Share on facebook
هەندێك لایەنی سیاسی هەوڵی دوو ئیدارەیی دەدەن
یەک شەممە, 22 تشرینی یەکەم 2017 18:38

ZKW: چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی: عارف ڕۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا گوتی"میللەتی ئێمە شۆڕش و بەرخودان و ڕاپەڕینی ئەنجامداوە تاكو وەكو هەموو گەلانی جیهان ئازاد بێت و خاوەن ناسنامەی خۆی بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە هێشتا وڵاتانی دەوروبەری ئێمە و ئەو وڵاتەی ئێمە تێدا دەژین، نرخی مرۆڤایەتی نازانن، هەموو كات ئێمە بە ژێردەستی خۆیان دەزانن. ڕوونیشیكردەوە"ئەوەی لەسەر ملی پارتییە وەكو بابەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی، وەكو ستراتیژیەت كاری بۆ كردووە، ئەگەر لەگەڵ پارتی هاوكار بووانە، بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ئەمڕۆ گەلی ئێمە نەدەگەیشتنە ئەو قۆناغە، چونكە پارتی زۆر چووە پێشەوە، هاوكار بوو لەگەڵ حزبەكان، زۆر قوربانی دا بۆ یەكڕیزی گەلی كورد، هیچ مەرجێكی نەهێشت، بەڵام بە حوكمی ئەوەی ئەوان باوەڕیان بە چارەنووسی گەلی كورد نیە، باوەڕیان بە دەوڵەت نیە، تەنیا بە قسە دەڵێن و باوەڕیان پێ نیە، ئەوەی پارتی لەسەر بووە و پێویست بووە بیكات بە زیادەوە كردووە، بەڵام لایەنەكانی دیكە نەهاتنە پێشەوە، بەڵام دەبێت گەلی ئێمە لێرە بەدواوە تێ بگات كە كێ خەنجەری لە پشتەوە لە ئەوانی داوە و كێ بوونە هۆكاری تێكدانی یەكڕیزی و یەكگوتاری گەلی كورد.
عارف ڕۆشدی، دەڵێ" كەركووك ئەگەر بە مێژوو بێت، ئەگەر بە دیموگرافیا بێت، بەشێكە لە كوردستان، كوردستان ئەوە زیاتر لە 100 ساڵە دابەش بووە بەسەر چوار وڵاتدا، بەردەوام میللەتی ئێمە شۆڕش و بەرخودان و ڕاپەڕینی ئەنجامداوە تاكو وەكو هەموو گەلانی جیهان ئازاد بێت و خاوەن ناسنامەی خۆی بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە سەدەی 21 هێشتا وڵاتانی دەوروبەری ئێمە و ئەو وڵاتەی ئێمە تێدا دەژین، نرخی مرۆڤایەتی نازانن، وەكو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ئێمە ناكەن، هەموو كات ئێمە بە ژێردەستی خۆیان دەزانن، لەگەڵ ئەوەی من بەخۆم گلەیی زۆر لەو خاڵە ناكەم، من گەیشتوومەتە ئەو بڕوایە كە نابێت هیچ كات گلەیی لە تورك و فارس و عەرەب بكەین، بەڵكو گلەیی گەورە دەبێت لە خۆمان بكەین، كە دیارە بەشێك لە گەلی ئێمە بەردەوام هەستێكی لا پەیدابووە كە دەبێت لە خەڵكی دیكە بچووكتر خۆمان ببینینەوە، هەموو كات گوێ لە خەڵكی دیكە بگرین، ئەوەش هەموو لە بەرژەوەندی دوژمناندایە بۆ ئەوەی ئێمە لەناو ببەن و دەست بەسەر خاكی ئێمە دا بگرن، كەركووكیش یەكێكە لەو نموونانە.
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی زیاتر دەڵێ" ئەو هێزەی لە كەركووك، چ سەربازی بێت، چ سیاسیی، گونجاو نەبوو، هەتا لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش هندەی لە خەمی خواستەكانی خۆیاندا بوون، بەرژەوەندی گەلی خۆیان لەبەرچاو وەرنەدەگرت، بەڵكو بەردەوام كێشەیان دروست دەكرد، ئەگەر ببێتە حساب و حسابكاری یەك لەو كەس و لایەنانە دەرباز نابن، ئەو شەڕەی كە ئێستاش بەسەر ئێمەدا فەرز كراوە، هیچ كات گەلی كورد شەڕی نەویستووە، ئێمە نەچووینە خاكی كەس داگیر بكەین، بەڵكو هەموو كاتێك شەڕ بەسەر ئێمەدا سەپێنراوە، كەركووك شاری پێكەوەژیان بوو بۆ هەموو ئەو نەتەوە و پێكهاتانەی كە لە كەركووك دەژین، بەڵام ئەو دووبەرەكیەی ئێمە وای كرد كە ئێمە تێدا سەركەوتوو نەبین.
