Share on facebook
جەمال كۆچەر:پێویستە ناو ماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوەو یەكڕیزی خۆمان بپارێزین
دووشەممە, 06 تشرینی دووەم 2017 13:10


ZKW: جەمال كۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ" ئەگەر ئێمە داوای گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بكەین، پێویستە ئێمە وەكو  پەرلەمانتارانی كورد بگەڕێینەوە بەغدا و زەمینە بۆ گفتوگۆ خۆش بكەین، بۆیە وەكو بڕیار، بڕیاری هەموو فراكسیۆنەكانە كە بگەڕێینەوە بەغدا. ڕوونیشیكردەوە" ئێمە لەناو خۆماندا یەك نین، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە هەموو لەسەر ئەوە بووە كە ئێمە یەكڕیز نین و هەڵوێستێكی یەكگرتوومان نیە، بێ ڕێكخستنەوەی ناو ماڵی كورد، ئێمە نە دەتوانین لە كوردستان هیچ بكەین، نە لە بەغدا، بۆیە زۆر پێویستە ناو ماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و یەكڕیزی خۆمان بپارێزین تا دەستكەوتەكانی خۆمان بپارێزین و دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین.
جەمال كۆچەر، گوتی" ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەگەر باسی خۆمان بكەین، نیوەمان گەڕاینەتەوە بەغدا، نیوەی دیكەمان لە كوردستان ماوین، ئەوانیش لەبەر ئەوە نەگەڕاونەتەوە لەو لیستەدان كە سزا بدرێن، سزاكەش لەبەر ئەوەیە كە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان داوە، بەڵام وەكو بڕیار بڕیاری هەموو فراكسیۆنانە كە بگەڕێنەوە بەغدا، لە بەغدا بەشداریمان لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا كرد و چەندین دیدار و كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆككۆمار، جێگری سەرۆككۆمار، سەرۆكی پەرلەمان و سەركردەكانی دیكەی عێراقی ئەنجام دا، لەسەر بابەتی كردنەوەی دەرگا بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەشی گوت" بە بینینی من كە من هەر لە رۆژی یەكەمەوە گۆتوومە، پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم نابێت كورد پشت بداتە بەغدا تا رۆژی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، ئێستا حكوومەتی هەرێم داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكە لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر ئێمە نەگەڕێینەوە، كەواتە ئێمە نامانەوێت ئەو گفتوگۆ و دانیشتنانە هەبن، كە یەكێك لە كردنەوەی دەرگاكانی گفتوگۆ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی كوردە لە بەغدا.
سەبارەت بەوەی بۆچی فراكسیۆنە كوردستانییەكان تا ئێستا یەكهەڵوێست و گوتارێكی یەكگرتوویان نییە، جەمال كۆچەر، دیاركرد" چونكە ئێمە لەناو خۆمان یەك نین، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە لەسەر چی بووە، هەموو لەسەر ئەوە بووە كە ئێمە یەكڕیز نین و هەڵوێستێكی یەكگرتوومان نیە، ئەوەش جێگەی داخە پەرلەمانتاران بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونە، پێویستە سەرۆكوەزیرانی هەرێم هەموو هەوڵەكانی خۆ بخاتە گەڕ بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان، دەستیشی بەو هەنگاوە كردووە، سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی كرد، بە زووترین كات سەردانی لایەنەكانی دیكە دەكات، ئەوەش بۆ ئەوەیە بە زووترین كات هەموو لایەنەكان لە دەوری یەكدی كۆبكاتەوە و سێ تا چوار كۆنفڕانس پێكەوە ئەنجام بدەن، تا ئێمە بتوانین ناو ماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە، چونكە بێ ڕێكخستنەوەی ناو ماڵی خۆمان، ئێمە نە دەتوانین لە كوردستان هیچ بكەین، نە لە بەغدا، بۆیە ئێمە هیچ دەنگ و ڕەنگ و هەیبەت و ڕێزمان نابێت بەرامبەر ئەوانەی كە لەگەڵ دادەنیشین ئەگەر كۆدەنگ و یەكهەڵوێست نەبین، دەبێت ئەو ڕاستیە هەموومان بزانن، هەتا ئەوانەی خۆیان داوە لەگەڵ لایەنی شیعە و كەركووك و ناوچەكانی دیكەیان تەسلیم بە ئەوان كرد، هەموو گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە ئەگەر ئێمە یەكدەنگ و یەكڕیز نەبین ناتوانین هیچ شتێك بە دەست خۆمان بخەین و ئەوەی بەرامبەریش هیچ ڕێزێك بۆ ئێمە دانانێت، ئەوەش هەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە یەكڕیز و یەك دەنگ نین، بۆیە زۆر پێویستە ناو ماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و یەكڕیزی خۆمان بپارێزین تا بتوانین دەستكەوتەكانی خۆمان بپارێزین و دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین.
