Share on facebook
پارتی وەكو یەكێك لە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی كاریگەری خۆی هەیە لەسەر بڕیارەكان هەر لەبەر ئەوە داوایان دەكرد بگەڕێتەوە بەغدا
یەک شەممە, 19 تشرینی دووەم 2017 20:57


ZKW : خۆشەوی خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد" لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و لەسەر داوای سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان، بڕیارماندا بەشداری لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا بكەینەوە، چونكە لە داهاتوودا زۆر بابەتی گرنگ كە پەیوەندیان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە دێنە ناو پەرلەمانەوە، كە پێویست دەكات ئێمە ئامادەبین، هەر لەبەر ئەوە بڕیارمان دا بگەڕێینەوە و لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە یەكدەنگ بچینەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەرگری لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بكەین.
خۆشەوی خەلیل، رایگەیاند" لەسەر ئەو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانی عێراق دژی هەرێمی كوردستان دران، ئێمە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانمان كرد، هەر نەك ئێمە، بەڵكو هەموو فراكسیۆنەكانی كوردستان دژی ئەو بڕیارانە وەستانەوە، پاش ماوەیەكی زۆر فراكسیۆنەكانی دیكە بایكۆتیان شكاندوو و گەڕانەوە پەرلەمان، زۆر بابەتی گرنگیش لە داهاتوویەكی نزیكدا دێنە ناو پەرلەمان، لەوانە بودجەی كوردستان، كە پێویست دەكات ئێمە ئامادەبین، هەروەها ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، كە پێویست دەكات ئێمە لە كۆبوونەوەكان ئامادە بین، هەر لەبەر ئەوە بڕیارمان دا بگەڕێینەوە و لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە بە یەكدەنگ بچینە ناو هۆلی پەرلەمانەوە.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دیاركرد" هەموو پەرلەمانتارەكان گەڕاونەتەوە، ئەوانەی پارێزبەندیشیان لەسەرە، چونكە هەندێك پەرلەمانتار هەوڵی ئەوە دەدەن كە سزای ئەو پەرلەمانتارانە بدەن، بەڵام ئەو بڕیارە، بڕیارێكی سیاسییە و دەستوور و یاسا ڕێگە بەوە نادەن كە بە هیچ شێوەیەك پەرلەمان سزای پەرلەمانتاران بدات، لە كۆبوونەوەی رابردوو دیار بوو و هەموو فراكسیۆنەكان یەكهەڵوێست بوون و هەموو پێكەوە هاتنە دەرەوە، ئێمەش لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە هەوڵ دەدەین كە ئەو بڕیارانە سەر نەگرن و شكەستیان پێ بهێنین.
خۆشەوی خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی گوت" هەندێك بڕیار لە بەغدا دژی گەلی كورد و كوردستان دەدرێن، ئەو بڕیارانە بۆ لایەنێك و دوو لایەن نینە، پێشتر فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ بوونە، بۆیە لە داهاتووش ئەوان ئەگەر دژایەتی هەرێمی كوردستان بكەن، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست دەبین و دژی ئەو بڕیارانە دەوەستینەوە.
خۆشەوی خەلیل، ئاشكراشی كرد" فراكسیۆنی پارتی گەورەترین فراكسیۆنی كوردستانییە و یەكێكە لە گەورەترین فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان، كاریگەری خۆی هەیە لەسەر بڕیارەكان، لە دانیشتنەكانی رابردوو زۆر یاسا هاتنە پەرلەمان، بە هۆی ئامادەنەبوونی فراكسیۆنی پارتی و هەندێك فراكسیۆنی دیكەی كوردستانی، نیسابی یاسای تەواو نەبووە و دەنگدان لەسەر دواخراوە، بۆیە بەشدارینەكردنی پارتی لە كاری سیاسی لە بەغدا كاریگەری خۆی هەیە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان بەردەوام داوایان دەكرد كە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی بگەڕێنەوە و بەشداری لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكەن.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی دركاند" لە ماوەی رابردوو كە فراكسیۆنی پارتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی بایكۆت كردبوو، ئێمە لەو ماوەیەدا ناڕازیبوونی خۆمان دیار كرد و هەموو ئەو بڕیارانەی دژی هەرێمی كوردستان دەدران دژی دەوەستاینەوە، كە ئێمە چ وەكو فراكسیۆن، چ وەكو كورد لەگەڵ ئەو بڕیارانەدا نینە، چونكە هەموو ئەو بڕیارانەی كە دراون سیاسینە و بە زۆرینە دراون، بۆیە بایكۆت كردن بۆ ئەوان وەڵامێك بوو كە ئێمە وەكو نەتەوە، وەكو هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو بڕیارانەدا نینە و ڕەت دەكەینەوە.
خۆشەوی خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێ" پاش ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هەردەم هەرێمی كوردستان داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی لە بەغدا كردووە و ویستویەتی ئەو كێشانەی هەن بە گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن چارەسەر بكرێن، بەڵام وەكو دیاربوو عێراق توند بوو و غرووریەتی پێوە دیار بوو، كە ئەو غروریەتە تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام ئێستا خەریكە نامێنێت و نەرمی دەنوێنێ بۆ چارەكردنی پرسەكان لەگەڵ هەرێم".