Share on facebook
چاودێران:تا فشارەكان زیاتر بن... كوردستان لە دەوڵەت نزیكتر دەبێتەوە
یەک شەممە, 01 تشرینی یەکەم 2017 18:34

ZKW: هەژار حەكیم: پێشبینییەكانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەشێك لە چاودێرانی سیاسی و ئابووری ناوخۆیی و بیانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە مەترسیەكە كۆتایی هاتووە و هیچ وڵاتێكیش ئابلوقەی ئابووری ناخاتە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە لە هەر ئەگەرێكی لەمجۆرە وڵاتانی دراوسێ بەپلەی یەكەم زەرەرمەند دەبن.
لە لایەكی دیكەوە حكومەتی عێراق پەرلەمانی سەرپشك كرد و بۆ ئەمەیش چەند بڕیارێكی دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، هەر جۆرە گفتگۆیەكیشی لە بارەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان رەتكردۆتەوە، هاوكات بۆ ماوەیەكی كاتیش بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی خستۆتە واری جێبەجێكردنەوە، بەڵام سەركردایەتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە هەموو كێشەكان لە رێگای دیالۆگ و دانوستاندن بێنە چارەسەر كردن.
سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێش ئەوا تا ئێستا هەریەكەیان بە شێوەیەك پێشنیاز دەخەنەڕوو لە ئەگەری سزادان یان هەر هەڵوێستێك. هەرچی پەیوەندی بە وڵاتانی جیهانیشەوە هەبێ، ئەوا بەشێك لە دەوڵەتان هەڵوێست و گوتاری فەرمی دەوڵەتەكەی خۆیان لە بەرامبەر خواستی گەلی كوردستان روون كردۆتەوە یان هەڵوێستی گۆڕیوە.لە دوایین كاردانەوەی حكوومەتی توركیاشدا هاتووە كە بڕیاروایە سەرۆك كۆماری توركیا بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەردانی تاران بكات.
لە دوا پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشدا بەڕێز مەسعود بارزانی رایگەیاند كە "بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو دەمەوێت بۆ ئێوە و رای گشتی روون بكەمەوە، ریفراندۆم هەنگاوی یەكەمە كە گەلی كوردستان گوزارشت لە رای خۆی دەكات، پرۆسەیەكی درێژخایەنە و دوای ئەو دەست پێدەكات، دەمانەوێت گفتوگۆیەكی كراوە دوای ئەوە لەگەڵ بەغدا دەست پێبكەین، ئەو وادەی پێویست بێت ئامادەین ساڵێك یان دوو ساڵ و ئەگەر گفتوگۆكە رێكوپێك بێت، بەڵام دەبێت گفتوگۆكە بۆ ئەوە بێت كە چۆن دەبینە دوو دراوسێی باش لەگەڵ یەكتر".
مامۆستایەكی زانكۆ پێیوایە كە تا دێت فشارەكانی سەر حكوومەتی ناوەند بەهێزتر دەبن و كارتەكانی دەست كورد بەهێزترن و جیهانیش ئەم مافە رەوایەی گەلی كوردستانی لەبەرچاوە، بەڵام هەندێ ئەگەر هەن وا جەكات جیهان بە ئاشكرا و فەرمیی نەتوانن دان بنێن بە سەركەوتنە مەزنەكەی گەلی باشووری كوردستان.
سەلاح عەلی شارەزا لە بواری زانستیە سیاسیەكان بۆ زاری كرمانجی گوتی: ئەمڕۆ  یان سبەی بە فەرمی دان بەو ئیرادە خۆڕسكەی گەلی كورد دەنرێ تەنانەت ناچارن بەوە، هەروەها دەڵێت: كورد زۆر ژیرانە بڕیاری خۆیدا و لەو بڕوایەدان هیچ كاتێك بە قەد ئەمڕۆ كورد بڕیاری وا درووست و لە جێی خۆی نەدابێ. راشیگەیاند عێراق لە بەرامبەر ئێمە دۆڕاوە و هیچ بژاردەیەكی لە بەردەمدا نەماوە، تەنها رێگای سەربازی ماوە، كە ناتوانێ ئەمەش بكات، چونكە لە لایەك پێشمەرگە بەهێزترینە، لە لایەكی دیكەوە هاوپەیمانان رێگە بەو ئەگەرە نادەن. ئەم پسپۆڕە پێیوایە ئیدی دەوڵەتی كوردستان درووست بووە و پێویست بە راگەیاندنی ناكات.
هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی عەلی عەونی لەبارەی دەوڵەت و بۆچوونە دژەكانی بەردەم پرۆسەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەوانەی پێمان دەڵێن دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكە، ئەوانە دەیانەوێت دونیا وا تێبگەیەنن كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شامی شەریفە. سێ نەتەوەی ئارام هەن كە تورك و عەرەب و فارسن. دە نەتەوە و چەندین ئایین و ئایینزا هەن كە لەو پەڕی كارەساتدا دەژین. ئارامیی ئەم نەتەوە سەردەستانە لەسەر حیسابی نائارامی و كارەساتی گەلانی دیكەدایە. دەوڵەمەندی و تێر بوونیان لەسەر حیسابی برسیكردن و هەژار كردنی گەلی كوردستان و نەتەوەكانی دیكەدایە.
