Share on facebook
ژیاننامەی شەهید ڕابەر سەرانەیی
دووشەممە, 06 تشرینی دووەم 2017 12:41


سوبحان شكۆ- ڕواندز
كوردستان ئەو خاكەی بە خوێنی پێشمەرگە قارەمان و دلێر و بوێرەكان ئاودراوە, بۆ پاراستنی خاك و گەورەیی كوردستانیان و پیرۆزیەكانیان پێشمەرگە هەمیش گیان لە دەست بووە و لە پێناویدا گیانی خۆی فیدا كردووە, شەهید ڕابەر سەرانەیی لەتەك هاوسەنگەرانی تری بۆ پاراستنی خاك لە دەست داگیر كاران تێكۆشا و خەباتی چەكداری لەو پێناوەدا هەڵبژارد, ئێستا ڕابەر گەیشتۆتە كاروانی نەمران و بەر لە شەهید بوونیشی ئاواتی بە گەیشتن بە كاروانی نەمران خواستووە, چونكە لای شەهید ڕابەر وابووە بە هەر شێوەیەك بێت مرۆڤ ئەمرۆ بێت یا سبەی هەر كۆچ دەكات و بۆ ژیانی هەتا هەتایی دەگەرێتەوە بەڵام لای ئەو گرنگ بوو كۆچی دونیای بۆ ژیانی هەتا هەتایی كۆچێكی شەرەف مەندانە بێت و كوردستانیان شانازی بە كۆچی ئەوەوە بكەن ئەویش گەیشتن بە پلەی شەهیدانی كوردستان بووە.
بنەماڵەی شەهید ڕابەر عەلی سەرانەیی ژیان نامەی پر لە تێكۆشان و قارەمانیەتی ڕابەر سەرانەیی بۆ زاری كرمانجی باس دەكەن.
ڕابەر عەلی عەبدوڵڵا ناسراو بە ڕابەر سەرانەیی لە ڕێكەوتی 26ی 6ی 1987 لە بنەماڵەیەكی كورد پەروەر و تێكۆشەر لە دایك بووە, ڕابەر عەلی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی زۆزكی بنەڕەتی تێكەڵاو تەواو كردووە, بە هۆكاری ئەوەی بنەماڵەكەی بەردەوام لە خەبات و بەرگری دابوون هاوكات چەكی شەڕەف و پیشمەرگایەتیان لە شان بووە بۆ بەرگری كردن لە خاك و نیشتمانی كوردستان, شەهید ڕابەر لە سەرەتای ساڵی 2000 لە خوێندن دادەبڕێت و چەكی شكۆ و گەورەیی كوردایەتی لە شان دەكات تا شان بەشانی باوك و برا و خزم و كەسانی تری بەرگری لە نیشتمان و خاكی پیرۆزی كوردستان بكات.
ڕابەر سەرانەیی لە ساڵی 2007 ژیانی هەوسەرگیری لەگەڵ خاتوو(ڕێژیان حەكیم تاهیر) پیِك دێنێت و دوو ڕۆڵەی چاوگەش دەبنە هەوێنی ئاوەدانی و خۆشی نێو ماڵەكەیان بەناوەكانی(ڕوا , ڕۆزە), شەهید ڕابەر عەلی لەپاڵا ئەركی پێشمەرگایەتی و خاك پارێزی و نیشتیمان پاراستن لە بواری وەرزش ڕۆڵیكی بەرچاوی لە دەڤەرەكەی هەبووە و لە نێو وەرزشوانانە هاوڕێ كانی هەمیشە بە كەسێكی دەم بەخەندە و ڕوو خۆش ناساراوە, شەهید ڕابەر سەرانەیی چەندین جار بەژداری لە پاڵەوانیەتیەكانی خولی كوردستان كردوە گەلێك سەركەوتنیان تۆمار كردووە, هەرچی سەبارەت بە ژیانی پێشمەرگایەتی ڕابەر لەنێو هاوسەنگەرانی بە كەسێكی ئارام بەخش و خۆشەویست دەناسرێ و بەزووی كەوتۆتە نێو دڵی ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵیدا بوون.
شەهید ڕابەر لەتەك هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بەشداری چەندین نەبەردی و قارەمانیەتی كردووە, دیارترینیان شەڕی بەرگریكردن و ئازادكردنی(چیای زەرتك, شەنگال, ناوەران, فازلیە) و چەندانی تر بووە, ڕابەر عەلی سەرانەیی كۆتا بەژداری كردنی دژی هێزی داگیر كاری بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) شەڕی ئازاد كردنی(قەزای باشیك) بووە.
دووای رووبەروو بوونەوەیەكی سەخت و تۆمار كردنی چەندین سەروەری ڕابەر سەرانەیی لە ڕێكەوتی 7ی 11ی 2016 بەدەستی ڕەشی تیرۆرستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) شەهید دەكرێت و بۆ تا هەتایە چاوی لێكناو گەیشتە كاروانی نەمرانی كورد و كوردستان, بەمەش شەهید ڕابەر علی عەبدوڵڵا سەرانەیی دەبێتە 11 یازدە هەمین شەهیدی بنەماڵەی مام شێخانی سەران.
لە كۆتایدا بنەماڵەی شەهید ڕابەر عەلی سەرانەیی گوتیان:"شەهید بوونی ڕابەر و تەواوی شەهیدانی تری بنەماڵەكەمان جێگەی شانازیە و لە پێناو خاك و نیشتیمان و دەسكەوتە نەتەوەیەكانی كورد تاك بە تاكی بنەماڵەكەمان ئامادەن گیانی خۆیان فیدا بكەن, بەڵێن بێت لەسەر ڕێبازی شەهید ڕابەر و تەواوی شەهیدانی تری بنەماڵەكەمان بەردەوام بین و لە پێناو پیرۆزیەكانی گەلی كورد و كوردستان هەمیشە ئامادەی رووبەروو بوونەوەین دژی داگیر كارانی كوردستان".