عارف ڕۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد" تا ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر كەس و لایەن دەیانگوت ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەگەر لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە ئەنجام نەدرێت، ئەوە جێگەی قبوول نیە و سەر ناگرێت، بەڵكو هەندێك كەس دەیان گوت دەبێت ریفراندۆم بەس لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 بكرێت، كەچی ئەمڕۆ بەخۆیان دەڵێن بۆچی ریفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام درا، كەچی هەر ئەوان بوون دەیانگوت ئەگەر  ریفراندۆم لەو ناوچانە نەكرێت با هەر نەكرێت، كەچی ئەمڕۆ 80% ڕای خۆیان گۆڕیوە، وەكو چۆن داگیركەران ڕەخنە لە ئێمە دەگرن، ئەوانیش هەر بەو شێوەیە ڕەخنە دەگرن، بۆیە لەو بڕوایەدام، كە ئێمە چۆن گلەیی لە عەقلیەتی حكومڕانی لە بەغدا دەكەین، هەتا ئەو عەقلیەتە لە بەشێك لە حزبەكانی ئێمەدا زاڵ بێت، هەتا ئەو كەرب و كینە لەناو سیاسەتی كورددا هەبێت، باوەڕناكەم كورد هیچ هەنگاوێكی ئیجابی بنێت، بۆیە باوەڕناكەم كورد تەجرووبە وەربگرێت، چونكە ئەگەر تەجرووبەی وەرگرتبایە دەبێت هەموومان پێكەوە بەرامبەر بە ئەو زوڵمەی لە گەلی كورد دەكرێت، تەعدا لە ناموسی ئەوان دەكرێت، شەهیدانی ئێمە بەدوای خۆیاندا ڕادەكێشن، دەبووایە یەكهەڵوێست باینە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتانە ئێستاش كاتێك لە هەندێك لایەن دەپرسی دەڵێ ئەوە شتێكی نورمالە و هیچ نەبووە و ژیان لە كەركووك ئاساییە و وەرن لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بژین، بۆیە دەبووایە ئەوەی ئەوان كردوویانە بەرامبەر بە گەلی كورد داوای لێ بوردنیان كردبایە، دانیان بە هەڵەی خۆیان نابایە، بانگەشەیان بۆ ئەوە كردبایە كە چۆن یەكڕیزی ناو ماڵی كورد دەپارێزن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هەولێر و بەغدا گفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی بەشێك لەو شتانەی كە لە دەستمان داوە بگەڕێنینەوە.
عارف ڕۆشدی، ئاشكراشی كرد"  هەر دەم گەلی كورد شتی زۆری باشی كردووە لە خەباتی خۆیدا، بەڵام لە هەمان كاتدا لە هەموو قۆناغەكان بەكۆیەك دروست بووە،  ئەگەر  بۆ مێژوو بگەڕێنەوە لە سەردەمی شێخ سەعیدی پیران هەندێك كەس لەو شۆڕشە خاین بوونەوە، شۆڕشیان لەسەردانا و لە سێدارە دران، لەسەردەمی شێخ مەحموودی حەفیدیش هەمان شت بوو، هەندێك كەس كە خۆیان بە خوێندەوار و رۆشنبیر دەزانن، هەمان شتە، بۆ ئێمە شێر و پلنگن و شیر و مەتالیان لە دەستدایە و رۆژانە لەسەر كەنالەكانی راگەیاندن باسی علم و زانست و فەلسەفە دەكەن، بەڵام لەبەرامبەر بە دوژمن نەیان توانی بچووكترین وشە دەرببڕن، لە جیاتی ئەوەی خەڵك دژی حكوومەتی عێراق هان بدەن، دەیانەوێت خەڵك دژی حكوومەتی هەرێم هان بدەن، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم فەشەل بێنێت، بۆیە وەرە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە هەنگاوی باش و ئیجابی بنێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