بەرپرسەكەی پارتی زیاتر دەڵێت"سەقامگیری و ئارامی ڕاستەقینە بەوە دێتە دی كە نەك گەلی كوردستان، بەڵكو گەلانی دیكەش ئازادی خۆیان بە دەست بێنن، هەموو ئایینەكان ئازاد بن. بە پێچەوانەوە سەربەخۆیی كوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیری زیاتری ناوچەكە".
ترسی وڵاتانی هاوسێ ئەوەیە كە هەستە نەتەوەییەكەی باشووری كوردستان پەل بهاوێژێ بۆ بەشەكانی دیكە و یەرهەڵدانی كوردانی رۆژهەڵات و باكوور بەدوادا بێت.
دكتۆر نیاز لاجانی پسپۆڕی راگەیاندن لە بارەی دەنگە نەخێر و دژەكان لە باشوور لە بەرامبەر پرۆسەی ریفراندۆم و هەڵوێست و ئاهەنگەكانی خەڵكی رۆژهەڵات دەڵێت" ئەو خۆپێشاندانە خۆشییانەی كە لە شارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بەرێوە چوو بۆ پشتگیری لە رێفراندۆمی باشوور، هەڵوێستێكی زۆر كوردانە و جوامێرانە بوو، ئاخر بە قسە خۆشە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێكی ئاوا ئیستبدادی و ترسناكدا كاری لەم جۆرە بكرێ... هەرچی كوردی زۆڵی باشوور هەیە كە دژی ریفراندۆم بون، یان ئەوانەی كە دوێنێ دەنگیان بە (نەخیر)دا یان بەشداریان نەكرد، رەبی بە قوربانی تاك تاكی ئەم شێرە كچ و پیاوانەی رۆژهەڵات بن.
یەكێك لەو فشارە ستراتیژیانەی كە لە ماویەكی نزیكدا بەرامبەر بەغداد بەكاردێ داواكاریی سونەكانە بۆ ئەوەی ناوچەیەكی جیا لە ناوچە شیعە نشینەكان پێكبهێننەوە و چەكدارانی حەشد و سوپای عێراق لە ناوچەكنیان دەربكرێن.
ئەوەش دوای ئەوە هات كاتێك لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، كۆنگرەی هۆزە عەرەبییەكانی عێراق بەرێوەچوو و لە بەیاننامەیەكدا دژی هەموو بریارانەی پەرلەمانی عێراق وەستانەوە كە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەریانكردووەو بە "كارەسات" ناوی دەبەن. لە كۆنگرەكەدا كە هۆزە عەرەبییە سوننە مەزهەبەكانی 6 پارێزگای عێراق بە گشتی و ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەتی بەشداربوون و بۆ میدیاكان دووان، هەڵوێستی خۆیان لەسەر بارودۆخی نوێی كوردستان و رەوشی حوكمڕانی لەعێراق خستەڕوو و دژی ئەو بریارانە وەستانەوە كە لە پەرلەمانی عێراقەوە دژی كوردستان دەركراون. پاڵپشتی سوونەكان بۆ هەرێم شەرعیەتدانی زیاتر بە پرۆسەكە و خواستی هەرێمی كوردستان دەدا.
لێرەدا هەڵوێستی چەند كەس و وڵاتێك لەسەر ئەم بابەتە دەخەینەڕوو:
وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی فەرەنسا، (بێرنارد كۆشنەر) دەڵێت، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی ببێت بە دەوڵەت.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا : وڵاتەكەی رێز لە خواستی كورد دەگرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، بەڵام پێشیوایە پێویستە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، نەك تاكلایەنە سەربەخۆیی رابگەیێندریت.
ستیڤ كینگ، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا دەڵێت "كوردەكانی عێراق ئەو پرسیارەیان لێكرا كە ئایا دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق كۆتایی پێ بهێنن و ببنە دەوڵەتێكی سەربەخۆ. ئومێدەوارم ئەوان سوودیان لەم دەرفەتە مێژووییە بۆ بڕیاردان لە سەر مافی چارەی خۆنووسین وەرگرتبێت".
خالید جارەڵا جێگری وەزیری دەرەوەی كوەیت رەتیكردەوە وڵاتەكەی هیچ رێوشوێنێك لە دژی هەرێمی كوردستان بگرێتەبەر.
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە پێوەندییەكانی بە سیاسەتوان سەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
لە نوێترین لێدوانی گوتەبێژی پنتاگۆندا ئەدریان رانكین "پنتاگۆن رێگە نادات هیچ مەترسییەكی سەربازی بكەوێتە سەر كوردستان"
هەروەها چەند دەوڵەتێكی دیكەش هەن كە هاوڕان لەگەڵ خواستی گەلی كوردستان، بەڵام سیاسەتەكەیان وایە كە ناخیان دەرناخەن و بە ئاشكرا پشتگیری لە هەرێمی كوردستان ناكەن.