Share on facebook
حكومەتی هەرێم قەرەبۆی زیان لێكەوتوانی بومەلەرزە دەكاتەوە
سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 15:44


زاری كرمانجی - دەربەندیخان : پاش بومەلەرزەكەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە و دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی و ئاوارەبوونی هەزاران کەس و وێرانبوونی هەزاران خانوو و قوتابخانە، ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ و پەروەردە و تەندروستی و شارەوانی و کشتوکاڵ و بەنداوەکان و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی پەیوەندیدار بەو وەزارەتانە و بەرپرسانی ئیداری دەربەندیخان کۆبوونەوەیەکی بە پەلە پێک هات .


لە پاش کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکان،  کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام درا کە تیایدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەم زەویھەژانە ھاتووین تا بزانین قەبارەی ئەم کارەساتە چەندە و چی پێویست بێت بیكەین .


هەروەها سەرۆكی حكومەتی هەرێم رای گەیاند" بوودجەیەک دەخەینە بەردەستی یەکە ئیدارییەکان بۆ کاری پێویست و بلەز تا دواتر وردەکارانە هەڵسەنگاندنێکمان بۆ بکەن و خەسارەتەکان هەژمار بکەن.


وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە ھاونیشتمانانمان لە کرماشان و سەرپێڵ و زەھاو دەکەین بۆ ئەم کارەساتە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. سەردانی بەندای دەربەندیخانمان کرد و گوێمان بۆ تەکنیسنەکان گرت بە خۆشحاڵییەوە مەترسییەکی وەها گەورە لەسەر بەنداوەکە نییە و تیمی تەکنیکشیمان بانگھێشت کردووە بۆ ئەوەی کار لەسەر هەموو لایەکانی بکرێت و تەواو دڵنیا بینەوە لە هەموو شتێکی. نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وای گووت ".