Share on facebook
راگەیاندنی دەرونی
دووشەممە, 13 تشرینی دووەم 2017 12:22


هەژار عەلی
"دەتوانی تاقمێك لە كۆمەڵ بۆ ماوەیەك فریو بدەی و تاقمێكیش بۆ هەمیشە، بەڵام تەواوی كۆمەڵ بۆ هەمیشە فریو ناخوات" (لینكلن)
هەمیشە لە كاتی شەڕو بارودۆخە نەخوازراوەكاندا، زۆربەی دەزگاكانی راگەیاندن دەبن بە بەشێك لە كێشە، نەك گەیاندنی زانیاری راست و دروست، ئەوانەی وەكو شرۆڤەكاری سیاسیش لە (تی ڤی)یەكانەوە دەردەكەون، هەندێكیان لەهەمبانەی خۆیان گوێز دەژمێرن. رووداوەكان وا شەن و كەو دەكەن، نە هۆكاری رووداوەكە دەزانن نە چارەسەركردنیشیان پێیە، ئاگرەكە هێندەی تر خۆشتر دەكەن! رووداوەكەی 16 ئۆكتۆبەر و هاتنی  میلیشیاكانی حەشد بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باشترین نموونەیە.
ژمارەیەك لە میدیای بینراو هەواڵە بەپەلەكانیان هێندە پڕ مەترسی بوون وەك ئەوەی دوژمن بۆی نووسی بن، لێرەوە بۆمان رووندەبێتەوە ئاسایشی نەتەوەیی لەهزری جۆرنالیستی كوردیدا لاوازە، لەمەیان هەست بە بۆشاییەكی گەورەی راگەیاندنی نیشتیمانی دەكرێت.
میدیا لەم قۆناخە ناسكەدا نابێت وەك خەنجەرێكی ژەهراوی لە دڵی زیندووی تاكەكانی كۆمەڵگە بدات، بەڵكو دەبێت لە كاتی سنوربەزاندی بەرپرسان و دەسەڵاتداراندا هەوڵ بدات لەبەرژەوەندی گشتیدا بێت و پیشەییانەو بابەتیانە لە رووداوەكان بڕوانێت.
كارەكتەرە سیاسییەكان ناتوانن سوود لەو لایەنانەی راگەیاندن وەربگرن كە پەیوەندی هەیە بە رامیارییەوە، سیاسییەكان دەبێ‌ تێبگەن! چۆن كەناڵەكانی راگەیاندن كاردەكەن؟ بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە دەسەڵاتەكەی وەربگرن بۆ كاراكردنی ئامانجە گشتییەكانی سیاسەت.
راگەیاندن جگە لەوەی شێوازێكە لە شێوازەكانی جەنگی دەرونی، هاوكات شێوەیەكە لە شێوەكانی پرۆسەی پێگەیشتن، واتا گەیاندنی زانیارییەكان لە دوورترین شوێنەوە بەخێراترین شێوەو بەكەمترین كات، مەبەست لێی بڵاوكردنەوەی هەواڵی راست و زانیاری وردو بێ خەوش بەئامانجی رۆشنكردنەوەی بیری خەڵك و دروستكردنی متمانەیە.
ئەی ئەگەر ئەو متمانەیە بەدەزگاكانی راگەیاندن نەما! بینەرو بیسەرو خوێنەر چۆن هەواڵی راستیان دەست كەوێ‌؟
ماییەی نیگەرانییە، ئەمرۆ لەبەردەم لێشاوێك لە شكاندن و سوكایەتیكردن و ناشیرینكردنی یەكترداین،  بەتایبەت لە سۆشیال میدیادا، دواجار ئەم پەرچەكردارانە دەبنە هۆی لێدان لە ئازادی رۆژنامەنووسی، كۆمەڵگەش بە شێوەیەكی گشتی زیانی بەردەكەوێ‌. بۆ میدیا ئاسایشی نەتەوەیی زۆر هەستیار و گرینگە، جۆرنالیست دەبێت بە بایەخەوە لێی بڕوانێت. شەڕی دەزگاكانی راگەیاندن لەنێوان میدیای حزب و ئەو میدیایانەی دیكەیش كە بە میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن ناودەبرێن، هەندێك جار ئاراستەی رۆژنامەگەری ئازاد بەلارێدا دەبرێت و بۆ مەبەستی سیاسی بەرگی میدیای ئازادی بە بەردا دەكرێت، ئەوەی دوێنێ‌ پروپاگەندەی دەرونی بە ئێزگەیەكی سادەوە دەكرا، ئێستا لەسەردەمی ماس میدیادا، لە كەناڵەكانی بینراو، نوسراو، بیستراودا پروپاگەندەكان لە شێوەی جەنگی دەرونی دا دەكرێن و  لە سایتە جۆراوجۆرەكانیشدا ترش و خوێی زیاتری پێوە دەكرێت، ئەو دەزگا راگەیاندنانەی كار لەسەر سۆزی خەڵك دەكەن و پەیامی ترس و وروژاندن  بڵاو دەكەنەوە، دەبێت لە پێناو كێ‌ بێت كێش لێی سوودمەند بێت؟ بەدڵنیاییەوە دوژمنانی كورد و كوردستان سوودی زۆریان لێ بینیوەو هەمیشەش كار لەو پێناوە دەكەن بۆ مەبەست و سەركەوتنەكانی خۆیان و لێكترازانی نێوخۆی كورد، باجی هەموو ئەمانەش خەڵكی سادەو مرۆڤدۆستی گەلی كوردستان دەیدات.