Share on facebook
لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان بە هیچ شێوەیەك سازش ناكەین
یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 20:00


ZKW : هاوكار یاسین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان - عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند"  ئەنجامی 25/9 كاری لەسەر دەكەین و ئامانجمان جێبەجێ كردنی ئەو ئەنجامەیە، بۆیە هەر گفتوگۆ كردنێك بە مەرجی ئەوەی كە پەشیمانمان بكاتەوە لە ئەنجامەكانی ریفراندۆم یان ئەنجامەكانی ریفراندۆم لەبەر چاو نەگرن ئەوە ڕەت دەكەینەوە، چونكە بە هیچ شێوەیەك لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان سازش ناكەین، لەگەڵ ئەوەش شاند بۆ ئەو وڵاتانە پێكدێنین كە دان بە ریفراندۆمی كوردستان نانێن، بۆ ئەوەی بۆیان روون بكەینەوە كە سەربەخۆیی كوردستان تا چەند دەبێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە.
هاوكار یاسین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان - عێراق دیاركرد" ئێمە وەكو ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم كە پێشتر هەبوو، ئێستاش ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان – عێراقین، لە دوا كۆبوونەوە بڕیارمان دا و وەكو لە بەیاننامەكەشدا هات،  ئەنجامی 25/9 كاری لەسەر دەكەین و ئامانجمان جێبەجێكردنی ئەو ئەنجامەیە، بۆیە هەر گفتوگۆ كردنێك بە مەرجی ئەوەی كە پەشیمانمان بكاتەوە لە ئەنجامەكانی ریفراندۆم، یان ئەنجامەكانی ریفراندۆم لەبەر چاو نەگیرێت ئێمە ئەوە ڕەت دەكەینەوە، دەرگای گفتوگۆمان كراوەیە بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەنجامی ریفراندۆم، بۆیە هەرگیز ناگەڕێینەوە پێش 25/9، ئەمڕۆ ئێمە لە قۆناغێكی نوێ داین، خەڵكی كوردستان دەنگی بە بەڵی داوە، لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ئێمە سازش ناكەین، لە چوارچێوەی ئەو ئیرادەیەدا كە گوزارشتی لێ كراوە، ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەك.
هاوكار یاسین، ڕوونیشیكردەوە، هەموو ئەو دەستپێشخەریانەی كە كراون بۆ گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا پێشوازیمان لێ كردوونە، لە چوارچێوەی بێ مەرجدا، هەر دەستپێشخەریەك ئەگەر مەرجی تێدابێت و تەركیزی كردبێتە سەر پەشیمان بوونەوە، یان ڕەچاو نەكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆم، ئێمە هەرگیز لێی ناچینە پێشەوە، بەڵام مەبدەئی گفتوگۆمان قبووڵە، ئێمە دەمانەوێت بە گفتوگۆ  بەیەكەوە  لە رێگای دانوستاندن ڕێك بكەوین لەگەڵ بەغدا تاكو ببین بە دوو دراوسێی باش لە ئایندەدا.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان - عێراق ئاماژەی بەوەش كرد" ئەنجوومەنی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان – عێراق گەورەترین شەرعیەتی لە پشتە، چونكە خەڵكی كوردستان زیاتر لە 72% بەشداریان لە ریفراندۆمدا كرد و پاڵپشت بوون بۆ كۆمیتەی باڵای ریفراندۆم بە پشتیوانیكردنی كۆمیتەی باڵای ریفراندۆم كە سەرپەرشتی ریفراندۆمی كرد، خەڵكی كوردستان هاتنە ناو ئەو پرۆسە گەورە مێژووییە و 92.73% دەنگیان بە بەڵێ دا، بۆیە گەورەترین شەرعیەت بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان – عێراق دەنگی هاووڵاتییە، شەرعیەت چیە، شەرعیەتیش ئەوەیە دەبێت گەلی لە پشت بێت، گەورەترین پشتگیری لەو سەركردایەتیە گەل پشتگیری دەكات، هەروەها ئەوانەی پێیان وایە ئەوە شەرعیەتی نیە و یاخود ناو و ناتورە لەو ئەنجوومەنە دەنێن، هەر ئەوانە بوون پێشتر بۆ خۆیان ئەنجوومەنێكیان دروست كرد، ئەنجوومەنی پێنج حزبەكە كوردستانیەكە، خۆ ئێستاش میكانیزمەكەی لەبەر دەستدایە و یەكێك لەوانە لە سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەمانەوێت پشتی پێ ببەستین ئەو میكانیزمەیە كە كاتی خۆی ئەو 5 حزبانە دیاریان كردووە، بۆ ئەو ئەنجوومەنە شەرعیەتی هەبوو، بۆ ئێستا ئەو ئەنجوومەنە سەركردایەتیە شەرعیەتی نیە، لە كاتێكدا كە خەڵكی كوردستان زیاتر لە 72%  لەسەر خواست و ویستی كۆمیتەی باڵای ریفراندۆم روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردوو و دەنگیان داوە، بۆیە ئێمە ئەوانە لە شێوەیەك لە شێوەكان ڕەت دەكەینەوە و ئەمانە نابنە مایەی ئەوەی كە بە ئامانجەكەمان بگەینن، بەڵكو ئەوانە كێشە و فیتنە بۆمان دروست دەكەن، ئەمانە ئاشتەوای تێكدەدەن، باشتر وابوو ئەو حزب و لایەنانەی كە ئێستا تانە لەو سەركردایەتیە دەدەن بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن دەرگایەك دەكەنەوە كە بەشدار بن، چونكە ئەو سەكردایەتیە دەرگای دانەخستووە، كە یەكێك لە بڕیارەكانی ئەوەیە چۆن بتوانێ هەموو حزب و لایەنە  سیاسییەكان لەناو ئەو سەركردایەتیەدا كۆبكاتەوە، بۆیە ئەو خەڵكەی بەو شێوەیە بیر دەكەنەوە بە شتێكی ڕەوان نابینین و لە بەرژەوەندی ئامانجەكانی ریفراندۆمدا نیە، بە پێچەوانەوە پێمانوایە ئەو خەڵكەی دژی سەركردایەتی سیاسی كوردستان- عێراقە، تا دوێنێ دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون، نەیان توانی دژایەتی ریفراندۆم بكەن، نەیان توانی ریفراندۆم شكەست پێ بهێنن، ئەمڕۆ دەیانەوێت ئەو سەركردایەتیە شكەست پێ بهێنن، بۆ ئەوەی دواجار خەڵك لەو ریفراندۆمە پەشیمان بكەنەوە و شكەست بە پرۆسەكە بهێنن، بۆیە ئێمە لەو ڕوویەوە تەماشای ئەوانە دەكەین، لەگەڵ ئەوەی، ئەوەی دژایەتی سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەكات لەو چوارچێوەیەدا دەبینین كە دژایەتی ئامانجەكانی ریفراندۆم دەكات، ئەوانەش هەر ئەوانەن كە دوێنێ دژایەتی ریفراندۆمیان دەكرد، كە دەیانویست ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت.
