شەهیدی فەرماندە شێركۆ شوانی: شۆڕش لێرەوە بڵێسەی سەندووە
دووشەممە, 13 تشرینی دووەم 2017 12:33


سوبحان شكۆ- سلێمانی
لەپێناو بنیاتنانی كوردستانێكی سەربەخۆ و پاراستنی لە هێزە داگیر كارەكان, هێزی پێشمەرگەی كوردستان دلێرانە و بوێرانە تێكۆشاوە بۆ پاراستنی كوردستان و نەیان هێڵاوە بكەوێتە دەست دوژمنان و بە ئاسودەیی خۆیان فەرمان رەوایی خۆیان بكەن لە نێو خاكی كوردستان, تەنانەت ئەم هێزە چاو نەترسەی نیشتیمان لەپێناوی پاراستن و گەوەرەیی خاكەی پیرۆزەی كوردستان خوێنی خۆیان دەرێژن و گیانی خۆیان فیدای نیشتیمان دەكەن, شەهید شێركۆ شوانی بە خوێن و گیانی خۆی بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمان تێدەكۆشا, ڕووبەڕووی گەورەترین هێزی دڕندانەی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (تیرۆرستانی داعش) دەبوویەوە تا كوردستان لەم جۆرە هێزانە ب پارێزێت, سەرەنجام گیانی خۆی فیدای نیشتیمان كرد و شەرەفی ئەوەی پێبرا كە بۆ هەمیشە ناوێكی درەوشاوەبێ لە مێژووی خەباتی كورد و كوردستانیان.
بنەماڵەی لیوا شێركۆ فاتیح ژیاننامەی ئەم قارەمان و نیشتیمان پەروەرەی كوردستان بۆ زاری كرمانجی دەگێرنەوە.
شێركۆ فاتیح نامیق كەریم شوانی لە ساڵی 1969 لە ناحیەی ماوەت لە خانەوادەیەكی پێشمەرگە لە دایك بووە, لە ساڵی 1974چۆتە بەر خوێندن هەردوو قۆناغی سەرەتای و ناوەندی لە ماوەت تەواو كردوە, لە ساڵی 1979 فاتیح شوانی باوكی دەبێتە پێشمەرگە و هەر لە حەفتاكان باوكی دەستگیر دەكرێت, بە منداڵی شەهید شێركۆ ساڵێكی تەمەنی لە گرتوخانەی گەورەی سلێمانی بەسەر دەبات, لە 18ئاداری ساڵی 1981 بە لێبوردنی گشتی ئازاد كراون و پاش ئازاد كردنیان دەچنە شارە ئازاد كراوەكانی كوردستان, ساڵی 1984 پەیوەندی كردوە بە ڕێخستنەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ساڵی 1987 شەهید هەر لە لاویەتیدا چەكی پێشمەرگایەتی دەكاتە شان و لە گەڵ باوكی دەبێتە پێشمەرگە, لەكاتی ئەنفالدا ڕوو لە ئێران دەكەن و لە گەڵ بڵێسەی ڕاپەرین لە ساڵی 1991 لە گەڵ هیزی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە سلێمانی و لە ئازاد كردنی ئەمنە سورەكەی سلێمانی بەشدار دەبن, لە شاری كەركوك فاتیح شوانی باوكی برین دار دەبێ و لە دەسپێكی كۆرەوەكەدا ئاوارە دەبن دواتر بە نهێنی لە سەر فەرمانی سەركردایەتی دەگەرێنەوە چەمچەماڵ .
لە 18ی 5ی 1991 شەهید شێركۆ و پێشمەرگەیەكی هاوڕێی لە دەربەندی بازیان بە هەڵە دەكەونە بۆسەی لیوای حەرەس جمهوری و دەسگیردەكرێن, ڕەوانەی كەركووك و پاشان ئەمنی عامەی بەغدا دەكرێن, دوای دادگایی كردنیان لە دادگای بە ناو سەورە فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و لەو كاتەدا ناوبراو بە هەڤاڵانی وتووە"برادەران دڵگران مەبن ئێرە شوێنی شەهیدانی وەك خاڵە شەهاب و ئەنوەر و جەعفەر و سەدان شەهیدی تر بووە, شۆڕش لێرەوە بڵێسەی سەندووە", دوای ماوەیەك لە گەڵ چەند ئەفسەرێكی ڕژێمی عێراق دیل بە دیلیان پێكراوە و ئازاد كران, شەهید شیركۆ دواتر دەكرێت بە فەرماندەی بەتالوێنی 13ی شوان لە هێزی شوان- كەركووك.
