ئیبنو ئادەم زانا و رۆشنبیرێكی لەیاد كراو
پێنج شەممە, 12 تشرینی یەکەم 2017 19:17

سوبحان شكۆ- سۆران

كوردستان بە درێژایی مێژوو گەلێك نووسیار و رۆشنبیری بلیمەتی لێ هەڵكەوتووە, بەڵام بەهۆی بێ بەزەیی مێژوو گەلێك زانا و ئەدیب و شاعیری دیاری كۆمەڵگەی كوردی لەیاد كراوە, ئیبنو ئادەم یەكێكە لەو بلیمەتانەی ئەستەمە كۆمەڵگەی كوردی زانا و دانایەكی وا بەخۆی ببینێتەوە, چونكە بەشێك لە پەرتووك و نوسراوەكانی كە ئێستا لەبەر دەستن گەواهیدەری ئەوەن كە لە لوتكە و بەرزترین ئاستی هۆشیاری هزر بووە, هەر چەندە زۆرێك لە پەرتووك و نوسراوەكانی تا ئێستاش دیار نین و ونن.

نەوەكانی ئیبنو ئادەم ژیان نامەی پر لە سەروەری و لێهاتوویی و بەرزی ئاستی ژیری محەممەد بۆ زاری كرمانجی باس دەكەن.

محەممەد, ناسراو بە ئیبنو ئادەم لە ساڵی 1747 لە گوندی روستی دەڤەری باڵەكایەتی سەر بە قەزای چۆمان لەدایك بووە, ئیبنو ئادەم بە دەیان دانراوی خۆی دەربارەی زۆربەی زانستەكانی وەك زمانەوانی, مێژوو, زانستی گفتوگۆ, زانستی وشە, رێزمان, رەوانبێژی بیركاری, لۆجیك, ئەستێرە ناسی, شیعر و چەندانی تر نووسیوە, بەشێك لە كتێبەكانی ئیبنو ئادەم لە پەرتوكخانەی دكتۆر عەبدوڵڵا مەلا سەعید مەلا وەیسی لە شارۆچكەی دیانا پارێزراوەن.

ئیبنو ئادەم لە یەكێك لە كتێبەكانی نوسیوویەتی, سوڵتان سەلیمی عوسمانی پرسیارێكی زمانەوانی ئاراستەی زانایانی كوردستان و عێراق كرد, هەر كەسێك وەڵامی پرسیارەكەی بە لێهاتوویی و ژیری خۆی بزانیبا خەڵاتی پێدەدرا و دەكرا بە والی سوڵتان لە شاری بەغدا, هیچ یەك لە مەلا و زاناكان لەو كاتەدا ئەو پرسیارەی بۆ وەڵام نەردایەوە كە سوڵتان سەلیمی عوسمانی ئاراستەی كردن, محەممەد وەك خۆی نووسیویەتی لە ماوەی رۆژێك وەڵامی پرسیارەكە دەدۆزێتەوە, بەڵام وەڵامی ئیبنو ئادەم لەلایەن چەند فەقێیەك دەبردرێت و خەڵاتیشی پێوەردەگیرێ‌.

محەممەد ماوەیەكی زۆر لەلای پاشای كۆرەی رواندز مەفتی بووە و وانەی پێگوتۆتەوە, بەڵام دوای ماوەیەك لەلای پاشای كۆرە دەروات, دەگوترێت بە هۆكاری ئەوەی ئیبنو ئادەم رەخنەی لەسەر شێوازی مامەڵە كردن و ئازاردانی زیندانیان هەبووە لەگەڵا پاشای گەورە بە دەمەقاڵێ دێت و زۆر بە دڵگرانی پاشای كۆرەی رواندزی جێ هێشتووە, ئەمەش دەرخستەی ئەو راستیەیە كە محەممەد بەر لە 215 ساڵ لەمەو بەر دژی پێشێلكردن و شكاندنی گەورەیی مرۆڤ بووە, لەپاڵ وانە گوتنەوەی بە پاشای كۆرەی رواندز, ئیبنو ئادەم وانەی بە شاعیر و زانایانی نەتەوەی كورد هەر یەكە لە حاجی قادری كۆیی, مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە, باوكی مەلا گەورە, مەلا خەتێ, مەولانە خالیدی شارەزووری و  چەندین زانای بەناوبانگی تر گوتۆتەوە.

ئیبنو ئادەم بەهۆی پێگە دیارەكەی چەندین نووسیاری گەوەرەی كورد و عەرەب ژیان نامەی ئەم كەڵە پیاوە دەنووسنەوە, لەوانەش عەباس عەزاوی, محەممەدی خاڵ, مسعوود محەممەد, ئەحمەد عوسمان ئەبوبەكر, زوبێر بیلال ئیسماعیل, كەریم شارەزا, فائیزی مەلا بەكر, عەبدول كەریمی مودەریس, رەشید ئامێدی.

حوسێن حوزنی لەسەر كەسایەتی و لێهاتووی ئیبنو ئادەم دەڵێت:" ئیبنو ئادەم ئەو زانایەیە ئەگەر لە نێو هەر نەتەوە و گەلێكیتر هەڵبكەوێ‌ شانازی زۆری پێوەدەكەن, ئیبنو ئادەم شایەنیەتی لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان پەیكەری بۆ دروست بكرێت.

ئیبنو ئادەم لەسەر پرسی نەتەوەیی و نووسین بە زمانی كوردی زۆر  بە تەندی پێداگری كردووە, محەممەد ئەو كات, گەلێك جار لە نووسنەكانی خۆیدا باسی شاری سلێمانی كردووە و گووتویەتی (سلێمانی پایتەختی كوردستانە) ئەمەش جۆرێك لە دان نانە بە دەوڵەتی كوردستان.

ئیبنو ئادەم لە خەباتی رۆشنبیری خۆی بەردەوام دەبێت, تاكو لە ساڵی 1822 لە گوندی وێڵزەی سەر بە قەزای چۆمان گیان دەسپێرێ و هەر لەوێ بە خاك دەسپێردرێت, بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە نیشتیمانێكی بێ‌ دەوڵەت و سەربەخۆ دەكات.