Share on facebook
پسپۆرێكی یاسای نێودەوڵەتی: بڕیاری سڕكردنی ریفراندۆم تەنانەت هەڵوەشاندنەوەش نابێتە هۆی كەمكردنەوەی هێزی یاسای بەڵگەنامەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی
دووشەممە, 30 تشرینی یەکەم 2017 17:29

ZKW: دیدار-زێرەڤان ستوونی: د. شاری نانەكەلی، پسپۆری یاسای نێودەوڵەتی، لە هەڤپەیڤینێكی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر بڕیاری سڕكردنی ریفراندۆم و هێرشی میلیشیای حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان و دەشڵێت "ئاماژەشی بەوەدا "لەكۆی پەنجا گروپی نێو حەشدی شەعبی تەنها پێنج لەو گروپانە  لە پەرلەمانی عێراق  بەیاسایی كراون.
لە بەردەوامی قسەكانیدا د. شاری نانەكەلی، بە زاری كرمانجی راگەیاند "بڕیاری سڕكردنی ریفراندۆم تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمیش نابێتە هۆی كەمكردنەوەی هێزی یاسای ئەو بەڵگەنامەی كەپێی دەوترێت ریفراندۆم ، لەبەرئەوەی ریفراندۆم بڕیاری تاكە كەسێك یا سەرۆكی حكومەتێك نییە، تا بەتەنیا بەبێ گەڕانەوە بۆ گەل بتوانێت سڕی بكات یان هەڵیبوەشێنێتەوە، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە بڕیارانە تەنها بەهایەكی مەعنویان هەیە، بەرامبەر بەدەوڵەتی عێراقی كە داوادەكات ریفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوانیش باش دەزانن ریفراندۆم بە ریفراندۆمێكی تر نەبێت هەڵناوەشێتەوە، ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ سڕكردنی ریفراندۆم من بەشتێكی باشی دەزانم ، لە پێناوی بەرژەوەندی نیشتیمانی گەلی كوردستان.
سەبارەت بە هاتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ خاكی هەرێمی كوردستان، نانەكەلی پێی وایە كە بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی هەرێمی كوردستان، لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە پێچەوانەی یاسا و دەستوری عێراقە، چونكە بەپێی ماددەی 14ی دەستور دەڵێت (عێراقیەكان یەكسانن) هەروەها لە ماددەی 15 دا هاتووە: (هەموو تاكێك مافی ژیانی و ئاسایش و ئازادی هەیە...) كەواتە ئەگەر بەپێی دەستور بێت، هەموو گەلی عێراق یەكسانن، باشە بەكام یاسا ماف بە خۆت دەدەی كە هێز بەرامبەر گەلی كورد بەكاربێنی، بەشێوەیەكی ئەوتۆ كە ببێتە هۆی ئاوەرەكردن سوتاندن و كوشتنی سەدان هاووڵاتی سیڤیل، كەئەمەش پێچەوانەی دەقەكانی دەستووری عێراقی و هەموو ئەو رێكەوتنامە و پەیماننامانە نێودەڵەتیانەیە كە پەیوەستن بە مافەكانی مرۆڤ، ئەگەر هاتنی سوپای عێراقی و حەشد لە ئەنجامی ئەنجامدانی ریفراندۆم بێت، ئەوا دیسان ئەم هاتنە سیاسی یە، لەبەرئەوەی لە یاسای سزادانی عێراقی هیچ دەقێك نییە (راپرسی) بەتاوان هەژماربكرێت، وەك لە مادەی 19 بڕگەی دووەمی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 هاتووەكە (هیچ كەسێك تاوانبار ناكرێت و سزا نادرێت تەنها بە دەق نەبێت، هیچ كەسێكیش سزا نادرێت تەنها بەوكردەوانەی نەبێت كە یاسا بەتاوانی دادەنێت ...) كەواتە ئەنجامدانی ریفراندۆم تاوانێك نییە تا سزای ئەو كەسانە بدەی كە ئەنجامیان داوە، لەلایەكی تر ئەگەر دەوڵەتی عێراق وەڵاتێكی دیموكارسی یە ، دەبێت رێز لەم بنەمایە دیموكراسیانە بگرین، لەم پرنسیپانەی مافی پیادەكردنی راو بۆ چوونی گەل، یاخود بڕیاری چارەی خۆنوسین كەسەدان ساڵ پێش باسی  لێوەكراوە، لەلایەن گەلانەوە (هەروەك شوڕەشی ئەمریكا و فەرەنسا و بەلشەفی) باسی لێوەكراوە، لەبەرگرنگی ئەم مافە بۆتە پرەنسیپێك لە پرەنسیپەكانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی".
د. شاری نانەكەلی، پسپۆری یاسای نێودەوڵەتی، ئەوەش دەخاتەروو "هێزەكانی حەشدی شەعبی بەپێی سەرچاوە فەرمیەكان زیاتر لە ٥٠ گروپن، تەنها چەند گروپێكی كەمیان كەلە ٥ گروپ تێپەرناكات ، پەرلەمانی عێراقی بەبڕیارێك وەك هێزێكی چەكداری عێراقی دانیپێدانراوە، بەڵام گروپەكانی تر هەر هەمووی میلیشای چەكدارین لە دەرەوەی هێزی چەكداری عێراقی هەژمار دەكرێن، كەمەش پێشێلكردنێكی روون و ئاشكرای دەقی ماددەی ٩ بڕگەی ( ب) كەتیادا هاتووە: قەدەغەیە میلشیا سەربازی دروستبكرێت،  لەدەرەوەی هێزە چەكدارەكان، كەواتە حەشدی شەعبی هێزێكی چەكداری نا قانونییە واتە میلیشایە، ئاماژەشی بەوەدا "بەكارهێنانی چەكی ئەمریكی بەرامبەر هاوپەیمانێكی ئەمریكا پێچەوانەی ئەم رێكەوتنامەیە بوو، كە لە نێوان ئەمریكاو عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەیە، چونكە بەكارهێنانی ئەم چەكانە تەنیا بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش دەبێت بەكاربهێنرێت، كەچی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع بینرا لە شەڕی نێوان پێشمەرگە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە كەركوك ناوچەكانی تر، ئەم چەكانە بەرامبەر بە كوردستان  و گەلی كورد بەكارهێنرا، بۆیە پێچەوانەی رێكەوتنامە چەكەكان بەكارهێنران، هەروەها لەسەر ڕۆلی وەڵاتانی هاوپەیمانان و دەركردنی بەیاننامە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە لە رووی یاسایی یەوە شتێكی كەم نییە، لەبەرئەوەی پابەندنەبوون بەم بەیاننامانە بۆی هەیە ببێت بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، لە داهاتوو كە هێزێكی یاسایی دەبینێت و لەسەر وەڵاتان پێویستە بە بڕیارەكانی پابەند بن".
لەكوتایی قەسەكانی دەڵێ " UN بریتییە لە پێنج وەڵاتە زلهێزەكەی دونیا، كە ئەوان مافی ڤیتۆیان هەیە، ئەگەر هەر بڕیارێك لە ئەنجومەنی ئاسایش دەربچێ و یەكێك لەم 5 وەڵاتە رازی نەبێت، ئەوا دەتوانێت بە تاك لایەنە رەتی بكەنەوە.