شەهیدی فەرماندە لە ساڵی 1993 ژیانی هاوسەری پێك هێناوە و لە بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە سێ منداڵی هەیە بە ناوەكانی (براكۆ, ڕێكان, دیار), لە گەڵ یەكگرتنەوەی سوپای كوردستاندا شەهید شیركۆ بووە فەرماندەی لیوای قیادەی كەركووك پاشان دەچێتە لە شكری بازیان لە گەڵ كاك ئەنوەر دۆڵانی درێژە بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەدا, لە ساڵی 1996 لە لایەن بەڕێز مام جەلالەوە خەڵاتی قارەمانێتی پێ دەبەخشرێ پاشان دەكرێ بە بەرپرسی مەشق و پشكنین لە فەرماندەی كەركوك لە گەڵ لیوا كاكەمەند, دواتر دەچێتە خولی قەلا چۆلان و بەسەركەوتوویی خولەكە دەبرێت, لە ساڵی 2003 بەشداری شەڕەكانی گروپی تیرۆریستی جندالاسلامی كردوە و لە هەڵەبجە و هەورامان یەك لە هاوڕێكانی شەهید دەبێ بە ناوی عەلی محەممەد هەمزەیی, هەر لەو ساڵەدا بەشداری ئازاد كردنی شاری كەركووكی كردوە و بەرەو خۆر ئاوای كەركووك پێشرەوی دەكات تا لە ناوچەی ڕیاز بەسەختی برین دار دەبێت, هاوكات ڕائید فاتیح عەبدوڵڵای جێگری موبارەك عوبێد و وریا حەمە رەزای پورزای شەهید دەكرێن و شەهید شێركۆ لە بەر سەختی برینەكەی ڕەوانەی نەخۆش خانەی تاران دەكرێ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە چاوێكی لە دەست دەدات.
شوانی لە ساڵی 2006 دەكرێت بە فەرماندەی لیوای 10ی كەركوك بۆ پاریزگاری لە شارەكە, بارەگای لە قەرەنجیر دەبێت و لیواكەی یەككێك بووە لە لیوا چالاكەكان و بووە بە چقڵی چاوی تیرۆستان, ساڵی 2009 لەبەر كارو چالاكییەكانی لە لایەن سەرۆك مام جەلال دوبارە خەڵات دەكرێتەوە و توانی هێزی پیشمەرگەی كوردستان لە دەورووبەری كەركووك جێگیر بكات, ساڵی 2010 دەكرێتە فەرماندەی لیوای1 لە پاڵ ئەم ئەركەوە دەبێتە ئەندامی لیژنەی ئەمنی كركووك, لە هەر شوێنێك مەترسی لە سەر كەركووك هەبوایە شەهید شێركۆ لەوێ سەنگەری قایم دەكرد و لە گەڵ هیزەكانی ئەمریكا پەیوەندییەكی پتەوی دەبێت و ب بووە مایەی متمانەی ئەمریكێكان لە ناوچەكە, دوای داگیركردنی شاری موسڵا لە لایەن تیرۆستانی داعش مەترسی لەسەر شاری كەركووك دروست بوو, شێركۆ قەڵغانێكی بەدەوری شارەكە دروست كردبوو و لە زۆربەی شەڕەكانی دژ بە تیرۆستان لە باشوری شارەكە, تەلەر وەرد, مەلا عبدوڵڵا, مەكتەب خالید ڕۆڵێكی قارەمانانەنی بینیوە.
لە ڕۆژی 17ی تەمووزی ساڵی 2014 لە تەلەر وەرد دووبارە شێركۆ شوانی بەسەختی بریندار دەبێت, فەرماندی شەهید هێشتا بەتەواوی چاك نەببۆوە خۆی گەیاندۆتەوە بەرەكانی جەنگ, لەگەڵ برینداربوونی خۆی یەك لە پاسەوانەكانی بە ناوی(سەمەد ئەحمەد)شەهید دەبێت وە چەند پاسەوانێكی تری بریندار دەبن, لە ڕۆژی 24ی 12ی 2014 داعش تەلەر وەرد داگیردەكات ئەوكات جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم كۆسرەت رەسول لیوا شێركۆ شوانی ڕادەسپێرێت بۆ گرتنەوەی ناوچەكە.
لە كاتی كۆنترۆڵ كردنەوەی تەلەر وەرد چەند فەرماندەیەك بە ناوەكانی (ملازم هاشم بنەیی, عەتای كاكە حەمەی حاجی محمود, كەمالی حاجی ئاغا)و كۆمەڵێ پێشمەرگەی قارەمانی تر شەهید دەكرێن, بەشەهید بوونی ئەم پۆلە پێشمەرگەیە شێركۆ شوانی زۆر خەمبار دەبێت و دەڵێت"شەری من لە ئێرەوە لە گەڵ داعش دەست پێ دەكا", بۆیە شێركۆ وەكو شێر لە تۆڵەی ئەم شەهیدانە داعشی تێك شكاند و بە شەهید بوونی خۆشی مژدەی تەواوی ناوچەكانی ڕاگەیاند لە ڕۆژی 30ی كانوونی دووەمی ساڵی 2015, لەو رۆژە رەشەدا لیوا شێركۆ شوانی لەگەڵ (نەشئەت جەمیل بنەیی, دانا عەباس بنەیی, مەریوان عەبدول رەحمان بنەیی, كاوە محەممەد تۆفیق) دەگەن بە كاروانی نەمران.