بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران: لە نێو بەندیخانەدا كەسانێك هەن بەهۆی كەم ئەزموونیانەوە پێشێلی مافەكانی بەندكراوان دەكەن
یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 19:10

ZKW: زێرەڤان ستوونی – سۆران: جواد سوار حەمەد بەڕێوبەری  نوسینگەی مافی مرۆڤ لە  سۆران، لە دیمانەیەكی هەفتە نامەی زاری كرمانجیدا دەڵێ" بەهۆی دوا كەوتنی وادەی دادگای كردنیانەوە بەشێك لە بەندكراوان گلەی لە داواكاری گشتی دەكەن، ئاماژەشی بەوەدا، لە رێگەی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و تۆێژینەوەی زانستی كاردەكەین بۆ ئاشناكردنی هاوڵاتیان بە مافەكانی مرۆڤ.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران دەربارەی رۆڵی نوسینگەكەییان بۆ زاری كرمانجی گووتی" نوسینگەكەمان بە بەردەوامی كاریكردووە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و زانیاری، لەسەر مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و مافەكانی ئافرەت و منداڵان و بەندكراوان بەتایبەتی، هەموو هەوڵێكمانداوە هاووڵاتییانی دەڤەرەكەمان ئاشنای مافەكانیان بكەین، بۆ ئەوەی خۆیان رەچاوی مافەكانیان بكەن و مافەكانیان پێشێل نەكرێت .
لەسەر  بەرزبوونەوەی رێژەی كوشتن و خۆ سووتاندنی ئافرەتان لە دەڤەری سۆران، بەرپرسی نووسینگەی ماڤی مرۆڤ دەڵێت" ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئەم ساڵ و ساڵەكانی ڕابردوو بكەین، دیاردەی خۆ كوشتن و خۆ سووتاندنی ئافرەتان، رووی لە زیادبوونكردووە،بۆ ئەم مەبەستە بە بەردەوامی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، بەتایبەتی ئەو رێكخراوانەی لە بواری ئافرەتاندا كاردەكەن لە هەماهنگی و كاركردنداین، لە ڕێگای  سازدانی كۆر و سمینار بۆ هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان و چینەكانی تری كۆمەڵگا،چونكە كۆتایی هێنان بە ژیانیان چارەسەری مەسەلەكا نەكات،هەوڵمانداوە ئافرەتان بە مافەكانی ئاشنا بكەین،بۆ ئەوەی لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێكی  نەخازراو،پەنا بەرنە بەر دیالوگ و گفتۆگو نەوەك خۆ سووتاندن و خۆ كوشتن،دواشمان لە خانمانكردووە لە كاتی هەر سەرپێچەیەك بەرامبەر بە مافەكانیان،سكاڵای خۆیان تۆماربكەن بۆئەوەی لە رێی یاسا و مافەكانی مرۆڤەوە كێشەكانیان چارەسەربكرێت مافەكانیان دەستەبەربكڕێت،هەر لەسەر ئەم بابەتە زۆرێك  ئافرەتان لەئێستادا لەرێگای  یاسا و تۆماكردنی  سكاڵاوە كێشەكانیان چارەسەر دەكەن ، بەهاوكاری لەگەڵ بەرێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان،توانیمانە  زۆرێك لەو  كێشانەی كە ئافرەتان هەیانە  چارەسەربكەین،ئافرەتان بە مافەكانیان شادبكەین.
جەواد سوار لە بەردەوامی قسكانیدا روونی كردەوە" یەكێكی تر لەو گرفتانەی رووبەرووی كۆمەڵگەكەمان بۆتەوە، كاركردنی هەرزەكار و منداڵانە، بەتایبەتی ئەوانەی خوار تەمەن 18 ساڵن، كۆمەڵێك هۆكار هەن بەڵام هۆكارە سەرەكیەكانی  زۆربوونی ئەم رێژەی دەگەرێتەوە بۆ زۆری ژمارەی ئاوارەكان لە دەڤەرەكە، ئەو قەیرانەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، هاوكات نەبوونی بوددجەی پێویست یەكێكی ترە لە هۆكارانەكان، چونكە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پارەیەكی پێویستی لەبەردەست نیە، بۆ چارەسەركردن و نەهێشتی ئەم دیاردەیە ،كاتێ داوا لە وەزارەتی ناوبرا دەكەین، بودجەیەك  یاخۆ بڕە پارەیەك بۆ ئەم كەسانە ببڕێتەوە ،بەهۆی ئەم قەیرانەی ئێستا هەبە ، نەبوونی پارەی پێویست داواكەمان رەتدەكڕێتەوە،ئەم كاركردنەی منداڵانیش كاریگەریەكی زۆر نێگەتفی هەیە لەسەر كۆمەڵگا، لایەك رێژەی ئاڵودەبوونی هەرزەكاران بە جگەرەكێشان زیاد دەكات،لە لایەكی ترەوە ئاستی دزیكردن زیاد دەكات، هۆكارێكیشە بۆ زۆربوونی نەخۆیندەواری، دووركەوتنەوەی منداڵ لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، ئەگەر بەشداریش بكات لە پرۆسەی خۆێندن، بەدڵنیای دووادەكەوێت لە ئەركەكانی رۆژانە و چوونی بۆ قوتابخانە، بۆیە لێرەوە  داوا لە دایكان و باوكان دەكەین، چونكە ئەوان بەرپرسیاری یەكەمن لە دابینكردنی بژێوی منداڵەكانیان، منداڵەكانیان بەدوور بگڕن لەكاركردن،چونكە زەرە و زیانێكی گەورەی هەیە لەسەر ئایندەی منداڵەكانیان، .
سەبارەت بە چاودێریكردنی رەوشی بەندكراوان و سەردانیكردنی بەندینخانەكان، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی سۆران، گـووتی" ئاگەداربوون لە رەوشی بەنكراوان و  سەردانی بەندیخانەكان كاری هەر لە  پێشینەی ئێمەیە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی تایبەتمان هەیە، مانگانە سێ تا چوار جار سەردانی بەندیخانەكان دەكەن، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ رەوش و پێداویستیەكانی بەندكراوان بكات، بەڵام زۆر جار لە راپۆرتەكانی ئەو لیژنەیە ئەوە بەدیدەكڕێت كە بەنكراوان، نارەزایی دەڕدەبرن لە سەر  دواكەوتنی رۆژی دادگاییكردنیان و نیگەرانیش لەوەی داواكاری گشتی وەكو پێویست سەردانیان ناكات .
هەروەها بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی سۆران ئاشكراشی كرد" بە داخەوە جار و بار لە نێو ستافی بەندیخانەوە كەسانێك هەن بەهۆی كەم ئەزموونیانەوە پێشێلی هندێك لەمافەكانی بەندكراوان دەكەن، بۆ نەهێشتنی حالەتی لەم جۆرە هەموو هەوڵێكمان داوەهەماهنگی تەواومان هەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەزگا ئەمنیەكانی سنوورەكە بۆ چارەسەركردنی حالەتی لەم شێوەیە، وەكـ نووسینگەی مافی مرۆڤ پەیوەندیەكی زۆر باشمان لەگەڵ بەندكراوان  دروستكردوە، تا بتوانن لەكاتی پێشلكردنی هەر مافێكیان  لەلای  ئێمە سكاڵای خۆیان تۆماربكەن، بۆ ئەوەی ئێمەش بە دەم سكاڵاكەیانەوە بچین، گیروگرفتەكانیان چارەسەر دەكەین، زۆر حالەتیشمان لە نێو بەندكراواندا چارەسەركردووە .