Share on facebook
نەجیبە نەجیب: هیچ ماددە و بڕگەیەك لە دەستووردا نیە كە ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە ریفراندۆمدا كردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت
چوار شەممە, 18 تشرینی یەکەم 2017 21:21

ZKW : نەجیبە نەجیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد" هیچ ماددە و بڕگەیەك لە دەستووردا نییە باس لەوە بكات ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا كردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، بۆیە دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە، ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە بدەین و كاری ئێمە نییە، هەروەها بڕیاری دەستگیركردنی بەرپرسانی كۆمیسیۆن، بڕیارێكی نادروست و سیاسییە، ئەمەشیان وەكو بڕیارەكانی دیكە، دەلیلی ئەوەیە كە دادگای عێراقی سەربەخۆ نییە."
نەجیبە نەجیب، ڕوونیكردەوە" هیچ ماددە و بڕگەیەك لە دەستووردا نییە باس لەوە بكات ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە ریفراندۆمدا كردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، بۆیە دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە، ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە بدەین و كاری ئێمە نییە، با شوێنی دیكە قسەی لەسەر بكەن، وەكو پەرلەمان و لیژنەی یاسایی، هەر بۆیە ماوەی هەفتەیەكە دادگای فیدراڵی ئەو پرسەی دواخستووە و قسەی لەسەر نەكردووە، بەڵام هەوڵەكانی ئەو پەرلەمانتارانە بەردەوام دەبن، چونكە چاوەڕوانی ئەوەن شەقامی عێراقی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و ریكلامی هەڵبژاردن لەسەر حیسابی كورد بۆ خۆیان بكەن، ئەوان لەسەر ئەوەش ڕاناوەستن، بەڵام ئێمە وەكو كورد لە ئەوان بێ منەتین و ئەوان چ دەكەن، با بیكەن، چونكە نە دەستوور لە بەغدا ماوە، نە یاسا، بەڵكو تەنیا ناحەزانی كورد ماون و هەر یەكە و لە لای خۆیەوە بڕیارێك دژی كورد دەردەكات.
دەشڵێ" بڕیاری دەستگیركردنی بەرپرسانی كۆمیسیۆن، بڕیارێكی نادروست و سیاسییە، هەر وەكو بڕیارەكانی دیكە، ئەوەش دەلیلی ئەوەیە كە دادگای عێراقی سەربەخۆ نییە، بەڵكو بەپێی بڕیارەكانی سیاسی كار دەكات، چونكە سەرۆك و ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەرێم، بەپێی یاسای پەرلەمانی كوردستان كار دەكەن، هەبوونی ئەوان لە دەستووری عێراقدا پەسەند كراوە، هەموو دەسەڵات و كاروبارەكانی كۆمیسیۆن دەستووری و یاسایینە، بەڵام ئەو بڕیارەی كە دەرچووە دەلیلە لەسەر ئەوەی كە دادگای ئیتحادی سەربەخۆ نییە.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشدا" تا ڕەوشی بەغدا ئارام نەبێتەوە و لایەنە سیاسییەكان لە یەكدی نزیك نەبنەوە، بەتایبەتی بەغدا و هەولێر، ئێمە ناگەڕێینەوە بەغدا، چونكە ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بەغدا تەنیا بەشداری لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەین، چونكە ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك ڕابگرین، یان دەربكەین، پێویستە ئەو بڕیارانەی كە دراون دژ بە هەرێمی كوردستان نەمێنن و هەڵبوەشێنەوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی باشتر بوونی ڕەوشی سیاسی دەكەین، پاشان بڕیار دەدەین بگەڕێینەوە بەغدا، یان هەر لەسەر بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بەردەوام بین، بەڵام من لەو باوەڕەدام ڕەوشی سیاسی باشتر دەبێت، چونكە ئێستا لە زۆر لاوە هەوڵ دەدرێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن و پێكەوە دابنیشن، چونكە هەموو ئەو بڕیارانەی كە دراون دژی یاسا و دەستوورن، هەتا نەك تەنیا لە بەرژەوەندی هەرێم دانیە، بەڵكو لە بەرژەوەندی عێراقیشدا نیە، بەڵكو ئەو لایەنانەی زیاتر هەوڵ بۆ تێكدانی ڕەوشەكە دەكەن سەر بە نوری مالكی نە، چونكە هەندێك لایەنی شیعە لەگەڵ دروستبوونی كێشە و ئالۆزیدا نینە، هەتا لایەنی سونە لەگەڵ دروستبوونی كێشەدا نیە، چونكە ئەوانیش دەزانن ئەوە مافێكی ڕەوای گەلی كوردە كە دەنگی بۆ داوە.
نەجیبە نەجیب، زیاتر دەڵێ" ئەو بڕیارانەی دراون لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێن، چونكە ئەو بڕیارانە پێچەوانەی یاسا و دەستوورن، ئەو بڕیارانە بڕیاری دوژمنایەتی نە".