Share on facebook
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ: هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی كورد پێچەوانە بۆتەوە
دووشەممە, 30 تشرینی یەکەم 2017 17:27

ZKW: دیمانە- ڕائیب شێروانی- نازم هەركی، پەرلەمانتاری پارتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی" پاش دەستپێشخەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێچەوانە بۆتەوە، پشتگیری لە دەستپێشخەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق بە پیر بانگەوازی حكوومەتی هەرێم نەیەت زەرەرمەند دەبێت، بۆیە دەبێت حكوومەتی عێراق بەپیر بانگەوازی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئاماەژەی بەوەش كرد، بۆ كورد ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە، یەكڕیزی ناو ماڵی كوردە، عێراق و ئەوانەی كە لەگەڵدا بوون دوو پلانیان هەبوو پلانی A و پلانی B، پلانی A ئەوە بوو كە هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان، پلانی B ئەوە بوو كە دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ جارێكی دیكە سەر هەڵبداتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحالیە ئەمڕۆ كە ئێمە دەبینین كورد ڕیزەكانی خۆی ڕێك دەخاتەوە و ناو ماڵی كورد پتەوتر دەبێت، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش هەر بۆ ئەوە بوو رێگری لە دروستبوونی دوو ئیدارەیی بگرین، بۆیە ئێمە گەشبینین كە ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە نامێنێت و ڕەوش ئاسایی دەبێتەوە، چونكە چركە بە چركە هەڵوێستی وڵاتان دەگۆڕێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە.
نازم هەركی، دەڵێ" هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر باشووری كوردستان، ئەوان بۆ ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەگەر ریفراندۆمیش ئەنجام نەدرابایە، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە سەرپەرشتی پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵا و ئەو ڕێككەوتنەی هەرێمی لەگەڵ عێراق هەیە، هەر هێرشیان دەهێنایە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوەی 16ی مانگ لە كەركووك روویدا گومان تێدانە كە هەندێك كەسی نەفەس نزم هۆكاری ئەوە بوون كە هێزی پێشمەرگە پاشەكشە بكات و كەركووك داگیر بكرێت، ئەمڕۆش عێراق لەسەر ئەو ڕێچكەیەی گرتۆتە بەر بەردەوامە، بەتایبەتی پاش ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەری كرد و ئەو پێشنیارانە خرانە بەردەم حكوومەتی عێراق، لێرەدا دیار بوو كە حكوومەتی عێراق هەدەفێكی دیكەی هەیە، نەك ریفراندۆم، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بۆ عێراق و وڵاتانی دیكە دیار بوو كە هێزی پێشمەرگە توانای هەیە بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، چونكە لە هەر میحوەرێك هێرشیان هێنابێت بەسەر شۆڕی و بە شكەست گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.
پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی گوت" پاش دەستپێشخەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێچەوانە بۆتەوە، پشتگیری لە دەستپێشخەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق بە پیر بانگەوازی حكوومەتی هەرێم نەیەت زەرەرمەند دەبێت و حەیدەر عەبادی توشی زیانێكی زۆر گەورە دەبێت، چونكە وەكو دەبینین سیاسەتێكی دوو ڕووی دەكات، چونكە ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ ئەو پەیڕەو دەكات دەخاتە ناو سیناریۆیەكەوە كە تێدا زیانمەند دەبێت و لە كۆتاییدا ناتوانێت بە ئاسانی لێ دەربچێت.
نازم هەركی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەڵێ" بۆ كورد ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە، یەكڕیزی ناو ماڵی كوردە، عێراق و ئەوانەی كە لەگەڵدا بوون دوو پلانیان هەبوو پلانی A و B، پلانی A ئەوە بوو كە هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان، پلانی B ئەوە بوو كە دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ جارێكی دیكە سەر هەڵبداتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحالیە ئەمڕۆ كە ئێمە دەبینین كورد ڕیزەكانی خۆی ڕێك دەخاتەوە و ناو ماڵی كورد پتەوتر دەبێت، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش هەر بۆ رێگری بوو لە دروستبوونی دوو ئیدارەیی، ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ ئەوە بووین هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام وەكو دیار بوو كۆمیسیۆن ئامادە نەبوو، ئەوەی پەرلەمان كردی بۆ ئەوە بوو ڕێگری لە پلانەكانی عێراق و وڵاتانی دیكە بگرێت، لەگەڵ ئەوەی ئێمە نامانەوێت تەنیا هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەگەر كەركووك و ناوچەكانی دیكە تێدا نەبن، ئێمە دەمانەوێت ئەو هەڵبژاردنەی كە دەكرێت لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بكرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە ریفراندۆم لێ ئەنجام درا، بەڵام ئەوانەی دەڵێن نەدەبوو تەمەنی پەرلەمان درێژ كرابایەوە، ئەوانە پیلانی دوژمن جێبەجێ دەكەن، ئەگەرنا ئێمە هەموو لەگەڵ ئەوە بووین هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام نەدەبوو لە ناوچەیەك بكرێت و لە ناوچەیەكەوە نەكرێت، بۆیە ئەوەی كرا شتێكی زۆر باش بوو كوردستان ناكەوێتە فەراغێكی یاسایی، بۆیە جارێكی دیكە دووپات دەكەمەوە دەبێت حكوومەتی عێراق بەپیر بانگەوازی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
نازم هەركی، ئاشكراشی كرد" ئێمە گەشبینین كە ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە نامێنێت و ڕەوش ئاسایی دەبێتەوە، چونكە چركە بە چركە هەڵوێستی وڵاتان دەگۆڕێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە، ئەگەر ئەوەی عێراق بیری لێ دەكاتەوە، ئەگەر لەسەر ئەو ڕێچكەیە بەردەوام بێت خۆ دەخاتە ناو سیناریۆیەكی زۆر خراپ و ناتوانێت بە ئاسانی لێ دەربچێت، چونكە وەكو دەبینین ئەمڕۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ توندوتیژیدا نیە، بەڵكو لەگەڵ ئەوەیە ئارامی لەناوچەكە هەبێت و ناوچەكە بۆ بارودۆخی ئاسایی خۆ بگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە عێراق هەڵوێستی خۆ بگۆڕێت و بە پیر بانگەوازی حكوومەتی هەرێم و وڵاتانی جیهانەوە بێت.
لە كۆتاییدا نازم هەركی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دركاند" كەركووك هەر شارێكی كوردستانیە، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن دوژمنانەوە داگیر كراوە، هیچ كاتێك ناسنامەی كەركووك ناسڕێتەوە، ئەمڕۆ یان بەیانی هەر دەگەڕێتەوە باوەشی كوردستان، چونكە خەڵكی كەركووك لە 25/9 دووپاتیان كردەوە كە كەركووك شارێكی كوردستانیە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ئەو شارەدا هاتووە خەدرێكە لەو شارە كراوە، دیاریشە كە كێ ئەوەی كردووە، دەبووایە ئەوە بۆ هەندێك مەڕامی شەخسی نەكرابایە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە ئاوارە نەبووانە و دەستی دوژمنیش نەهاتبایە ناو كەركووك".