Share on facebook
سیروان سیرینی: یەكڕێزی حزب و لایەنە كوردیەكان لەكاتی گەڕانەوەی تەرمی تاڵەبانی، كاریگەری راستەوخۆیی لەسەر دەرونی لایەنە عێراقیەكان دروست كرد
یەک شەممە, 08 تشرینی یەکەم 2017 20:06

ZKW :دیدار-محەمەد هەسنانی: پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەو هەڵوێستەی سەركردە عێراقیەكان لەكاتی گەڕانەوەی تەرمی مام جەلال، تەنها لەپێناو موزایەدەی سیاسی بوو، پێشیانوایە ئەوەی زیاتر دژایەتی كورد بكات، لەهەڵبژاردن دەنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت.
سیروان سیرینی، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند " لە كاتی گەڕاندنەوەی تەرمی مام جەلال بۆ شاری سلێمانی، بە بیانووی ئەوەی گوایە تەرمی ئەم سەركردەیە بە ئاڵای كوردستان داپۆشراوە، بەشێك لەسەركردەو لایەنە عێراقیەكان نیگەران بوون، تەنانەت رێگەیان لە كەناڵەكانیشیان گرت كە رێوڕسمی ئەم سەركردە مەزنە پەخش بكەن، لەكاتێكدا ئێمە هەرێمێكی فەرمین لە دەستوری عێراقدا خاوەن ئاڵای خۆمانین، نەك تەنها ئێمە بەڵكو بەپێی دەستوور هەر لایەنەو بەڵكو رێكخراوەكان و تا دەكاتە تیپێی تۆپی پێش، ئاساییە خاوەن ئاڵای خۆیان بن، بەڵام ئەوەی سەركردە عێراقیەكان كردیان تەنها لەپێناو موزایەدەی سیاسیان بوو، هەڵبژاردنی عێراقیش نزیك بووەتەوە، پێیانوایە كەمە زیاتر دژایەتی كورد دەكات، دەنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت".
ئەم پەرلەمانتارە گووتیشی "ئەم هەڵوێستەی بەشێك لەسەركردەو لایەنە عێراقیەكان، بەبیانووی داپۆشینی تەرمی جەلال تاڵەبانی بەئاڵای كوردستان، مایەی شەرمەزار بوونیانە، چونكە تاڵەبانی نزیكەی هەشت ساڵ سەرۆك كۆماری عێراق بوو، دەبوایە گەورەترین مەڕاسیمی رێزلێنانیان بۆ لە بەغدا بۆ سازبكردبایە، ئەوكات ئاڵای خۆیان بەرزكردبایەو بە ویستی خویان دەبوون، تەنانەت لە یەك ئەكاونت و كەناڵێكی فەرمی نەمان بینی سەركردە عێراقیەكان، وشەی خوالێخۆش بوو بۆ ئەم سەركردە مەزنە كۆچكردووە بەكاربهێنن".
دەشڵێت "پێویستە سەركردەكانی عێراقی لەوە تێبگەن، كە مام جەلال لەپێناو بەدی هێنانی مافەكانی كورد، هەموو تەمەنی خۆی لەسەر كوردایەتی داناوە، هەمیشە ئاواتی ئەوەبووە كە سەربەخۆیی بێتەدی ریفراندۆم سەركەوتوو بێت، ئێمە هەرێمێكی سەربەخۆمان هەیە و ئاساییە كە ئاڵای خۆمان بەرزبكەینەوەو لەسەر تابوت و گۆڕی سەركردەكانیشمان دابنێن".
سیروان سیرینی، گووتیشی "سازدانی ئەو رێوڕسمەی گەورەیەی بۆ رێزگرتن و پێشوازیكردن لە گەڕانەوەی تەرمی مام جەلال و بەخاكسپاردنی، بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەو ئەندامانی حزب و لایەنەكان لە یەكڕێزدا، كاریگەری راستەوخۆیی لەسەر دەرونی لایەنە عێراقیەكان دروست كرد، چونكە ئەوان هەرگیز پێیانوانەبوو سەرجەم حزب و لایەنەكان لە پرسێكی ئەوهادا یەكڕێزبن و بەو شێوە كۆببنەوە، تەنانەت لە وڵاتانی درواسێ‌ و دەرەوەش دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، چونكە لەكات و ساتێكی وادا زۆر گرینگ بوو كە كورد خۆی سەلماند، وڵامدانەوەیەكیش بوو بۆ ئەو كەسانەی كە پێیانوابوو كورد لەنێوخۆیدا یەك رێزو یەك هەڵوێست نین، بەڵكو بە پێچەوانەوە مام جەلال وەك براگەورەو مامی هەموومان بوو، وەك سەرۆك بارزانیش باسی لێوەكرد، لەدەستدانی ئەم سەركردەیە كەلێنێكی گەرەبوو، كە لەم ساتە وەختەدا ماڵئاوایی كرد، بەڵام دڵنیایان دەكەینەوە كە ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدی هێنانی خەون و ئاواتەكانی مام جەلال و تێكڕای گەلی كورد، بە پشتیوانی خوداو بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی و بە هیمەتی تێكڕای لایەنە سیاسیەكانی كوردستان.
ئەم پەرلەمانتارە دەشڵێت "كورد ئیرادەی خۆی سەلماند، چ بە ریفڕاندۆم چ بەو پڕۆتۆكۆلەكانی، ئەمەش وایكردووە كە نەیارانی كورد چاویان بە سەركەوتنەكانی كورد هەڵنەهێت و  لەبەرامبەردا بەدوای بیانووی جۆراو جۆر بگەڕێن، بەڵام ئیرادەو خۆڕاگری گەلی كورد زۆر لەوە بەهێزترە، بەو بەجۆرە قسانە بڕوخێت، بەڵكو رۆژ لەدوایی رۆژ یەكڕێزی زیاتر دەبێت".