Share on facebook
سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی: كەركووكییەكان زوڵم و ستەم قبووڵ ناكەن
یەک شەممە, 22 تشرینی یەکەم 2017 18:40

ZKW: چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی: عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد" كەركووكییەكان زوڵم و ستەم قبووڵ ناكەن، ئەوەی پێمان بكرێت بۆ شاری كەركووك دەبێت بیكەین، چونكە كەركووك شارێكی كوردستانییە و دەبێت هەر لە باوەشی كوردستاندا بمێنێتەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو شارە نابین.
عیرفان كەركووكی، دەڵێ" جەبهەی توركمانی و حەشدی  توركمانی چوونەتە ناو ماڵ و بارەگای منەوە، ئەوەی دەیبەن بردوویانە، ئەوەی دیكەیان سووتاندووە، ورەی خەڵك زۆر بەرز بوو، حەشدی شەعبیش ئەو هێزە نەبوو بێتە ناو كەركووك، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەوەی بینیومان بۆیە جێگەی نیگەرانییە.
ئاماژەی بەوەش كرد" دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان بە كورد و توركمان و كلد و ئاشوور و سریانەوە، دەبێت هەموومان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەی پێمان بكرێت بۆ شاری كەركووك دەبێت بیكەین، چونكە ئێمە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری شاری كەركووك نابین، بەداخەوە دەبووایە ئەوە نەبووایە چونكە كەركووك شارێكی كوردستانیە، هەموومان خوێنمان بۆ ئەو شارە بەخشیوە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی داكۆكی لە خەڵكی كەركووك بكەین، بۆ ئەوەی بە هەموومان بە یەكەوە ئەو شارە لە دەستی دوژمنان ڕزگار بكەینەوە، چونكە كەركووك شارێكی كوردستانییە و دەبێت هەر لە باوەشی كوردستاندا بمێنێتەوە، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابین.
سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، ئاماژەی بەوەشدا" ئێمە وەكو پارتێكی توركمانی كە دەنگمان دا بە ریفراندۆم و لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان بووین، بۆیە بەو شێوەیە لە دژی ئێمە كار دەكرێت، توركیا دەبووایە زانیبایە ئێستا توركمانەكانی كەركووك سونە توركمانەكانی مەزهەبییەكانی كەركووك بەڕاستی كەوتنە ژێر گوشاری توركمانە شیعە تائیفەكانی ئێستا لە كەركووكن، بەداخەوە توركمان پێش هاتنی تائیفە شیعەكان بۆ كەركووك، لەسایەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ئارامی دەژیا، مافی توركمانەكان پارێزراو بوو، توركمانەكان لە داعش ڕزگار كران، بەڵام ئێستا لە ڕەوشێكی زۆر خراپدا دەژین، تائیفەگەری، شیعەگەری ئێستا لە كەركووك سەری هەڵداوە، ئەو توركمانانە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و ئەو ماڵانە تاڵان دەكەن و دەسووتێنن.
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، ئەوەشی دركاند" ئەو زوڵمەی لە كەركووك كرا، نەدەبووایە بەو شێوەیە كرابایە، كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و كەركووك نەبوو، كە تەنیا لە دووزخورماتوو ماڵی زیاتر لە 1200 توركمان سووتێنراوە و خەڵكەكەی ئاوارە بووە، هەمان شتیش لە كەركووك دووبارە دەبێتەوە، حەزمان دەكرد كەركووك هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە بەڵام بەداخەوە ئەو دەستە ڕەشە هاتە ناو شاری كەركووك و ئەو شارەی تێكدا.
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی زیاتر دەڵێ" ئێمە ناچینە ژێر ئاڵای تائیفەگەری لە كەركووك، دەبێت كەركووك بگەڕێتەوە بۆ كوردستانی بوونی ڕاستەقینەی خۆی، كە خزمەتی هەموو لایەنێكی كردووە، بۆیە نابێت كەركووك بەو شێوەیە ببینرێت و ئێمەش ناچینە ژێر ڕكیفی هیچ لایەنێكەوە.
سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی ئاشكراشی كرد" خەڵكی كەركووك باجێكی گەورەی دا لەبەر ئەوەی ئێمە كوردستانینە، بەردەوام تەئكید لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك دەكەین، كەركووك شارێكی كوردستانی و شاری پێكەوەژیانە، لەژێر ئاڵای تائیفەگەری زوڵمێكی زۆر لە توركمانەكانی كەركووك دەكرێت، رۆژ بۆ رۆژ خەڵكی كەركووك ئەو شارە بەجێ دێڵن، چونكە وەكو خۆیان دەڵێن كەركووك ئارام نیە و جێگەی ژیانی تێدا نەماوە، ئەو هێزانەی هاتوونە ناو كەركووك دەبێت لەناو شار بكشێنەوە، كەركووك بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی، ئەگەرنا بەو ڕەوشەی ئێستا لە كەركووك هەیە، ئێمە ناتوانین بچینەوە كەركووك و بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن بكەین، بەس بۆ ئەوەی بچینەوە بۆ كەركووك".