جەمال كۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی زیاتر گوتی" كۆمەڵێك هۆكار بوون كە ئەو بارودۆخە بەسەر هەرێمی كوردستاندا بێت، تێكچوونی ناو ماڵی كورد، كە ئەوە زیاتر لە 25 ساڵە نەمان توانیوە هێزی پێشمەرگە بكەینە یەك، كە ئەوە ئەگەری هەرە سەرەكی بوو، هەروەها ئەو دووبەرەكییەی كە ئەمڕۆ هەیە لەناوماندا، هەروەها ئەو گەندەڵیەی كە هەیە ماڵی ئێمەی خراپ كردووە، كە ئێمە نەمان توانیوە ئەو پارەی هەندە ساڵە لە بەردەستمان بوو نەمان توانی دڵی خەڵكی خۆمان پێ بكڕین، لەگەڵ ئەو نەخۆشیە كۆنەی كە لەناو ئێمەدا هەیە، خیانەت و دەست تێكەڵ كردن لەگەڵ كەسانی دیكە، ئێمە نەمان توانیوە ئەو نەخۆشیە چارەسەر بكەین، كەواتە ئێمە نەمان توانیوە لە چوارچێوەی قالبی حزبایەتی بچینە دەرەوە، حزبایەتی زاڵە بەسەر حكوومەت و تموحی خەڵك، لەگەڵ ئەو لۆبیەی كە هەمانە، بۆیە پێویستە ئێمە پێداچوونەوە بە كارەكانی خۆماندا بكەین، چونكە ئەوەی بەسەرماندا هاتووە شتێكی كەم نیە، جگە لەوەی ئێمە لە خاك و خوێنی ڕۆڵەكانمان زەرەرمەند بووین، ئێمە لە ئەزموون و تەجروبەیەكدا زەرەرمەند بووین، دوای 25 ساڵ دیار بوو كە ئێمە لەسەر ڕێگایەكی هەڵە هەنگاو دەنێین و پێویستە بە خۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی دەرئەنجامەكانی ئێمە ڕاست دەربچن، چونكە ئەوەی لە كەركووك كرا، دەرئەنجامی ریفراندۆم نەبوو، ئەگەر ریفراندۆم كرابایە یان نەكرابایە ئەوە هەر روودەدا، بەڵام پشت كردن لە گەلەكەی و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە، ئەوە یەكێك لە هەڵەكانی ئێمە بوو و نەدەبوو ئەو كارە كرابایە.
جەمال كۆچەر، دیاركرد" هیچ ڕێگەیەكی دیكەمان نیە یان شەڕ دەكەین، یان بە گفتوگۆ دەگەینە ئەنجام، دەوڵەتی عێراق خۆ وا دەبینێت كە سەركەوتنێكی گەورەی بە دەستهێناوە، بەڵام ئەو سەركەوتنە وەهمییە، زۆر ناوچە ئەوان چوونەتە تێدا هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی چۆڵ كرد، بێ ئەوەی یەك گوللە لەو ناوچانە بتەقێت، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك بووە، ئێمە لە بەغدا بەسەراحەت بە ئەوانمان گوت، ئەوە سەركەوتنی ئێوە و شكەستی ئێمە نییە، ئەوە 5 هەزار ساڵە كەس نەیتوانیوە كلتور و بۆچوونەكانی گەلی كورد بگۆڕێت، سەدام حوسێن نەیتوانی ئەو كارە بكات، تا حەیدەر حەبادی بتوانێت بكات، بۆیە پێویستە ئێوە ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرن، ئێمە لەوە ناترسین كە هەویەی كەركووك بگۆڕدرێت، بەڵام پێویستە ئێمە ناو ماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و  یەكڕیز و یەكگرتوو بین.
لە كۆتاییدا جەمال كۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند" ئەو هەنگاوەی مەسعود بارزانی نا، هەنگاوێكی زۆر باش بوو و ڕێگە خۆش دەكات بۆ زۆر كاری خێر، چونكە لە بەغدا وا باسی مەسعود بارزانی دەكرا كە ئەو شەڕە ئەو دەكات، هەروەها كورسی سەرۆكایەتی هەرێم وا بە ئاسانی چۆڵ ناكات، ئەوەی كرا كەلتورێكی نوێیە و دەرگا دەبێتەوە بۆ جیلێكی نوێ، بۆیە بەبینینی من هەنگاوێكی باش بوو و دەرئەنجامەكەشی خێرێكی گەورە دەبێت".