Share on facebook
" نێچیرڤان بارزانی وەك سیاسییەكی پراكماتیك فریادڕەسی كێشەكانە
دووشەممە, 06 تشرینی دووەم 2017 19:56

 

هەژار حەكیم- زاری كرمانجی : دكتۆر سالار عوسمان لە هەڤپەیڤینێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەبەرئەوەی ریفراندۆم مافێكی حەڵال و پیرۆزی نەتەوەییمانە، بۆیە بەشێك لە حزبەكان نەیاندەتوانی بڵێن دژی ریفراندۆمین، بەڵام لە ئێستادا بەشێكیان هەڵوێستییان گۆڕاوە، بۆیە سەرۆك مەسعود بارزانی لە پێشەوەی رووبەرووبونەوەكانە.

چاودێری سیاسی و نووسەر و رۆژنامەنووس دكتۆر سالار عوسمان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ زاری كرمانجی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هەر حزبێكی سیاسی لەنێو ئەو پێشهاتە سیاسیانەی كە روودەدەن دەیەوێ بۆچوونی خۆی نیشان بدات، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە بەشێكیشیان لەپاڵ ئەوەدا دەیانەوێ بەرژەوەندییەكانی خۆیان ببیننەوە، كە بەشێكیان بەرژوەندی نەتەوەیی نادیدە دەگرن و دێن لە ناو ئەم ئاڵۆزییەدا بەدوای بەرژەوەندی تەسكی حزبیدا دەگەڕێن.

سەبارەت بە بەیاننامەكەی سەركردایەتی پەكەكە كە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە سەربەخۆیی و دەوڵەت لە باشووری كوردستان بە بنبەست گەیشتووە، دكتۆر سالار عوسمان پێیوایە كە بەداخەوە پەكەكە هاریكار نییە لەگەڵ خەمی ئەم قۆناغە، لەكاتێكدا كە پێویستە هەموو كورد بەدەوری یەكدا كۆببێتەوە و هێز بە یەكتری ببەخشێ، بەڵام ئەوە باش بزانن كە لە ئێستادا ئەنجامی ریفراندۆم سڕ كراوە، بە مانای ئەوە نیە كە سەربەخۆیی خەونێكی دوورە، بەڵكو ئامانجێی رەوایە و نزیكە، هاوكات چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە كە ئەم رەوشە لەدیوێكی دیكەدا  لە سەربەخۆییمان نزبك دەكاتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هەژموونی ئێران بەسەر عێراق و كێشەی نێوان سوونە و ئیعە و كێشەی نێوان كورد و شیعە، ئەمە هەمووی وا لە جیهان و دەوڵەتە زڵهێزەكان دەكات كە بە جددی بێنە سەر مێزی چارەسەری كێشەكان و ئەمەش ئەوەیە كە پێویستە عێراق بە ئاشتی بژیت، ئەویش تەنها بە رێگایەك دەكرێ كە جیابوونەوەی سوونە و شیعە و كوردە لە یەكتر، ئەم تێگەیشتنەش سەربەخۆیی نزیك دەكاتەوە، كەواتە ئەو ئیرادە سیسیاسیە راست نیە كە بڵێن سەربەخۆیی و دەوڵەت بە بنبەست گەیشتبێ و كۆتایی هاتبێ. هەورەها راشیگەیاند بەیاننامەكەی پەكەكەش هەر لە روانگەی تەسكی حزبایەتیانە ئەگەرنا مژارێكی كوردبینی و نەتەوەیی نیە.

ئەم سیاسەتڤانە هاوكات لە درێژەی قسەكانیدا رایدەگەینێ كە ئێستا بشێك لە هێز و لایەنە سیاسیەكان خۆیان بێ بەری كردووە لەكاتێكدا ئەگەر دەوڵەتمان رابگەیاندبا لەبەر ئەوان رەنگە خۆیان بە خاوەنی دەستكەوتەكە زانیبوایە. ئەو بۆچوون ز بیركردنەوەیە بۆ ئەو كەسانەیە كە كورت بین و بە بیركردنەوەیەكی كەم تێروانین خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام ئەوانەی قووڵ بیر دەكەنەوە، دەتوانین بڵێین كە ئەوان دەزانن  و تێدەگەن لەوەی كە سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی ریفراندۆمی كردووە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان لە 25ی9 دا، تا دونیاش ماوە سەربەخۆیی لۆگۆیەكە بارزانی لێی بەرپرسە و رابەرایەتی دەكات، بێگومان لەگەڵ ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی كە بڕیارەكەیانداوە، بەڵام لە ئێستادا كە هەندێك كێشە هەیە و شەڕ هەیە، بە تایبەت كێشەی نێوان شیعە و كورد و تێنەگەیشتنی وڵاتان بۆ دۆخی ناوچەكە و گۆڕانكارییەكان، بۆیە لە رۆژی تەنگانە و دەستەویەخەدا، خەڵكی كوردستان دەبێ ئەوە بزانێ كە كێ لە سەنگەرەكانە و كێ بەرگری لە كوردستان دەكات، دەبێ بزانین كە تیری دوژمن بەرەو رووی كێیە و كێن ئەوانەی لەسەر مێزی دوژمنان دانوستاندن و خیانەت دەكەن.

