Share on facebook
جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان: هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕی هێزی دوو دەوڵەت دەكات
دووشەممە, 30 تشرینی یەکەم 2017 17:43

ZKW : چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی: حوسێن یەزدانپەنا، جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان لە بەرەی شەڕەوە لە پردێ، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ" هێزی پێشمەرگە، سوپای دەوڵەت و پاراستنی نیشتمان و سەروەرییەكانی نیشتمانە، هیوای وەدی هاتنی دەوڵەت و سەربەخۆیی كوردستانە، پێشمەرگەی كوردستان بەرامبەر بە هێزی دوو دەوڵەت، بە پشتگیری وڵاتێكی دیكەی دەوروبەر وەستاوەتەوە، كە ئەوان پێشكەوتووترین چەكی ئەمریكایان پێیە، پێشمەرگە دەستپێشخەر نابێت لە تەقەكردن، بەڵام ئەوان هەر جووڵەیەك بە ئامانجی هێرشكردن بۆ سەر سەنگەرەكان بكەن، بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەنەوە. ڕوونیشیكردەوە" تاران و بەغدا بڕیاریانداوە سەروەرییەكانمان لێ وەربگرنەوە، بڕیاریان داوە شكۆی نەتەوەیی و نیشتمانی ئێمە بشكێنن، بڕیاریانداوە نیشتمانێك كە بە خوێنی رۆڵەكانی ئێمە ئازاد كراوە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بڕیاریانداوە جارێكی دیكە ئێمە بە كۆیلە بكەنەوە، ئەوە ستراتیژی ئەوانە، بەڵام دەمرین نیشتمان بە دەستەوە نادەین.
حوسێن یەزدانپەنا، دیاركرد" هێزی پێشمەرگە، سوپای دەوڵەت و پاراستنی نیشتمان و سەروەرییەكانی نیشتمانە، هیوای وەدی هاتنی دەوڵەت و سەربەخۆیی كوردستانە، تاران و بەغدا بڕیاریانداوە سەروەرییەكانمان لێ وەربگرنەوە، بڕیاریان داوە شكۆی نەتەوەیی و نیشتمانی ئێمە بشكێنن، بڕیاریانداوە نیشتمانێك كە بە خوێنی رۆڵەكانی ئێمە ئازاد كراوە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بڕیاریانداوە جارێكی دیكە ئێمە بە كۆیلە بكەنەوە، ئەوە ستراتیژی ئەوانە، دەمرین نیشتمان بە دەستەوە نادەین، دەمرین هەولێری پایتەخت بە دەستەوە نادەین، دەمرین بەڵام ناهێڵین شكۆی نەتەوەیی و نیشتمانمان بشكێنن، كە هەموو هەدەفی حەشدی شەعبی و 12 هەزار پاسداری ئێرانی لە رۆژی 20ی ئەم مانگە بۆ ئەوە بوو كە هەولێر داگیر بكەن و كۆتایی بە سەروەرییەكانی ئێمە و شكۆی ئێمە بهێنن، بەڵام ئەو قۆناغە كۆتایی هاتووە، هیچ هەڕەشە و مەترسیەك لەسەر هەولێر نیە، ئەوە ئێمەین سەنگەرمان گرتووە و ئەگەر سەرۆك بارزانی فەرمان بكات بەرەو پێشەوە دەچین، داوا لە خەڵك دەكەم بە ئارامی و بە هێمنی ژیان ببەنە سەر، هیچ شتێك لە ئارادا نیە كە ئەوان بترسێن، ئەوەی هەیە تەنیا جەنگی دەروونییە لەگەڵ خەڵكی ئێمە، ئەگەرنا تا هێزی پێشمەرگە لە سەنگەر بێت ئەوان پارێزراون، چونكە هێزی پێشمەرگە مەرگی لە پێناو بەختەوەری گەل و پاراستنی نیشتمان و مانەوەی ئەو كیانەیە كە هەڵمان بژاردووە، جا ئەگەر خەڵكێك مەرگی هەڵبژارد بێت لە پێناو بەها بەرزەكاندا لە شكان نەهاتووە.
