Share on facebook
یانەی سۆران و هەڵۆ و كەتین كۆنفرانسی خۆیان ئەنجامدا
یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 19:44

ZKW : یانەی وەرزشی سۆران بەسەرپەرشتی لیژنەی هەلبژاردنی یانە وەرزشییەكان لە پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی 120 ئەندام لە دەستی گشتی و دامەزرێنەر و یاریزانان لە كۆیی 175 ئەندام لە هۆلی گەنجینەی سۆران كۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا.
سەرەتا لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی یانە وەرزشییەكان لە وەزارەتی رۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێنمایەكانی سەبارەت بە چۆنیەتی شێوازی هەلبژاردن و مەرجەكانی خۆ پالاوتن بۆ دەستەی كارگێری یانە شێكردەوە.
پاشان لە ووتەیەكدا كار و چالاكی و بەشدارییەكانی تیپەكانیان خستە روو ، ئینجا راپۆرتی گشتی و دارایی یانەكە پێشكەشكران كەتیایدا ئاماژەیان بەئەنجامی تیپەكان و خەرجییەكان و داهاتی ساڵانی رابردووی یانەكە كرد.
دواتر دەرگای خۆپالاوتن بۆ سەرجەم ئەندامانی كۆنفرانس كرایەوە بۆ خۆ كاندیدكردن و هەڵژاردنی دەستەی كارگێری نوێی یانە.
لە ئەنجامی پرۆسەی دەنگدان بۆ ستافی نوێی هەر یەك لە رەمزی كەریم و سدقی محمود و فەرمان ئیسماعیل و ئازا كامەران و دلشاد سەعید و سرود حەمید و مشیر یوسف بە دەستەی كارگێری یانەی وەرزشی سۆران دەرچوون دەنگی متمانەیان پێبەخشرا و لە یەكەم كۆبۆنەوەی خۆیاندا رمزی كەریم بە سەرۆكی یانەی سۆران هەڵبژێردرا.
گەورەترین كێشەی یانەی وەرزشی سۆران نەبوونی یاریگایەكی تایبەت بە خۆی بۆ ئەوەی بتوانی مەشق وراهێنان و یارییەكانی خۆی تێدا ئەنجام بدات.
لە كاتێكدا شاری سۆران خاوەنی دوو یاریگای گەورەیە بەڵام بە هۆی نۆژەن نەكردنەوەیان ناشێن بۆ یارییەكانی فەرمی.
كۆنفرانسی یانەی هەڵۆ رێكخرا
بە ئامادەبوونی لیژنەی پارێزگای هەولێر بۆ سەرپەرشتی كردنی هەڵبژاردن و كۆنفرانسەكانی یانە وەرزشیەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئەندامانی دەستی گشتی و یاریزانانی یانەی وەرزشسی هەڵۆ لە شارەدێی بلێ‌ كۆنفرانیسی خۆی ئەنجامدا
سەرەتا تایر سابیر وەك سەرۆكی لیژنەی كۆنفرانسەكانی یانە وەرزشییەكان باسی لە مەبەستی ئەنجامدانی كۆنفرانسی یانەكان كرد و نوێكردنەوەی دەستی كارگێری یانەكانیشی بە كارێكی گرنگ زانی.
پاشان دەرگای خۆ پاڵاوتن كرایەوە بۆ ئەوەی دەستەیەكی نوێ‌ بۆ یانەكە هەڵبژێردرێت.
پرۆسەی دەنگدان دەستی پێكرد كە لە كۆیی 60 ئەندام لە دەستی دامەزرێنەر و گشتی و یاریزانان 48 ئەندام ئەمادەبوونیان لە كۆنفرانسدا هەبوو دەنگی خۆیان بە كاندیدەكان دا
دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان هەریەك لە ئەحەمەد خەلیل و دینۆمیكائیل و رەقیب عومەر و نیهاد مراد و عادل سەلیم و گۆڤار خالید و نازم محەمەد بە دەستی كارگێری نوێ‌ بۆ یانەی وەرزشی هەڵۆ دەرۆچوون.
ئەحمەد خەلیل سەرۆكی یانەی هەلۆ لە ووتەیەكدا تیشكی خستە سەر ئامانج و بەرنامەی داهاتوویان لە پێشخستنی یانەی هەڵۆ و ئاشناكردنی دەڤەری بارزان بە ناوچەكانی تر لە بواری وەرزشدا.
یانەی هەڵۆ ساڵانێك لە خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان بوو بە هۆی كێشە و گرفتی دارای و دابەزینی ئاستی یاریزانان و یاركردنیان دابەزی بۆ یانە پلە یەكەكان، لە ئێستادا بە هیوان جارێكی تر بگەرێنەوە خولی نایابی كوردستان
یانەی كەتین بۆ ئەسپسواری، دەستەیەكی نوێی هەڵبژارد
لە شارەدێی بلێ‌ بە ئامادەبوونی لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكان و دەستەی گشتی یانەی كەتین بۆ ئەسپسواری كۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا
دوای ئەوەی رێنمای و شێوازی هەڵبژاردن و خۆ كاندیدكردن و پاڵەوتن بۆ ئەندامانی كۆنفرانس باسكرا. پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگ دان بە كاندیدەكانی خۆپاڵاوتن بۆ دەستی نوێی یانەی كەتین دەستی پێكرد.
دەستەی نوێ بۆ یانەی كەتین بۆ ئەسپسواری هەڵبژێردرا كە پێكهات لە كاروانی بارزانی و عەبدولڵا حاجی و لاڤۆ حاجی و رەسول مەجید و عەدنان باپیر و سەردار خواجە و عیسا ساڵح، لە دانیشتنی یەكەمی یانەكەشدا كاروانی بارزانی بە سەرۆكی یانەی كەتین كرا.
یانەی كەتین بۆ ئەسپسواری لە دەڤەری بارزان ساڵانێكە سەرقاڵی خزمەتكردن و پەرەدان بە ئاستی ئەسپ و سوارچاكانە و چەند چالاكیەكی ئەنجامداوە لەگەڵ فیستیڤاڵێكی ئەسپسواری بۆ كۆمەلێك ئەسپسواری دەرەوە و ناوخۆی كوردستان.
ئەسپ خزمەت و ماندوبوونێكی زۆری بە شۆرشەكانی كوردستان كردوە و هەمیشە پێداویستییەكانی شۆرش و جەنگ بە پشتی ئەسپ گوازترانەوە شوێنی تایبە و پێویست.
لەو پێناوەشدا یانەی كەتین خزمەت بە ئەسپ و سوار چاكەكان دەكات.