Share on facebook
كۆتایی سەردەمی یانەكانی لالیگا
دووشەممە, 06 تشرینی دووەم 2017 13:28


لوقمان عەلی
پێدەچێت ئەمە سەرەتایی دووركەوتنەوەی یانە ئیسپانییەكان بێت لە پاڵەوانیەتییە ئەوروپییەكان، سەردەمێكی نوێش بۆ یانەكانی ئینگڵتەرا بێت.
لە ئێستادا یانەكانی لالیگا لە چامپیۆنزلیگ لە بارودۆخێكی خراپدان لەچاو وەرزەكانی رابردوو، ئەنجامەكانیان گەواھیدەری ئەو راستییەن ئەگەر بەراوردێك بكەین لەگەڵ یانەكانی ئینگڵتەرا، ئەوان بە پێنج یانەی بەشدار لە قۆناخی كۆمەڵەكان ئاستێكی جێگیر پێشكەش دەكەن.
پێشتر پرێمەرلیگ بە بەھێزترین خولی جیھان وەسف دەكرا، بەڵام راستییەكەی ئەوە بوو كە یانەكانی لارۆخا باڵادەست بوون لە پاڵەوانیەتییە ئەوروپییەكان، ریال مەدرید و بارسێلۆنا بۆ ماوەی چوار ساڵ چامپیۆنزلیگیان كۆنتڕۆڵكرد، ئاتلێتیكۆمەدریدیش دوو جار گەیشتە فایناڵ، هاوكات یانەی سێڤییا سێ جار ناسناوی یۆرۆپالیگی دەستخست، ئەمە لەكاتێكدابوو، یانەكانی پرێمەرلێگ لەوپەڕی خراپیدابوون، سەرەڕای خەرجكردنی پارەی زەبلاح لە مێركاتۆكانی هاوینە و زستانەدا.
ئێستەیش یانەكانی ئینگڵاند بەرهەمی كاركردنیان دەچننەوە، گەورەكانیان لە چامپیۆنز ئاستێكی ناوازە پێشكەش دەكەن بەراورد لەگەڵ یانەكانی ئیسپانیا.
مانچێستەر سیتی، تۆتێنهام، لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد لە خولی یانە پاڵەوانەكان سەرووی كۆمەڵەكانیان گرتووە، چێڵسیش لە خانەی دووەمە و ئەویش نزیكە لە دەربازبوون بۆ قۆناخی داهاتوو، لەبەرانبەردا، ریال مەدرید پێشەنگی بۆ سپێرز چۆڵ كردووە، سێڤییاش دوای رێدز دێت، ئاتلێتیكۆش نزیكە لە ماڵئاواییكردن، بارساش تاكە یانەی ئیسپانییە لە پێشەنگدایە، ئەویش لەگەڕی چوارەمدا لە تاقیكردنەوەكەی بەرانبەر بە ئۆڵۆمپیاكۆس دەرنەچوو.
لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەكان یانەكانی ئینگڵتەرا و ئیسپانیا چوار جار بەرانبەر بەیەكدی یارییانكردووە، دەرئەنجام دوو سەركەوتن بۆ یانەكانی ئینگڵتەرا بەدیهات لەگەڵ دوو یەكسانبوون.
سێڤییاو لیڤەرپوول بە دوو گۆڵ یەكسانبوون، تۆتێنهامیش چوار خاڵی لە مێرێنگی وەچەنگخست، چێڵسیش لە یاریگە نوێیەكەی رۆخی بلانكۆس بەبراوە دەرچوو.
هەموو ئەمانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ رووندەكاتەوە، كە یانەكانی لالیگا لە رووی ئاست لەدابەزیندان، یانەكانی پرێمەرلیگیش بەبەهێزی دەركەوتوون، بەتایبەتی هەردوو یانەكەی شاری مانچێستەر كە بە پاڵێوراوی سەرەكی بۆ دەستەبەركردنی ناسناوی چامپیۆنزلیگی ئەم وەشانە هەژمار دەكرێن.