هاوكار یاسین، دیاركرد" ئێمە لە كۆسپێكی گەورەداین، بە هۆی كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆككۆماری پێشووی عێراق، كۆبوونەوەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان – عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، ئەگەرنا بڕیار بوو رۆژی سێ شەممەی رابردوو كۆبباینەوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەو میكانیزمە بدەین كە چۆن كار بكەین، لەگەڵ ئەوەی بڕیار لە كۆمەڵێك شتی دیكە بدەین و لەسەری ڕابوەستین.
هاوكار یاسین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان - عێراق دەشڵێ" ئەو وڵاتانەی دژایەتی ریفراندۆم دەكەن، پێش ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، هەڕەشەی زۆر توندیان هەبوو، كە دەیانگوت ڕازی نابین ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، كە ئەو ریفراندۆمە نادەستوورییە، دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە، دەبێتە مایەی تێكدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە، بەڵام ئێمە توانیومان ڕووبەڕووی هەموو ئەو فشار و گوشارانە ببینەوە، بە ئیرادەیەكی یەكگرتوو و پۆلاین ڕاوەستاین لەبەرامبەری، توانیومان ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگەینین و سەریشی بخەین، هیچیش لەوانەی دەیان گوت دەبێتە مایەی نا ئارامی و پشێوی و ئالۆزی دروست نەبوون، بە پێچەوانەوە جەوێكی زۆر ئارام و باشترین و جوانترین ئەزموونمان پێشكەش كرد، كە لە دنیادا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو جەرگەی ئەو هەموو كێشە و ململانێیەدا ریفراندۆمێك ئەنجامدرا كە خەڵك بڕیاری چارەنووسی خۆی داوە، بۆیە پێشوازی لەو پرۆسەیە كرا و دەستخۆشیشمان لێ كراوە، بۆیە ئێستاش ئەو هەڕەشانەی لێمان دەكرێن لێرە و لەوێ هەر چەندە تا ڕادەیەك خاوبوونەتەوە، بەردەوام دەبن لەسەر هێنانی فشار و هەڕەشەكانیان، بەڵام ئەوە نابێتە مایەی ساردكردنەوەمان، مایەی تەسلیم بوونمان، چونكە ئێمە باش دەزانین هەر كام لەو دەوڵەتانە هەرگیز ناهێن دان بە مافە ڕاستەقینەكانی خەڵكی كوردستان  كە خۆی لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینێتەوە دانی پێدا بنێن و بمان دەنێ، بۆیە بەڵامانەوە ئاساییە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئێمە نابینە مایەی زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە، ئێمە هەوڵدەدەین بە شێوەیەكی نەرم و هێواش ئەو هەڕەشانە كە هەتا ئێستا لە چوارچێوەی راگەیاندنەكان بینیومانە نەبوونەتە كردار، هەوڵ دەدەین بكەوینە گفتوگۆ لە گەڵیاندا بۆیە یەكێك لە بڕیارەكانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان- عێراق ئەوەیە كە شاند پێكبهێنێت كە ئەو شاندە بۆ توركیا، بۆ ئێران، بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی كە بە شێوەیەك لە شێوەكان دوو دڵن لە بەرامبەر ئەم پرۆسەیە كە كراوە، تێیان بگەینین كە سەربەخۆیی كوردستان تا چ ڕادەیەك ناوچەكە بەرەو ئارامی و تەبایی و ئاشتیی دەبات، ئەوە مەهامی سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەبێت لە ئایندەدا، بۆیە هەرگیز نابێت وشەی پاشگەزبوونەوە لە ریفراندۆم بەكار بهێنرێت، چونكە ئەوە تاوانێكی زۆر گەورەیە، هیچ كەسێك ناتوانێت پاشگەز ببێتەوە لەو ریفراندۆمە، چونكە ئەوە گەل بڕیاری داوە گەلیش دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم بدات، بۆیە هیچ كەس و لایەنێك ئەو توانایەی نیە پاشگەز بێتەوە لە بڕیاری گەل".