سەبارەت بەوەی هەندێك لایەن باس لەوە دەكەن كە سلێمانی و كەركووك دەكەنە هەرێم، یان جارێكی دیكە باس لە دوو ئیدارەیی دەكەنەوە، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیاركرد" ئەوانەی بەو شێوەیە بیر دەكەنەوە، دەبێت بزانن كارێكی وا دەكەن، كە لە مێژوودا ناوی ئەوان بە باشی ناهێت، ئێستاش ئەوە هەیە و هەوڵ هەیە كە ئەوە جارێكی دیكە لە كوردستان دووبارە بێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە كە ئەوانە تەنیا بیر لە دەستكەوتی تاكە كەسی دەكەنەوە، هیچ كاتێك من باوەڕم بەو كەسانە نیە كە دروشمی لە خۆ گەورەتر هەڵدەگرن، هەتا باوەڕم بەوانە نیە كە ئەوانەی باسی گەندەڵی و شەفافیەت دەكەن، چونكە ئەگەر تۆ بەدواداچوون بكەی ئەوانە مامۆستای گەندەڵینە و باسی خەڵكی دیكە دەكەن، من لەو بڕوایەدام گەلی ئێمە لەو تاقی كردنەوەیە ڕزگار دەبێت و دەتوانێت پاشەڕۆژێكی گەشتر بۆ خۆ دابین بكات، بەڵام داوای من ئەوەیە كە گەل هەموو سەركردەكان بناسێت، كە كێ نیشتمان پەروەر و دڵسۆز و خەباتكەر بووە، وە كێ خەنجەر لە پشتەوە لە ئەوانی داوە و بوونە هۆكاری تێكدانی یەكڕیزی و یەكگوتاری گەلی كورد.
سەبارەت بەوەی لەو قۆناغەدا چ دەكەوێتە سەر ملی پارتی، عارف ڕۆشدی، ئاشكرای كرد" من ناتوانم بڵێم پارتی لە هەموو هەڵەكان دوورە، چونكە بەس خوا هەڵەی نیە، ئەگەرنا هەموو كەس و لایەنەكان هەڵە دەكەن، بەڵام ئەوەی لەسەر ملی پارتییە وەكو بابەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی، وەكو ستراتیژیەت كاری بۆ كردووە، ئەگەر لەگەڵ پارتی هاوكار بووانە، بەتایبەتی یارمەتی سەرۆك بارزانیان دابایە، ئەمڕۆ گەلی ئێمە نەدەكەوتە ئەو قۆناغە، چونكە پارتی زۆر چووە پێشەوە، هاوكار بوو لەگەڵ حزبەكان، زۆر قوربانی دا بۆ یەكڕیزی گەلی كورد، هیچ مەرجێكی نەهێشت، بەڵام بە حوكمی ئەوەی ئەوان باوەڕیان بە چارەنووسی گەلی كورد نیە، باوەڕیان بە دەوڵەت نیە، تەنیا بە قسە دەڵێن و باوەڕیان پێ نیە، ئەوەی پارتی لەسەر بووە و پێویست بووە بیكات، بە زیادەوە كردووە، بەڵام ئەوانی دیكە نەهاتنە پێشەوە.
سەبارەت بەوەی ئەو دەردوبرینە چارەسەری چییە،  عارف ڕۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی" ئەو دەردوبرینە ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەكان دەست لەسەر ویژدانی خۆیان دابنێن، دڵسۆز بن دەتوانن هەنگاوی ئیجابی بنێن، نابێت پرسە نیشتمانییەكان بە پرسە لاوەكییەكانەوە گرێ بدەین، بۆیە نابێت پرسە نیشتمانییەكان بە مووچەوە گرێ بدەین، ڕاستە مووچە گرنگە، ژیان گرنگە، ئەگەر تەنیا كێشە مووچەیە، بۆچی بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەناو بردنی گەلی كورد دەدرێت، ئەوەی مووچەی كوردستانی بڕی كێیە، نەمبینیوە رۆژێك ئەو لایەنانە هەڵوێست وەربگرن و باس لەوە بكەن كە حكوومەتی بەغدا زوڵم لە ئێمە و خەڵكی ئێمە دەكات، بۆیە دەمێنێتەوە لەسەر ویژدان و ئەخلاقی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەرامبەر بە هەموو ئەو زوڵم و ئەو غەدرەی لە كورد دەكرێت، ئەگەر بتوانن خۆ بكەنە یەك دەتوانن سەرەتایەكی باش دەست پێ بكەن".