Share on facebook
ئەوانەی دەربەدەری و ئازاریان بەدەست رژێمەكانی عیراق و وڵاتانی تر بینیوە زیاتر لە واتای سەربەخۆبوون و ئازادی تێدەگەن
یەک شەممە, 01 تشرینی یەکەم 2017 19:44

ZKW: محەمەد هەسنانی : گەوهەر حالی مەلا: ئافرەتێكی كوردپەروەر لە ماوەی بانگەشی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان، زیاتر لە مانگێك رووی كردە سەكۆیی سەربەخۆیی سۆران و بەشداری لە ئاهەنگ و كەڕنەڤاڵەكان كرد، بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و دروشمی بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا دەڵێت، ئەم هەموو ئازارو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورد هاتوون، بەسن بۆ ئەوەی مرۆڤ هۆشیاربێتەوە و ئینتیمایی سەربەخۆیی لەسەرووی هەموو شتێكەوە بێت.
گەوهەر حالی مەلا، ناسراو بە سووركان مەلا لەناو خەڵكی سۆران، بە زاری كرمانجی گوت" لە ساڵی 1975 ئاوەرەی وڵاتی ئێران بووم، تا تەمەنی 15 ساڵی چاوم بە باوكم نەكەوت، بەهۆی ئەوەی باوكم لە باشوور خەباتی دەكرد، لە وڵاتی ئێران تووشی چەندین دەردەسەری نەهامەتی بوین، هەر لەم ناوەندەدا كوڕێكم لە دەستدا، لە دەستدانێك زۆر لە چیڕۆكی ئاڵانی كوردی كاریگەرتربوو، چونكە لاشەی كوڕەكەم ببووە بە دوو پارچە،  بەدەستەكانم پارچەكانی لاشەی كوڕەكەم هەڵگرد، كاتێك لەدادگا سكاڵام لەسەر ئەو كەسانە تۆماركرد بۆ ئەوەی مافی كوڕەكەم وەربگرمەوە، كەسەكە بە دادوەری گووت"كا كورد خوێنی هەیە تا من خوێنی كورد بدەمەوە، ئازاری ئەم قسەیە زۆر زیاتربوو لە ئازاری لە دەستدانی كوڕەكەم، لە وڵاتی ئێران چەندین جار ڕووبەڕووی گرتن و لێدان بوومەتەوە، حكوومەتی ئێران بەبیانوی جاسووسیكردن و پێدانی هەواڵ بە باشووری كوردستان تۆمەتبارییان كردم، دوای گەرانەوەمان بۆ كوردستان بەهۆی كەوتنە خوارەوەی گولە هاوانێك باوكم چاوێكی لەدەستدا، ئەم برینەی چاوی بوو بە هۆی نەخۆشیەكی درێژخایەن دواتر هەر بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە كۆچی دوای كرد، ئەمانە بەشێك لەو هۆكارانەبوون كە وایان لێكرم بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان شەوانە ئاهەنگ بگێڕم.
سوورە مەلا، زیاتر گووتی " ئەوانەی دەربەدەری و ئازارو نەهامەتییەكانیان، بەدەست رژێمە یەك لە دوایەكانی بەعس و وڵاتانی دەوروبەر بینیویانە لەسەر كوردایەتی، ئەوان زیاتر لە واتای سەربەخۆبوون و ئازادی تێدەگەن و ئامادەنابن چیتر لەژێر دەستی دوژمنان دابن و نوكەری ئەوان بن، دیارە ئێمەش وەك خێزانێك هاوشێوەی هەزاران خانەوادە و رۆڵەی كورد، چەندین ماڵوێرانی و ئاوارەیی و دەربەدەریمان بینیووە، بەدەست دوژمنانی كورد لە پارچەكانی كوردستاندا، ئەمانەش هەمووی هۆكاربوونە، كە زیاتر هەستی نیشتمان پەروەریمان زیادبێت و ئامادەبین لە پێناو بە ئامانج گەیشتنی گەلی كوردستان قوربانی بدەین و تێ بكۆشین، بڕیاری سەركردایەتی كوردیش لەم پارچەی باشوری كوردستان، بە سەرپەرشتی راستەوخۆیی سەرۆك بارزانی، بۆ دیاری كردنی 25ی ئەیلوول بۆ گشتپرسی كوردستان، رۆژێكی مێژوویی بوو، كە بەلای منەوە خۆشترین رۆژ بوو تا دەنگی خۆم بە بەڵێ‌ بدەم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، تا وادەی ئەم رێكەوتەش بەبەردەوامی وەك ئافرەتێك بە شەو و رۆژ بەشداربووم لە ئاهەنگ و كەڕنەڤاڵەكانی سەربەخۆیی كوردستان، سوپاس بۆ خوا هەوڵەكانمان بێ ئەنجام نەبوون و دەنگی بەڵێ توانی سەركەوتنی یەكجار زۆر بەدەست بهێنێت و ئیتر بەهیوای دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی كوردستان".
سوورە مەلا، دواشی لە خەڵكی كوردستان كرد كە خۆ ڕاگربن لە بەرامبەر هەرەشەكانی دوژمنانی گەلی كورد، چونكە ئێمە  قوربانی زۆرمان داوە، ناكرێت بە چەند هەڕەشەیەكی پڕو پوچ دەستبەردانی مافە رەوایەكانی گەلەكەمان ببین، بۆیە هیوادارم خەڵكی كوردستان یەك دەنگ و خۆ ڕاگربن بۆ سەربەخۆی كوردستان، چونكە هیچ ئامانجێگ بەبێ قوربانیدان بەدی ناهێت".