Share on facebook
شۆرش میران: لە هەوڵداین بۆ هاوكاری كردنی قوتابیانی كەم دەرامەت
دووشەممە, 06 تشرینی دووەم 2017 18:40

دیمانە- سوبحان شكۆ

شۆرش میران مەلا، بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی ڕایگەیاند" بۆ ئەم ساڵی خوێندن لە بەرنامەمان دایە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران بۆ ئەو قوتابیانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە سەرجەم داو و دەرمانەكانیان بەبی بەرامبەر بۆ دابین بكەین".

هەروەها، ناوبراو، باسی لە ڕەوشی پەروەردە كرد و گوتی:"بەگشتی ڕەوشی پەروەردە لە دەڤەری سۆران لەبەرەو پێشچونێكی باش دایە بە بەراورد لەگەڵ شوێنەكانی تر، ئەگەر ساڵی ڕابردوو بكەین بە نموونەیەكی دیار قوتابی دەرچووی بە پلەی سێیەم لەسەر ئاستی هەریمی كوردستان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران بووە، ئەمە جگە لەوەی مامۆستایان ڕۆڵێكی بەرچاویان بینی بە بەردەوام بونیان لە ناوەندەكانی خوێندن و كۆڵنەدانیان بەهۆی دروست بوونی قەیرانی دارایی, هاوكات بەهۆی نوێنەرەكانمان لە ناوەندەكانی خوێندن بۆ گەیشتنی داواكاری و كێشەی قوتابیان هەوڵی تەواو دەدەین بۆ چارەسەركردنیان لەگەل لایەنی پەیوەندیدار وەكو كێشەی كەمی پەرتووك و هاتووچۆ و كێشەی كەمی مامۆستایان.

سەبارەت بە كێشەی قوتابیان لە بەشە ناوخۆییەكان شۆرش میران دەڵێت:" ئەمساڵ لەبەر هۆكاری گواستنەوەی هەردوو فاكەلتی ئاداب و یاسا بۆ كەمپینی نوێ لە دێلزیان، قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان دووچاری كێشەی هاتووچۆ بونەتەوە, بۆ ئەم مەبەستە قسەمان كردوە لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران بە مەبەستی دابینكردنی هۆكاری گواستنەوە، ئەوانیش لەوەڵامدا وتیان لە هەوڵی دابینكردنی سیستەمی هاتووچۆ دان بۆ قوتابیەكان.

میرانی دەشڵێت:" ئێستا كە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنە سەرقاڵی دانانی لێژنەی نوینەرەكانمانین لە نێو ناوەندەكانی خوێندن، وێرای هاندانمان بۆ قوتابیان بۆ پەرەدان بە خوێندن و ئاسودەییان لە ناوەندەكانی خوێندن، لە پاڵ ئەمەشدا یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەمیشە هۆكارێك بووە بۆ كەم كردنەوەی ئەركی سەرشانی قوتابیانی كوڕ وكچی شەهیدان، ئەمساڵیش تەواوی هەوڵ و ماندوبوونی خۆمان دەخەینە گەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، جگە لەمەش ئێمە وەكو نوێنەرایەتی قوتابیان لە نێو ناوەندەكانی خویندن بۆ هەر گلەیی و گازندەی قوتابیان ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ چارەسەركردن و كەم كردنەوەی كێشەكانیان و گەیاندیان بە لایەنی پەیوەندیدار.

هەرچی سەبارەت بە كردنەوەی ئەو بەشانەی كە لە زانكۆی سۆران نین و كاركردن بۆ كردنەوەیان ئەم بەرپرسە دووا:" تا ئێستا لە پلانمان دانەبووە كار لەسەر ئەم بابەتە بكەین، بەڵام بە رەچاوكردنی باری قوتابیان و بەشداری كردنی زیاتری قوتابیان بۆ نێو زانكۆی سۆران چاوێك بەو خاڵەدا دەگێڕینەوە لە پێناو فراوان كردنی بەشەكان و سودمەند بوونی زیاتری قوتابیان، لە هەوڵێكی ترمان بۆ ئەم ساڵی خوێندن لە بەرنامەمان دایە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران بۆ ئەو قوتابیانەی كە نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە، سەرجەم داو و دەرمانەكانیان بەبی بەرامبەر بۆ دابین بكەین لە جیاتی كڕینیان لە نۆرینگە و دەرمانخانەكان، هەروەها هاوكاریكردنی قوتابیانی كەمدەرامەت بە دابینكردنی چەند پێداویستیەكی سەرەتایی قوتابخانە وەكو قرتاسیە، جانتا و چاڵاكی جۆراو جۆری تر. لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران و سەرجەم فاكەلتیەكانی زانكۆی سۆران و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیەكانی پەروەردەی سۆران و رواندز لە هەماهەنگیەكی زۆر باش داین بۆ چارەسەركردن و كەم كردنەوەی گرفتی قوتابیان لە ناوەندەكانی خوێندن، لە بابەت پێدانی نمرەش بە خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەر لە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پێدانی نمرە بە قوتابیان، زانكۆی سۆران لەكاتی تاقیكردنەوەكان پێنج نمرەی بەهەر قوتابیەك دابوو بۆیە بڕیارەكە  لە زانكۆی سۆران جیبەجێ نەكرا.

لە كۆتایشدا ، شۆرش میران بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان دەربارەی خراپی بیناكانی قوتابخانە و كەمی مامۆستا و نەبوونی مامۆستای پیسپۆر لە نێوندەكانی خوێندن پەیڤا:" خراپی بینایەی قوتابخانەكان و كەمی مامۆستای پسپۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كە چەند ساڵە بەرۆكی كوردستانی گرتووە، وای كردوە حكومەتی هەرێم توانای نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان و دامەزراندنی مامۆستای پسپۆڕی نەبێ، سەبارەت بە كێشەی كەمی مامۆستایان لەگەڵ هەردوو لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی پەروەردەی سۆران و رواندز هەوڵی چارەسەركردنمان داوە.