتە ئەوروپا، غەرب، غەرب وڵاتانی ئازاد و دیموكراسین هەموویان بە نەهامەتیدا تێپەڕیون، هیچ وڵاتێكی غەربی ئامادەنیە گەلێك لەسەر ئەوەی هەستاوە بە دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین سزا بدات، ئەمە لە كلتوری شەڕقە، ئەمە لە كلتوری غەربدا نییە".