بەرێوەبەری ئامادەیی شەمامی كچان چەند نهێنێكی نەزاندراوی قوتابخانەكەی بۆ زاری كرمانجی باسدەكات ناوی شەمام لەناوی ئەو ئافرەتە هاتووە كە مەسیحی بووە و خەڵكی هاودیان بووە
دووشەممە, 13 تشرینی دووەم 2017 19:51

ZKW: قوتابخانەی ئامادەیی شەمامی كچان ناوێكی ناسراو لە سنووری پەروەردەی رواندز و بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بەوەی ساڵانە بە بەردەوامی لەم قوتابخانەیە قوتابیانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی بەهەردوو بەشی زانستی و وێژەیی نمرەی هەرە بەرز بەدەست دێن ، ئەم قوتابخانەیە ئەهلی نیە تا وەكو  بڵێن گرینگی زۆری پێدراوە بەڵكو قوتابخانەێكی حكومیەو سەر بە پەروەردەی رواندزە ، بەرێوەبەری ئەو قوتابخانەیە لەم دیمانە تایبەتیەی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا باسی مێژووی دامەزاراندنی ئەم قوتابخانەیەو ئەوكەسانە دەكات كەلەم قوتابخانەیە بەرێوەبەربوونە هێرۆ عەلی مەحموود یەكێكە لە بەرێوەبەرە هەرە سەركەوتووەكانی پەروەردەی رواندز ماوەی پێنج ساڵە ئەم ئەركەی لە ئەستۆیەو سەركەوتووانە ئەركانی خۆی ڕاپەراندوە ، خۆشی جگە لە كاری بەرێوەبەری وانەكانی جوگرافیاو مێژوو  دەڵێتەوە لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی، ئەم بەرێوەبەرە  پیپَوایە ئاستی خێزان و قوتابخانە لەو پەری لاوازیدایە ، بۆ لە نزیكەوە ئاگادربوون لە مێژووی ئەم قوتابخانەیەو ئاست و ئەنجام و چەند پرسیارێكی تری تایبەت بەبواری پەروەردە و فێركردن  ، ست . هێرۆ عەلی مەحموود بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە .
دیمانە : محەممەد مە حموود
* كورتەیەك لەمێژووی قوتابخانەی شەمامی كچان بنووسیت ؟
- ئامادەیی شەمامی كچان لەساڵی 1972 دامەزراوە لەشاری رواندز یەكەمجار ئەو قوتابخانەیە ناوی ناوەندی رواندزی كچان بوو ، لەساڵی 1992 لەلایەن چەند سەرپەرشتیارێك كەلە هەولێرەوە هاتبوون كە یەكێكیان خوالێخۆش بوو مامۆستا كمال حارس بوو لەسەرپێشنیاری ئەو ناوەكە گۆڕدرا بۆشەمام .
* كێ‌ ناوی لەم قوتابخانەیە ناوە وەناوەكەی  بۆچی دەگەرێتەوە ؟
- ناوی شەمام لەناوی ئەو ئافرەتە هاتووە كە مەسیحی بووە و خەڵكی هاودیان بووە ، شەمام ئافرەتێكی زۆر ئازاو زیرەك و چاونەترس بووە ، چاوساغی پاشای گەورە بووە ، ئەم ئافرەتە دەهاتە شاری رواندز بۆلای پاشای گەورە ، هەواڵ و پیلانی دوژمنەكانی پاشای گەورەو عوسمانیەكانی بۆپاشا دەهێنا لەمەترسیەكانی ئەوانی ئاگاداردەكردەوە ، ئەو ئافرەتە زۆریارمەتی پاشای گەورەی داوە و دارێژەری پلانەكانی پاشای گەورە بووە ، كاتێك دەهاتە رواندز لەگەڵ پاشای گەورە لەشوێنێك كۆدەبوونەوە ، پاش مردنی ئەم شێرە ژنە پاشای گەورە شوێنی كۆبوونەوەكانی ناولێنا قۆنگرەی شەمام ، ناوی قوتابخانەكەشمان بەناوی ئەو ئافرەتە مەزنە كراوە .
