بەرەكات قورتاس: وێنەی یەكەم سەركردەی مێژووی كۆمارم داناوە
یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 19:06

ZKW: بەرەكات قورتاس، خەڵكی شاری سۆرانە و هەڵگری بڕوانامەی ئامادەییە. لە ساڵی 2006 كاری دیزاین دەكات، تا هەنووكە چەندان كاری دیزاینی كردووە. بەڵام وەك خۆی دەڵێت، لە ساڵی 2014  سەردەمێكی نوێ بووە لە بەردەم ئاسۆی ئەندێشەی ئەو بۆ كاری دیزاین. لە ئێستا دا خەریكی دیزاینكردنی دراوی كوردییە.
بەرەكات قورتاس دەڵێَت: "كەڵكەڵەی بیری دیزاینكردنی (دراوی كوردی) لە ساڵی 2015 ەوە بە بیرمدا هات، بەڵام لە سنوورێكی بەر تەسك مایەوە و بیرەكەم فراوان و تەواو نەبوو. لەگەڵ وادەی دەستپێكی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە باشوری كوردستان و لەم ڕۆژانەی ڕابردوو جارێكی تر بیركەم هێنایەوە و دووبارە گۆڕانم بەسەریدا هێنا و دیزاینم كردەوە".
بەرەكات دەشڵێت: "سەبارەت بە دیزاینی دراوەكە هەر دوو ڕوویم دیزاین كردووە، وێنەی مێژوویی یەكەم كۆماری كوردستانم هەڵبژاردووە و وێنەی یەكەم سەركردەی مێژووی كۆمارم داناوە، كە‌ پێشەوا (قازی محەمەد)ە. دراوەكە كارێكی هونەرییە و تا ئێستا پێشكەشی هیچ لایەنێكم نەكردووە، لێ هاوبەشی هونەر دەبێت كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەبێت كە بۆ پێوەری نێودەوڵەتی دراو دانراوە من كەم تا زۆر هەوڵم داوە بە شێوەیەكی فراوان هەموو پێكهاتەكانی دراوی تێدا بەكار بهێنم. هەر چەند پێشووتر دیزاینێكم كردبوو، وەلێ زیاتر لە هەفتەیەكی خایاند تا دووبارە نەخشەسازیم بۆی كردووە".
لە كۆتایی پەیڤینەكەی، لەباری كارە نوێیەكەیەوە، بەرەكات قورتاس گوتی: "ئەمە یەكەم كاری دیزاینم نییە و جۆرەها كاری ترم دیزاین كردووە، لە ئایندەشدا دیزاین و پڕۆژەی ترم دەبێت منیش لە بوارەكەی خۆمەوە ئامانجمە و هەوڵیش  دەدەم كەم تا زۆر بەشدار بم لە پڕۆسەی دەوڵەتسازی وڵاتەكەم".