جێگری سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، ئەوەشی گوت" هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕی هێزی دوو دەوڵەت دەكات، كە دەوڵەتی دیكەش پشتیوانی ئەو هێرشانەیە، كە ژمارەی هێز و ئەو چەكەی پێیانە زۆر زیاترە لە هێزی پێشمەرگە و ئەو چەكەی لای هێزی پێشمەرگە هەیە، لە ڕووی چەكەوە، ئەوان پێشكەوتووترین چەكی ئەمریكایان پێیە، دەبابەی ئەبرامزیان پێیە، كە پێشكەوتووترین دەبابەیە لە هەموو جیهان، هەرچی چەكی پێشكەوتووی ئەمریكا كە دراوە بە بەغدا بۆ شەڕی دژ بە داعش، ئەوان لەو شەڕەدا دژ بە هێزی پێشمەرگە بەكاردەهێنن.
حوسێن یەزدانپەنا، جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان زیاتر دەڵێ" ئێمە داوای مافی خۆمان دەكەین، خاوەن قەزیەكێین، ئێمە هێرش ناكەینە سەر خاك و وڵاتی هیچ كەسێك، دەمانەوێت شەڕەف و كەرامەت و نیشتمان و ناموسی خۆمان بپارێزین، بۆیە ناشكێین بەرامبەر بە ئەوان و ئەوان تێك دەشكێنین، ئەوان چەكیان لە ئێمە باشترە، ئەوان هێزیان لە ئێمە زیاترە، ئەوان دەوڵەتن و دەنگیان زووتر دەگاتە ناوەندە جیهانییەكان، ئێمە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتین، بەڵام ئێمە لەسەر حەقین، بۆیە چەقیوین، ناشكێین ئەوەی دەبێت بشكێ و بەرەو پاش بگەڕێتەوە هێزەكانی حەشدی شەعبییە بە فەرماندەیی قاسم سولیمانی، كە لە ناو هەمەر و ئۆتۆمبێلە تێكشكاوەكانی ئەواندا ئاڵا و وێنەی سەركردەكانی ئێران بینراوە، سەدان ئەفسەری سوپای پاسداران سەرپەرشتیی هێرشەكان دەكەن.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە“ئەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان نییە دەستپێشخەری شەڕە، ئەوە ئەوانن شەڕیان دژی كورد و هێزی پێشمەرگە هەڵگیرساندووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بەو پەڕی مەعنەویاتی بەرزەوە، سەنگەری بەهێزە و ئێرادەی لەشكاننەهاتووی خۆی دروست كردووە بۆ ئەوەی پێش لە هەر هێرشێك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بگرێت، ئێستا هێزی پێشمەرگە لە پردێ باش چووەتە پێشەوە و سەنگەرەكانی خۆی قایم كردووە و لە ناوچەكە بەرامبەر بە یەكین، پێشمەرگە دەستپێشخەر نابێت لە تەقەكردن، ئەوان هەر جووڵەیەك بە ئامانجی هێرشكردن بۆ سەنگەرەكان بكەن، بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە، جا لە هەر سەنگەر و میحوەرێكەوە بێت، ئیرادەی تێكشكاندنی هەر هێرشێكی دیكەمان هەیە، چونكە ئێستا ئێمە زاڵین بەسەر ناوچەكەدا و شەڕ و ڕاگرتنی شەڕ لە دەست هێزی پێشمەرگەدایە.
حوسێن یەزدانپەنا، جێگری سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان ئاشكراشی كرد"ئێمە حەشدی شەعبیمان ڕاوناوە، ئەوەی ئێستا پێیان ماوە تەنیا لە دوورەوە هاون دەگرنە گوند و ئاواییەكان، بێ ئەوەی بۆ لای هێزی پێشمەرگە بێن، بە ماڵی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دەكەون، هەروەها كێڵگەكان دەسووتێنن و مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییان لەناو دەبەن، حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێرانی كەوتوونەتە نێو شارەكانەوە، ماڵی خەڵك داگیر دەكەن، ماڵی هاووڵاتیان تاڵان دەكەن و دەسووتێنن، خەڵك دەگرن و دەكوژن و دەستدرێژی دەكەنە سەر نامووسی خەڵك، خەڵكیان ئاوارە و دەربەدەر كردووە، كە دەیانەوێت خەڵك و خاكی ئێمە بسووتێنن، بۆیە هەر كارێكی خراپیان لە دەست بێت دەیكەن، ئەوەش تاوانە لە دژی خەڵكی سڤیل و مەدەنی، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بەجواب بێت".