Share on facebook
بەرەڤان حەمدی: زەوی دەدرێتە شەهیدانی شەڕی داعش
یەک شەممە, 22 تشرینی یەکەم 2017 18:43

ZKW: بەرەڤان حەمدی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند، لە چەند ناوچەیەك بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆك زەویی بەسەر شەهیدانی شەڕی داعش دابەش كراوە، لە شوێنەكانی دیكەش لە هەوڵی بەردەوام داین، لە هەر شوێنێك پارچە زەوی تەرخان كرابێت، بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش دەكەین. ڕوونیشیكردەوە" ئەم ساڵیش وەكو ساڵانی پێشوو وەزارەتی كاروباری شەهیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كرێی خوێندن بۆ كچ و كوڕانی شەهیدان و ئەنفالەكان و زیندانیانی سیاسی خەرج دەكات.
بەرەڤان حەمدی، گوتی" ئەم ساڵیش وەكو ساڵانی پێشوو وەزارەتی كاروباری شەهیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە كرێی خوێندن بۆ كوڕ و كچی شەهیدان دابین دەكات، كە لە هەر زانكۆیەكی ئەهلی وەربگیرێن وەكو ساڵانی پێشوو كرێی خوێندنیان لەلایەن حكوومەتی هەرێم بۆیان خەرج دەكرێت، ئەوانەی لە زانكۆییە حكوومییەكانیش دەخوێنن هەوڵدەدەین هاوكاریان بكەین، لەگەڵ ئەو پەیمانگا ئەهلییانەی كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەن، منداڵانی شەهیدانیش بۆ باخچەی ساوایان و قوتابخانە ڕاستەوخۆ بە بێ تیروپشك شانسی كورسی خوێندنیان پێ دەدرێت، كە لە هەر شوێنێك كە خۆیان ئارەزوویان هەبێت لێ بخوێنن.
دەشڵێ" لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە ڕێنماییەكان دەرچوونە، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا فۆرمێكی هاوبەشمان هەیە، لەگەڵ تۆماری زانكۆكان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی لەسەر بدات، بۆ ئەوەی پارەیان بۆ دابین بكرێت، بە هەمان شێوە بە پێی یاسای ژمارە 11، زیندانیانی سیاسی، یەكێك لە منداڵەكانی جا كوڕ بێت، یان كچ، هیچ جیاوازی نیە، ئەگەر لە زانكۆیە ئەهلییەكان بخوێنێت، حكوومەت پارەی كرێی خوێندن بۆ دابین دەكات، بە پێی ژمارەی قوتابیەكان و شوێنی خوێندن، چونكە ساڵانە ئەو بڕە پارەیە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، گۆڕانكارییەكانیش لەسەر ئەوەیە ئەگەر ژمارەی قوتابیان زیادبوو و لە شوێنی بەرز وەرگیران كولفەی خوێندنیش زیاتر دەبێت، هەموو شوێنەكانی هەرێمی كوردستان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیشەوە دەگەرێتەوە".
بەرەڤان حەمدی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان زیاتر دەڵێ" یەكەی نیشتەجێ بوون لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 9ی ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان هەیە، ئەوانەی فەرمانی ئەنجوومەنیان هەیە لە ڕێگەی شارەوانییەكان زەویان بۆ دابین دەكرێت، ئەوانەی فەرمانیشیان نیە، لە هەوڵداین فەرمانیان بۆ دەربچێت، وەزارەتی شارەوانی زەوییەكان دابین دەكات، چونكە ئەوانیش كێشەی كەمی زەوییان هەیە بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و دارایی، زەوییەكان ئامادە دەكرێن بۆ دابەش بوون.
ڕوونیشیكردەوە" بە پێی زەرورەت زەوییەكان دابەش دەكرێن، بۆ نموونە لە ماوەی رابردوو لە سنووری دهۆك 357 پارچە زەوی بەسەر شەهیدانی شەڕی داعش دابەش كران، كە سنووری قەزاكانی دهۆك، سێمێل، ئامێدی و شێخانی گرتبوویەوە، لەگەڵ قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش، لە شوێنەكانی دیكەش لە هەوڵی بەردەوام داین، لە هەر شوێنێك پارچە زەویی تەرخان كرا پڕۆژەی دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكەین.
سەبارەت بە هەڵدانەوەی بە گۆڕە بە كۆمەڵەكانیش بەرەڤان حەمدی، رایگەیاند" ئەگەر ڕەوشی ئەمنی هاوكار بێت، لەگەڵ ڕێكخراوی بیانی و پسپۆری بیانی كاریان تێدا دەكرێت، تاكو ئێستا ڕەوشەكە بەو شێوەیە نیە كە تیمەكانمان بچن لەوێ بمێنەوە و دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بكەن، لەسەر دوو ئەگەر ڕاوەستاوین، یەك باشی ڕەوشی ئەمنی لەناوچەكە، بۆ ئەوەی تیمەكانمان لەوێ بمێنەوە، دووەمیش هەبوونی دادگایەك كە وەكو دیكۆمێنتێك كاری لەسەر بكات، كە لە سنووری شنگال و دەوروربەری نزیكەی 40 گۆڕی بە كۆمەڵ هەن".