دەربارەی ئەو بۆچوونانەی كە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پەیوەندی نێوان ئاكپارتی و پارتی دیموكراتی كوردستان زیانی بە باشووری كوردستان گەیاندووە ئەو رۆژنامەنووسە ئەم بۆچوون و قسانە رەتدەكاتەوە و پێیوایە كە پەیوەندیی ئەم دوو لایەنە واتا پەیوەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا یان حزبەكەی ئەردوغان سود و بەرەو پێشچوونی زۆر باش و دەستكەوتی مەزنی هەبوو، پەیوەندەیەكی زۆر ساخلەم بووە و هەردوو لا سوودیان هەبووە، تەنانەت مەزنترین دەستكەوت ئەوەبوو كە ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای توركیا یان لە كاتی پێشوازیكردنی سەرۆك بارزانی لە فڕۆكەخانە و كۆشكی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەدا دابنرێ، هەروەها پەیوەندییەكان بە شوێنیك گەشیتن كە پرۆسەی سیاسی لە باكوری كوردستان دروست ببێ و پەیوەندیی زۆر باش لە نێوان ئاكپارتی و هەدەپەدا دروست ببێ، وای لێهات كە پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان لەگەڵ حكوومەتی توركیا بەڕێوە بچێ، هوكات پلان و بۆچوونێكیش هەبوو بۆ ئەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێ، ئەم تێگەیشتنە باشانە كە لە لایەن ئەردوغان و ئاكپارتی لەسەر پرسی كورد دروست بوو، بریتی بوون لەو پەیوەندییەی كە لە نێوان ( پارتی و ئاكەپە ) دا دروست بوو، دەبێ رۆڵی بەڕێز مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەو پرۆسەیە و ئەم پەیوەندییەدا زۆر گرینگ بووە، ئەمانە پەیوەندیی نەتەوەیی بوون.

لە لایەكی دیكەوە دكتۆر سالار عوسمان ئامانجی ئابووری لە هەبوونی ئەم پەیوەندییە بە بنەمای نزیكبوونەوەی نێوان هەردوو لایەنەكە رەتدەكاتەوە و دەڵێت: لە دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستاندا بابەتێك نیە بە ناوی پەیوەندیی ئابووری بە تەنیا یان ئابورییەكی رووت نیە، بەڵكو لەپاڵ هەموو بابەتەكان تێگەیشتنی سیاسی ئامانجی سەرەكی بووە، واتا ئەو كاتەی كە پارتی پرۆژەیەك یان گریبەستێك لە بواری ئابووری و نەوت و بازرگانیدا واژۆ دەكات، لە تەنیش ئەمەدا تێگەیشتنێكی سیاسیانە هەیە، واتا قۆستنەوەیەكی ئابووریانە هەیە بۆ بەڕێوەچوون و دەست پێكردنی پەیوەندییەكی سیاسی لەگەڵ ئەو لایەنە كە ئەمەش ئەو كاتە بەدیار دەكەوێت كە لە هەندێ گۆڕانكاری و كاتێكی دیاریكراودا بەدیار دەكەوێ و دواتر خەڵك لەوە تێدەگات كە پەیوەندیی ئابوورییەكان بریتین لە فەهم و تێگەشتنێكی سیاسی.

دكتۆر سالار تیشك دەخاتە سەر رۆڵ و كاریگەریی رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە قۆناخی ئێستای پرۆسەكەدا و دەڵێت: بە پێی ئەو دەسەڵاتەی كە ئێستا بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دراوە، بێگومان درێژە پێدەری رێگای ئەو پلان و بابەتە نەتەوەییانە دەبێ كە سەرۆك بارزانی دایڕێشتووە و دیاری كردووە، بێگومان نێچیرڤان بارزانی ئامانجی سەرەكی دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییە ناوخۆیی و جیهانیەكانە، بە تایبەت هێز و لایەنە ناكۆكەكان و رێكەوتنی سیاسی، ئەمەشمان لە بیر نەچێ كە ئەمە لەژێر رۆشنایی ئەو ستراتیژیە دەبێ كە پێی دەگوترێ ( ستراتیژیەتی بارزانی لە كوردستان ) ، كە ستراتیژیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان نیە، بەڵكو ستراتیژیەتێكی سنوور بڕە، هەموو بەشەكانی كوردستان دەگرێتەوە، كە پرۆسەیەكی ئاشتیخوازانە و دیموكراتخوازانەیە كە ئەویش بریتیە لە رێبازی بارزانی.

ئەو هەروەها جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە و كە قۆناخی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەی دەبات كە پێی دەگوترێ قۆناخی رووبەرووبونەوەی شیعە و كورد، یان گۆڕانكاری ناوچەكە و چاوەڕوانیە گەروەكان، لەم چوارچێوەیەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رێگاكەی گرتووەتەبەر، هەروەك بەڕێزییان وەك سیاسییەكی پڕاكماتیك و بەردەوام ئەو توانایەی هەبووە كە بتوانێ چارەسەری گرفتەكان بكات و گەشبینم ئەو ستراتیژیە بە باشی وێنا بكات كە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا دەبێ.

ناوبراو پێشبینی ئەوەش دەكات كە كوردستانی گەروە دروست دەبێ، بەڵام كاتی پێویستە، چونكە وڵاتە زڵهێزەكان و بە تایبەت ئەمریكا خەریكە لەوە تێدەگەن كە پێویستە دەستی ئێران و شیعە ببڕدرێ و نەخشەكان دووبارە بكێشرێنەوە.

ئەوەی دروست دەبێتەوە كوردستانی گەورە، یان چەند دەوڵەتێكی كوردستان، ئەمانە هەمووی خەون نین، راستیە، ووشە نیە بە قەد ئەوەی رستەن، رستە نیە بە قەد ئەوەی فایل و دۆسییەن لەسەر مێزی گفتگۆیەكانی جیهان، ریفراندۆمی 25ی9 بەڵگەیەكی مێژوییە بۆ نەوەكانی داهاتووش، بۆیە بەراشكاوانە دەلێم سەربەخۆیی كوردستان دروست دەبێ و هیچ لەمە دوو دڵ مەبن.