* چەند بەرێوەبەرتائێستا لەم قوتابخانەیە بەرێوەبەربوونە؟
- بەمنەوە تائێستا شەش بەرێوەبەر ئەم قوتابخانەیەیان بەرێوەبردووە ، وەبەپێی زانیاریەكانیشم بەرێوەبەرەكان ئەمانەی خوارەبوونە
یەكەم : نەسرین ئەحمەد سەفار وەك یەكەم بەرێوەبەری ئەم قوتابخانەیە دەست بەكاربووە لەدوایكردنەوەی قوتابخانەكە لە ساڵی 1972 ئەم بەرێوەبەرە بۆماوەی ساڵێك بەردەوام بووە لەئەركەكەی.
دووەم : بەرائە عونی شاكر لەساڵی 1973 وەك دووەم بەرێوەبەری قوتابخانەی شەمامی كچان دەست بەكاربووە تاوەكو ساڵی 1985 واتە ماوەی دوازدە ساڵ ست. بەرائە بەرێوەبەری ئەم قوتابخانەیە بووە .
سێیەم : رەوشەن عبدالرحمان ئەحمەد لەساڵی 1985 ئەركی بەرێوەبەری ئەم قوتابخانەییەی وەرگرتووە .
چوارەم: چنور مەزهەر محەممەد لەساڵی 2002 وەكو بەرێوەبەر دەست بەكاربووە تاوەكو ساڵی 2011 كە ئێستاش سەرپەرشتیاری كارگێریە لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران .
پێنجەم : فەهیمە محەممەد باپیر لەساڵی 2011 ئەركی بەرێوەبەری ئەم قوتابخانەییەی پێدراوە بۆماوەی یەك ساڵ بەردەوام بووە لەساڵی 2012 ئەركەی بەكۆتاهێناوە .
شەشەم : هێرۆ عەلی مەحموود كە خۆمم لەساڵی 2012 دوای ئەنجامدانی تاقیكرنەوەی بەرێوەبەری و دەرچوونم لەهەردوو تاقیكردنەوەی نووسینەكی و چاوپێكەوتن لەبەرواری 1-10-2012 وەك بەرێوەبەر دەست بەكاربووم تائێستاش بەردەوامم لەئەركەكەی خۆم .
* بەگشتی تائێستا چەندقوتابی لەئامادەیی شەمامی كچان قوتابی بوونە دەرچووینە لەوقوتابخانەیە؟
- ژمارەی ئەو قوتابیانی كەلە قوتابخانەكەمان دەرچوونینە تائێستا زۆرن ناتوانم بە تەواوی ژمارەیان دیاری بكەم ، بەڵام نزیكەی 10ساڵ دەبێت ئەو قوتابیانەی لە كولێژو پەیمانگەكان دەرچووینە ئێستا زۆربەیان لە قوتابخانەكانی رواندز چ بەمامۆستای هەمیشەیی یاخود گرێبەست و وانە بێژ خزمەت دەكەن هەندێكیشیان هەر لەقوتابخانەكەی خۆمان خزمەت دەكەن ، پارساڵ واتە ساڵی خوێندنی 2015-2016  ژمارەی قوتابیانی دەرچوو لە كۆلێژو پەیمانگەكان 60 قوتابی بووە بۆئەمساڵیش 99 قوتابی دەرچووینە لەهەردووبەشی زانستی و وێژەی .
* لەئێستادا ژمارەی قوتابیانتان چەندە لەقوتابخانەكەتان؟
- بۆئەمساڵی خوێندن ژمارەی قوتابیان 398 قوتابیە دابەشكراون بەسەر 13 پۆل.
* هۆكاری باشی ئاستی زانستی ئەوقوتابخانەیە بۆچی دەگەرێتەوە ؟
- هۆكاری باشی ئاستی زانستی قوتابخانەكەمان دەگەرێتەوە بۆچەند هۆكارێك لەوانە
یەكەم : هاوكاری و پاڵپشتی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز بۆقوتابخانەكەمان چ لەرووی دابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندن و كەل و پەلی قوتابخانە هەروەها دابینكردنی مامۆستا بۆقوتابخانەكەمان لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە لێرەوە سوپاسی هاوكاریان دەكەم .
دووەم: بوونی مامۆستای بە ئەزموون و ماندونەناس كە بەو پەری دڵسۆزیەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و رێزگرتنی یەكتری و هاوكاری كردنی كارگێری قوتابخانە و هەست كردن بە بەرپرسیارێتی لەگەڵ كارگێری قوتابخانە دا.
سێیەم : پابەندبوونی قوتابیان بەیاساو رێساكانی قوتابخانەو جێ‌بەجێكردنی رێنمایەكانی پەروەردەو فێركردن ، رێزگرتنیان بۆمامۆستاكانیان و خەمخۆریان بۆوانەكانیان ئەمەش بەپاڵپشتی مامۆستاكان و كارگێری قوتابخانە یە.
