Share on facebook
مام جەلال، كۆچێكی حەلال
یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 19:59


زوهری جەبەلی ئێدلبی
تاكوو مام جەلال كۆچی دوایی نەكرد، كەس نەیدەزانی ئەوەندە مرۆڤێكی گەورەیە، كەس نەیدەزانی بۆ گەڵەكەی خەباتی كردووە، كەس نەیدەزانی جێگە بەتالەكەی ئەوەندە زیانی هەیە بۆ كورد. هەموو نەتەوەكان و سەركردەكانی دونیا ئەویان دەناسی، بێجگە لە نەتەوەی كورد بە گشتی و حیزب و بنەمالەكەی بە تایبەتی. مام جەلال بە حەرامی ژیا و بە حەلالی مرد، ژیانی لێ‌ تاڵ ببوو، رۆژێك خۆشی بە چاوی خۆی نەبینی، یان خەریكی چارەسەری كێشەی عێراق و كورد بوو، یان فرە باڵی نێو حیزبەكەی و رەقسینی هەر بەرپرسێكی بە سازێك. تا لە ژیاندا بوو، كەس حیسابی بۆی نەدەكرد و هەر كەسێك ناوی هێنابایە، ناوی عەلەشیشیشی لە گەل دەهێنا، هەر كە ناوی هێنابایە ناوی هێروخانیشی لە گەڵی بوو، شاناز خانی خوشكی هێرۆ هەر هیچ، كادر و دەورووبەرەكەی هەر كەسە و لە لای خۆی خەریكی پلانێك بوو بۆ جیا بوونەوە لە مامە و هەر كەسە و بە جۆرێك بەڕەی لە بن پێیەكانی رادەكێشا، ئەمڕۆش ئەوانەی دوێنێ‌ حیسابیان بۆ نەدەكرد، زیاتر لە هەمووان ڕۆڕۆیانە. ئەمڕۆ كە لە ژیاندا نییە و هیچی پێناكرێ‌، یەكێك بە ناوی ئەو بیرەوەرییەكانی دەنووسێتەوە و یەكێك نۆكتە و قسەی زەبەلاح دەكات و خۆی دەكاتە دەستە راستی مامە، ئەمرۆ كە لە ژیاندا نەماوە هەر هەموویان دەلێن جێگەی مام جەلال بەتاڵە و ئەگەر لە ژیاندا بووایە ئەم وەزعە وانەدەبوو، كە لە ژیانیشدا بوو، هەموویان دەیانگوت هەمووی خەتای مام جەلالە، كە لە ژیاندا بوو كەس نەبوو نۆكتە و قسەخۆشەكانی بیگێڕێتەوە. بنەماڵەكەی لە هەمووان زیاتر غەدریان لێ‌ كرد، چونكە لە وەسییەتنامەكەیدا، وەسییەتی كرد بوو لە كۆیە بینێژن و شوێنێكی بۆ خۆی دیار كردبوو، ئەمرَۆش كە لە سلێمانی نێژراوە، بێجگە لە تجارەت و سیاسەت كردن بە جەنازەكەیەوە، هیچیتر نییە و لە دوارۆژدا بۆمان دەردەكەوێ‌ چەندە غەدر لە ناشتنەكەیان كردووە.
هەموویان دەلێن باشترین وەفاداری بۆ مام جەلال پاراستنی یەكڕێزی و یەكخستنی نێوماڵی كوردە، هەر هەمووشیان تەنها قسەیە و كەس بۆ كەس ناسەلمێنێ‌.
ئەگەر بە راستی ئێمە خەمی مامەمانە، پێویستە پەندی لێوەرگرین و رێز لە خەباتەكەی بگرێن، وەرن با هەموومان سەرۆك بارزانی لە دەست نەدەین و پێكەوە لە ژێر یەك چەتر كۆ ببینەوە و گوێ‌ لە فەرمان و قسەكانی بگرین، تاكوو لە دوارۆژدا وەكوو مامە خەفەتی بۆ نەخۆین، چونكە تەنها كەسایەتییەكی كاریگەر و كارێزما كە لە ناو كورددا مابێت، مەسعود بارزانییە. هەر بارزانیش بوو مەراسیمی ناشتنەكەی ئەوەندە بە شكۆیی رێكیخستبوو، هەر بارزانی بوو مارشی تایبەت و رێورەسمێكی كەمەر شكێنی بۆ دووژمنانی كورد، ئامادەی كردبوو. هەر بارزانی بوو دەیزانی لە دەستدانی مامە چ كاریگەرییەكی نەرێنی دەكاتە سەر بارودۆخی ئێستای كورد. ئەگەر ئێمە راستدەكەین و ئەوەندە پەرۆشین بۆ مام جەلال، دە هەموو لایەك پێكەوە رێز لە خەبات و گەورەیی مامە بگرین و بە بارزانی بلێین فەرمۆ ئاواتی مامە و شەهیدان بێنە دی و ئێمە لە گەڵتین.