Share on facebook
دادگای عێراق داواكاری پەڕلەمانی رەت كردەوە
چوار شەممە, 11 تشرینی یەکەم 2017 10:14

 


زاری كرمانجی : ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق لەبارەی لێپێچینەوە لەو پەرلەمانتارانەی‌ بەشداریی ڕیفراندۆمیان كردووە، دوا بڕیاری دا، تا ئێستە لە عێراقدا هیچ یاسایەك نییە بۆ سوێند شكاندن و سزادانی‌ ئەو كەسانەی‌ سوێند دەشكێنن.


دادگای فیدڕاڵی عێراق وەڵامی داواكاری ئەو پەرلەمانتارە عەرەبانەی دایەوە كە لەسەر داوای پێشتری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی‌ نوێنەران نامەیەكی ئاراستەی دادگای باڵای‌ فیدراڵی كردبوو، لەبارەی گرتنەبەری‌ ڕێوشوێنی‌ یاسایی لە دژی‌ ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی‌ بەشداریی ڕیفراندۆمیان كردووە.


دادگای‌‌ فیدراڵی‌ عێراق ڕەتی دەكاتەوە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەدا بكات كە لە پرۆسەی‌ ڕیفراندۆمدا بەشدارییان كردووە و دەنگیان داوە، هەروەها لێپیچینەوە لەو پەرلەمانتارانەی‌ بەشداری‌ ڕیفراندۆمیان كردووە، تایبەتمەندی‌ ئێمە نییە و پێوەندیشی‌ بەئێمەوە نییە، هیچ یاسایەك نییە بۆ سوێند شكاندن و سزادانی‌ ئەو كەسانەی‌ سوێند دەشكێنن.


پەرلەمانتارە عەرەبەكانی شیعە و سوننە بۆ دروستكردنی پشێوی، ئێستە كە عێراق لە هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە، ویستیان بابەتەكە بخەنە ئەستۆی دادگای فیدراڵی و لەسەر خۆیانی لا بدەن، بەڵام دادگا نەیتوانی هیچ سزایەكی پەرلەمانتارە كوردەكان بدات.


ڕۆژی 25ـی ئەیلوول كورد ڕیفراندۆمی ئەنجام دا و %92 زیاتر دەنگیان بەجیابوونەوە لە عێراق دا، ئەوەش عەرەبە شۆڤینییەكانی عێراقی هەراسان كرد و واژوویان كۆ كردەوە بۆ سەندنەوە متمانە لەو نوێنەرە كوردانەی بەشداری ڕیفراندۆمیان كردووە.