Share on facebook
”عەقڵیەتی شۆڤێنی هێشتا لە عێراقدا ماوەو پێویستە سەرانی بەغدا بە خۆیاندا بچنەوە“
یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 19:53


ZKW: نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد" بڕیاری نەگەرانەوەی فراكسیۆنی پارتی بۆ بەغدا زیاتر بۆ ئەو بڕیارانەی لەلایەن پەرلەمانەوە دژ بە كوردستان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دراون دەگەڕێتەوە. گوتیشی" لە بەغدا عەقڵیەت هەر عەقڵیەتی پێشووە و نەگۆڕاوە، هەر كاتێك ئەوان بیانەوێت بە پێچەوانەی دەستوور و یاسا دژ بە كورد بڕیار دەدەن، ئەمە لە كاتێكدایە كورد هیچ بڕیارێكی هەڵەی نەداوە و تەنیا داوای مافی خۆی كردووە، گەلی كورد پشتی بە پڕەنسیبێكی نێودەوڵەتی بەستووە، كە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لەسەر ئەو پڕەنسیبە دروست بوونە.
نەدا مێرگەسۆری، رایگەیاند"وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانمان كرد، ئەوەش پاش ئەو بڕیارانەی كە پەرلەمان لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و لادانی پارێزگاری كەركووك دا هات، كە پێكەوە بڕیارمان دابوو، ئەو هەڵسوكەوتانەی كە پەرلەمان و حكوومەت دەكات و ئەو بڕیارانەی كە دراون، بڕیاری نایاسایی و نا دەستوورینە، هەر لەبەر ئەوەش بڕیارمان دا بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەین و نەگەڕێینەوە بەغدا، هەر چەندە ئێمە داوامان لە فراكسیۆنەكانی دیكەی كوردستان كرد كە نەچینەوە، چونكە بارودۆخەكە ئەوەندە خۆش نیە كە بچینەوە بەغدا، ئەوە بڕیاری ئێمە بوو، بۆیە بڕیاری نەگەرانەوەی ئێمە زیاتر بۆ ئەو بڕیارانەی لەلایەن پەرلەمانەوە دژی كوردستان و دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دراون دەگەڕێتەوە.
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشیكردەوە" ئێمە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە پێكەوە دانیشت بووین و بڕیارماندا بوو كە نەچینەوە بەغدا، بەڵام دیارە ئەوان بڕیاری خۆیان داوە كە بچنەوە بەغدا، بەڵام بەداخەوە ئەو هەڵسوكەوتەی پەرلەمانی عێراق وەكو ئیهانە بوو بۆ ئەو پەرلەمانتارانە، كە دەیانویست ئامادەبن لە كۆبوونەوەكان، ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی تەماشای بارودۆخەكە دەكەین، ئەگەر پەرلەمان هەر لەسەر ئەو هەڵسوكەوتەی خۆی بەردەوام بوو، لەو كاتە دەبێت هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە دابنیشن و بڕیاری كۆتایی بدەین، ئەوەی تا ئێستا هەیە كە پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە نابێت پەرلەمانتارە كوردەكان ئامادەی دانیشتن بن،  ئەوەش بڕیارێكە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، چونكە هیچ پەرلەمانتارێك فەرمانبەری سەلیم جبووری نیە، بەڵكو بە دەنگی خەڵكی كوردستان چووەتە ئەو شوێنە و ئەوان ناتوانن ڕێگری لە پەرلەمانتارە كوردەكان بگرن كە بەشداری لە دانیشتنەكان بكەن.
سەبارەت بەوەی بۆچی هەندێك لە پەرلەمانتارە كوردەكان پشتگیری مەرجەعییەت دەكەن بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق، نەدا مێرگەسۆری، دیاركرد" هەر كوردێك بیر لەوە بكاتەوە كە عێراق یەك پارچە ماوە و یەك پارچەش دەمێنێت بە داخەوە بۆ ئەو، چونكە هەر لەسەرەتای دروستبوونی عێراق، بە زۆری كورد پێكەوە لكێنراوە، گەلی كورد بڕیاری خۆی داوە، بە ڕێژەیەكی زۆر باشیش گەل بڕیاری داوە، بۆیە دەبێت سەرانی عێراق لەوە تێ بگەن، كە ئەوە دەنگی خەڵكی كوردستانە، دەبێت ڕێز لەو ئیرادەیە بگرن، بۆیە هەر كوردێك بیەوێت لە دەرەوەی ئەو ئیرادەیە بڕیار بدات زۆر بە داخەوە بۆ ئەو.
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی" عەقڵیەتی شۆڤێنی هێشتا لە عێراقدا ماوە و پێویستە سەرانی بەغدا بەخۆیاندا بچنەوە، چونكە هەر كاتێك ئەوان بیانەوێت بە پێچەوانەی دەستوور و یاسا دژی كورد بڕیار دەدەن، ئەمە لە كاتێكدایە كورد هیچ بڕیارێكی هەڵەی نەداوە و تەنیا داوای مافی خۆی كردووە، گەلی كورد پشتی بە پڕەنسیبێكی نێودەوڵەتی بەستووە، كە پڕەنسیبێكە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لەسەر ئەو پڕەنسیبە دروست بوونە".