چوارەم : بوونی دەستەیەكی كارگێری كارامەو لێهاتوو لەكارەكانیان ، كەهەمووكات هەوڵدەدەن بەرێوەبردنەكەیان شێوەیەكی دیموكراسی وەرگرێت ، هەوەها پشت بەستن و كارپێكردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی قوتابخانە لەگەڵ خۆیان بۆئەوەی لەگەڵ بەرپرسیاریەتی لەگەڵیاندا بەشداربن و هەست كردن بەكارەكان و لەئەستۆگرتنی بارگرانی قوتابخانە و سەرپەرشتی كردنی بۆ ئەوەی پابەندبن بە جێ بەجێكردنی ئامانجەكانی قوتابخانە ، هەردەم بەیەكسانی و دادپەروەرانە و بێ‌ جیاوازیكردن و لەچوارچێوەی رێنماییە پەروەردەیەكان كارەكان ئەنجام دەدەین .
* ئەمساڵ ئاستی دەرچوونی قوتابیانتان چۆن بوو لەپۆلی دوازدە؟
- ساڵانە ئاستی دەرچوونمان زۆر باشە نمرەی زۆر بەرز دێن و قوتابیەكانمان لەسەرئاستی پەروەردەی رواندز پلەی یەكەم و پلەكانی تر بەدەست دێنن ، هەندێك جاریش قوتابخانەكەمان لەساڵانی رابردووپلەی هەشتەم و دەیەمان لەسەر ئاستی پەروەردەی گشتی هەولێربەدەستهێناوە بۆ ئەو مەبەستەش رێزو سوپاسی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێردرا بەكارگێری قوتابخانە و سەرجەم مامۆستایان ، بۆئەم ساڵیش نمرەی بەرزهاتووەو رێژەی دەرچوونیش زۆرباشە.
* ئێوە هەوڵدەدەن ئاستی زانستیتان باشبێت یان بۆئەوەی پێشبركێ‌ بكەن لەگەڵ ئامادەییەكانی تر ؟
- بوونی پێشبركێ لەنێوان قوتابخانەكان و لەناو قوتابخانەیەكیش لەنێوان خودی قوتابیاندا زۆرباشە ، چوونكە ئەم پێشبركێ یە وادەكات ئاستی زانستیان زۆر باشتر بێت و بەرەو سەركەوتن بڕۆن ، بەڵام ئەم سەركەوتنەی لای ئێمە تەنها مەبەستمان بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی قوتابیانە نەك پێشبركێ‌ كردن، بەڵام هەمووكات بەیەك دەست كاردەكەین و هەوڵ دەدەین لە لووتكەدابین .
* بۆخۆت وەك بەرێوەبەرێك لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردنی بۆتاقیكردنەوەكان ؟
- من خۆم وەك بەرێوەبەرێك و مامۆستاێك لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردندا نیم ، چوونكە لەم ساڵانەی دوای بۆمان دەركەوت كە ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە قوتابی بەرەو سستی و كەم تەرخەمی دەبات ، وادەكات قوتابی نەتوانێت بە پێی پێویست فێری ڕێنوس بێت ، قوتابی هەیە پۆلی دوازدەیی ئامادەیە هەڵەی رێنووسی هەیە ، هەرەها بوونی كەم و كوڕی زۆر لەدەربڕینی قوتابی لەكاتی گفتوگۆكردنی لەسەربابەتێك ، ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە زۆرجار لەبەرژەوەندی قوتابی كەم تەرخەمدایە كە تەنها هەوڵی دەرچوون دەدات .
* بۆقۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لەگەڵ ئەوەی كە قوتابخانە تێكەڵاو بێت لەرووی كچان و كوڕان؟
- من لەگەڵ تێكەڵاوی كوڕ و كچ نیم لە قۆناغی ئامادەیی و ناوەندی ، چوونكە قوتابیان لەم قۆناغەدا تازە پێدەگەن و لە قۆناغێكی هەرزەكاری هەستیاردان وەكو دەبنین ساڵانە تێكەڵاو دەكرێن پاش ساڵێك یان دووساڵ لەیەكتر جیادەكرێنەوە .
