Share on facebook
دەنگۆی داخستنی دەروازەكان كاریگەری كردۆتە سەر بازاڕ
یەک شەممە, 15 تشرینی یەکەم 2017 20:24

ZKW: محەمەد ئامۆكەیی : بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندم لەهەرێمی كوردستان و دەنگۆی داخستنی دەروازەكان و هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێ لەسەر داخستی سنور و بڕینی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ باشور لەئەگەری داخستنی سنورەكان بەشێك لە هاووڵاتیانی هەرێم دەستیان كردوە، بە كڕینی كەل و پەلی خواردەمەنی وەك برنج و روون و شەكر ئارد و چەند پێداویستێكی تر، ئەگەر چی نرخی كەل و پەلەكان هیچ گۆڕانكارێكی ئەوتۆی بەسەر دانەهاتوە، بەڵام هاووڵاتیان بەلیشاو سەردانی دوكانەكانی كەل و پەلی خواردەمەنی دەكەن و دەیكڕن هاووڵاتیانیش داوەدەكەن و دەڵێن دەكرێ  حكومەت ڕێ لە بازرگانەكان بگیرێت كە لە دەروە خەریكی هاوردەكردنی كەل و پەلی جۆراو جۆرن بۆ كوردستان بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی گرانی نەبێت هاووڵاتیانیش بارگرانێكی تریان نێتە سەرشان هەروەها لە ئێستادا باشوری كوردستان بازارێكی لە بارە بۆ ساغكردنەوەی كاڵای ئێرانی و توركی ساڵانە زیاتر لە ۱٥ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیان هەیە بۆیە پێ ناچێ  ئەوان دەست لەو بازگانییە زەبەلاعە هەڵگرن و بەرژەوەندییەكانیان تێك نادەن.
تەڵعەت كەریم وەك دوكاندارێك دەڵێت" دەنگۆی داخستنی دەروازەكان كاریگەری زۆری كردۆتە سەر بازاڕ بەجۆرێك خەڵك هەوڵ دەدات زیاتر پارە لە ئازوقە سەرف بكات تاكو هەندێك ئازوقە بۆ پاشەكەوت ئامادە بكات و لە كاتی پێویست بەكاری بهێنێت، لەگەڵ ئەمەشدا خەڵك لە دڵە ڕاوكێ دایە نازانێت ئەم گۆڕانكارییەی بەسەر هەرێم دا هاتووە بەهۆی ئەنجامدانی گشتپرسیەوە كاریگەری چۆن دەبێت ئایا هەر بەردەوام دەبێت یان سنور دادەخرێن یان كراوە دەبن، هەتا ئێستاش هیچ  كەل و پەلێكی خواردەمەنی گران نەبووە وەك خۆیەتی بەڵكوو هاووڵاتیان بەهۆی دڵەڕاوكێوە گۆڕانكاری بەسەر نرخەكەی دادەهێنن
ئەو دوكاندارە زیاتر گووتیشی" دراوسێیەكانمان هەمیشە دووژمنی كوردن ئەوان نایانەوێت كورد ببێت بە دەوڵەت بۆیە ڕۆژانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن دەیان وتاری هەڕەشە ئامێز بڵاو دەكەنەوە، داوای سەپاندنی سزا بەسەر هەرێم دەكەن بەڵام بڕیارەكانیان لە ژورێك زیاتر تێناپەڕێت تا كاریگەری بەسەر بازاڕ و ژیانی تاكی كورد دابهێت بۆیە تا ئێستاش ئەوەی هەیە تەنیا خەڵك خۆی دروستی كردوە ئەگەر نا هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی شت و مەك بەدی ناكرێت.
عەبدوڵڵا ئەحمەد دوكاندارێكی ترەو گووتی" بەهۆیی دواكەوتن و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هاووڵاتیان تووشی قەرزاری بونە لە بازاڕەكان تایبەت پێداویستی خواردەمەنی كە لەگەڵ ژیانی رۆژانەی مرۆڤە و ئەمەش وادەكات هەم ئێمەی دوكاندار و هەمیش ئەوانەی قەرزاری ئێمەن دەستمان ببەسترێت و وەك پێویست دوكانەكانمان پڕكەین لە كەلو پەل ئەنجامدانی ریفراندۆمیش وایكرد هاووڵاتیان بە لێشاو روبكەنە بازاڕو شت و مەك بكڕن، بەهۆی دەنگۆی داخستنی دەروازەكان من وای دەبینم دەروازەكان داناخرێن و هاونیشتیمانیان خۆیان وادەكەن كەل و پەل گران بوونی بەسەر دابێت من لێان دەپرسم ئەوە بۆ چەند مانگێك شتیان كڕی ئەی دواتر چیدەكەن، دەخوازم هەموو خەڵكی كوردستان خۆی تووشی دڵەراوكێ نەكات لەبەر ئەوەی خوای گەورە ئێمەی مرۆڤی دروستكردوە خۆشی دەمان ژێنێ، عەبدوڵڵا زیاتر دەشڵێت" تەنیا گۆڕانكاری لە برنج و شەكرروی داوە ئەم دوومادەیەش زۆربەكار دەهێنرێت و دەیكڕن ئەوەش هۆكاربوو بۆ ئەوەی بەرزببنەوە، بۆهەر گوشێك بڕی دەهەزار بۆ پازدە هەزار گران بێت تاوانەكەش لە ئەستۆی هاووڵاتیانە نەك دوكاندار و بازرگانەكان.
شەمال خورشید وەك فەرمانبەرێك دەڵێت" دوای ئەوەی ریفراندۆم ئەنجامدرا وایكرد ئێمەی هاونیشتیمانی بیر لە زۆرشت بكەینەوە وەك ساڵانی نەوتەكان تووشی گرانێكی تر نەبیەنەوە چوونكە ژیانی هەژاری سەختە ئەم دووژمنانە رۆژانە شەڕی دەروونیمان لەگەڵ دەكەن، بەڵام ئەگەر یەكگربین سەركەوتوو دەبین بەس هەق وایە حكومەتیش چاوێك بە مووچەی فەرمانبەران دابخشێنێتەوە و ئەم ئەركە قورسەی لەسەر شانمانە كەمێك سوكبێ بەڕای خۆم نرخەكان گرانن برنجی بیست و پێنج كیلۆیی نرخی سەروی پەنجا هەزارە لەم كاتەدا زۆرە بۆ چینی فەرمانبەر  یان كەل و پەلەكانی تر ئەوانیش نرخەكانیان بەرزە لەگەڵ ئەوەش دوكاندار و بازرگانە چاوچنۆكەكان بە ئارەزوی خۆیان یاری بەنرخەكان دەكەن و حكومەتیش كەمتەر خەمە لەم روەوە، شەماڵ زیاتر گووتیشی" با بەبەردەوامی لیژنەكانی چاودێری بازاڕ سەردانی دوكانەكان بكەن و ئاگاین لە نرخی شت و مەك بێت، تخوا ئەم هەموو بارگرانیە تاكەی ، تەمەنم سەروی چڵ ساڵانە خۆشێكی وام نەدیوە هەموو ژیانمان بۆتەقەیران، راستە هەندێ خەتای ئێمەشی تیایە ئەوندە ساویلكەین باوڕ بەهەموو دەنگۆێك دەكەین لە هەمان كاتیش ناهەق نین.