* ئاستی مامۆستای زیرەكو بەتوانا هۆكارە بۆئاست بەرزی قوتابی یان خودی قوتابی هۆكارە بۆزیرەكی خۆی؟
- ئاستی مامۆستای زیرەك و بەتوانا هۆكارە بۆئاست بەرزی وەخودی قوتابیش گەر حەزو ئارەزووی بۆخوێندن نەبێت ناتوانێت سەربكەوێت ، وەزۆرجار ئاستی زیرەكی قوتابی وایكردووە مامۆستا زیاتر گرنگی بە ئاستی زانستی خۆی بدات وەك دەڵێن قوتابی باشترین مامۆستایە بۆمامۆستا ، چوونكە جارهەیە مامۆستا شت لەقوتابی فێر دەبێت ، مەبەستیشم لێرە گوێگرتنە لەقوتابی ، مامۆستا وانە زانێت كە لە قوتابی گرنگترە ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە ، وەك ئەم قسەییەی وەرزشوان و هونەرمەندی جیهانی بروسلی كە دەڵێت : من ناتوانم فێرت بكەم بەڵام دەتوانم یارمەتییت بدەم تارێگەی خۆت بدۆزیتەوە ، كەواتە پێویستە مامۆستا ببێتە رێگە نیشاندەر بۆ قوتابی فێری بكات چۆن ئەو رێگایانە بدۆزێتەوە كە دەبنە هۆی سەركەوتنی لە خوێندندا.
* ئەگەرئاستی مامۆستایەكت بەدڵ نەبوو بۆقوتابیان و قوتابخانە دەتووانی داوای گۆرینی بكەی ؟
- ئەگەر ئاستی مامۆستایەكم بەدڵ نەبوو بۆ قوتابیان داوای گۆرینی ناكەم ، بۆنموونە من مامۆستاێكم ئاستی باش نەبوو نەی دەتووانی پۆلی دوازدەیی ئامادەی بڵێتەوە هەوڵم دا بۆئەوەی ئاستی خۆی بەرزبكاتەوە هەستام پەیوەندیم بە مامۆستایەكی بە ئەزموون كرد كە هەمان پسپۆری مامۆستاكەی قوتابخانەكەم بوو بۆئەوەی یارمەتی مامۆستاكەم بدات ، ئێستاش كەلەكاری خۆی بەردەوامە ، من خۆم گەر مامۆستا بەئەزموون نەبێت لە قوتابخانە وەری ناگرم ، بەتایبەت بۆ پۆلی دوازدە داوای گۆرینی هیچ مامۆستایەكم نە كردووە بەڵكو هەردەم پاڵپشتیان بوومە .
* پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە چۆن دەبینی؟
- پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە لە وپەری لاوازی دایە ، چونكە دەبینین رۆژانە ئەو دایك و باوكانەی كە لە ڕۆڵەكانیان دەپرسن زۆر كەمن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ، ساڵی دووجار كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دایك و باوكان و مامۆستایان دەكەین و بانگهێشتیان دەكەین هێشتا ژمارەیەكی كەم ئامادە دەبن .
* دەڵێن لە بەرێوەبردن تووندی وایە ؟
- بەپێكەنینەوە كە وا دەڵێت من بەرێوەبەرێكی تووند بم چوونكە من كەسێكم حەزم لە پیشەكەی خۆمەو شانازیش بە مامۆستایەتی دەكەم ، بۆیە نامەوێت كەمترین كاری نایاسایی و سەرپێچی لە قوتابخانەكەم هەبێ‌ چ لەلایەن كارگێری بێ‌ یان مامۆستایان و فەرمانبەران تەنانەت قوتاببیش هەموومان لەچوارچێوەی ڕێنمایەكانی وەزارەتی پەروەردە كاردەكەین ، جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەویاساو ڕێسایانەی لەقوتابخانەدا هەن یەكەم جار لەلایەن خودی خۆمەوە جێ‌ بەجێ‌ دەكەم و لێپَچینەوە لەگەڵ خودی خۆم دەكەم ، لێ‌ ناگەرێم مافی كەس بوخرێت بەیەك چاو سەیری مامۆستاو فەرمانبەران و قوتابیان دەكەم ، قوتابی دەبێت بەرەنج و هەوڵ و تێكۆشانی خۆی دەربچێت ، مامۆستایەكان بەیەكسانی بە پێی پسپۆری خۆیان بە پێی ژمارە وانەكان وانەكانیان بەسەر دابەشكراوە ، لەكاتی دانانی خشتەی وانەكان رەچاوی هەمووان كراوە .