Share on facebook
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران: هەزار خێزانی هەرێمی كوردستان لە ئێران ماون و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە
یەک شەممە, 19 تشرینی دووەم 2017 21:10

ZKW : عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند" 22 هەزار و 500 خێزانی هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكان ئاوارەی ئێران ببوون، لە ڕێگەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەمساڵ لەبەر هاتنی حەشدی شەعبی و داخستنی سنوورەكان، تا ئێستا تەنیا 20 خێزان گەڕاونەتەوە. ڕوونیشیكردەوە" وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق تاوەكو ئێستا خۆی بێدەنگ كردووە، بەهانای ئەو خەڵكانەوە نەهاتووە كە لە كەركووك رایانكردووە، لەگەڵ ئەوەی لە مێرگەسۆر و سیدەكان لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە 50% گوند و ئاواییەكانی ناوچە ئاوەدان نەكراونەتەوە.
عەباس ئەمیر، دەڵێ" پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك و خورماتوو، خەڵكێكی زۆر لەو ناوچانە ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بوون، هەر چوار قەزای سنووری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆرانیش بێبەش نەبوون لە هاتنی ئەو ئاوارانە، زیاتر لە 75 خێزان روویان لە ناوچەكە كردبوو، بەڵام هەندێك لەوانە لەبەر كارەكانی خۆیان، بەتایبەتی كاری ئیداری گەڕانەوە، ئێستا 60 خێزان لە ناوچەكەنە و بە شێوەیەكی كاتی لە خانووی كەسانی خۆبەخش نیشتەجێ كراون، تا بزانین چارەنووسیان چی دەبێت، ئەگەر بمێنەوە دەبێت پلانیان بۆ دابنێین، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق تاوەكو ئێستا خۆی بێدەنگ كردووە، بەهانای ئەو خەڵكانەوە نەهاتووە كە لە كەركووك رایانكردووە، بەداخەوە ئەو خەڵكانەش بە خەڵكی خۆیان نازانن.
ئاماژەی بەوەش كرد"خەڵكی سۆران و قەزاكانی دیكە هەر زوو دەرگای ماڵەكانی خۆیان بۆ ئەوانە كردەوە و نانی خۆیان لەگەڵ ئەوان بەشكرد، هەر چی كەلوپەلی پێویست بوو بۆیان دابین كراوە، لەگەڵ ئەوەی چەند رێكخراوێك لە سۆران و دەوروبەری هەستان بە كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئەو خەڵكەی كە ئاوارەی سنووری سۆران بوونە، ئێستاش ئەو هاوكاریانەی لەلایەن ئەو رێكخراوانە كۆكراوەتەوە لە شوێنێك دانراوە و هەر خێزانێك پێویستی بە هاوكاری بێت بۆیان دابین دەكرێت، هەروەها لە رێكخراوە بیانییەكان  داوامان كردووە نەوت و كەلوپەلی زستانە بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش بكەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی عێراق و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران خۆی لەو ئاوارانە نەكردۆتە خاوەن و یەك پێداویستی سەرەتایی بۆیان دابین نەكراوە، هەموو دەرگایەكیان لەسەر ئێمە و ئەو ئاوارانە داخستووە و هاوكاری ئەو ئاوارانە ناكەن، بۆیە ئێمە گلەییەكی زۆرمان لە حكوومەتی عێراق و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هەیە.
ئەمیر، سەبارەت بەو خەڵكەی كە بە هەر هۆكارێك ئاوارە بووبێت دەڵێ" هەندێك خەڵك لەبەر پەكەكە و تۆپبارانەكانی ئێران و توركیا لە ناوچە سنوورییەكان ئاوارە بوونە  تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان، ئەوەش لە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز بونیان هەیە، هەروەها ئەوانەی لە رۆژانی رابردوو لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە لە بەر هاتنی حەشدی شەعبی ئاوارە بوونە و روویان لە ناوچەكە كردووە، هەروەها زیاتر لە 200 خێزانی رۆژئاوای كوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵە روویان لە سنووری ئێمە كردووە و ئێستا لە سنووری بەرێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران دەژین، هەروەها هەندێك ئاوارەی دیكە كە لە ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران و توركیا ببوون، پاش ڕاپەڕین و لە دوای ساڵی 1991 دەستیان بە گەڕانەوە كردووە و تا ئێستاش هەر دەگەڕێنەوە ژمارەیان 26 هەزار خێزان دەبن، ئەوانە لە سەنتەری قەزاكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان نیشتەجێن، هەروەها ژمارەیەك لە خێزانی باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان ئاوارە بوونە و لە سنووری سۆران نیشتەجێن، خەڵكی مێرگەسۆر زیاتر لە 90% كاتی خۆیان ئاوارە بوون و لە دوای ساڵی 1991 گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، كە تا ئێستاش گەڕانەوەی ئەوان بەردەوامە، هەروەها زیاتر لە 80 هەزار هاووڵاتی سۆران ئاوارە ببوون و گەڕاونەتەوە،  هاووڵاتیانی قەزاكانی چۆمان و رواندزیش بە هەمان شێوە، بەڵام لە مێرگەسۆر و سیدەكان لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە 50% گوند و ئاواییەكانی ناوچە ئاوەدان نەكراونەتەوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران ئاشكراشی كرد" ئەو كوردانەی كە لە ساڵی 1991ـەوە تا سەرەتای ساڵی 2017 ئاوارەی ئێران ببوون و گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان، ژمارەیان دەگاتە 22 هەزار و500 خێزان، كە هەموو بەڵگە و زانیارییەكانیان لای ئێمە بە دیكیۆمێنت كراون، بەڵام ئەمساڵ لەبەر قەیرانی دارایی و هاتنی حەشدی شەعبی و داخستنی سنوورەكان لە لایەن ئێرانەوە، ڕێژەیەكی زۆر كەم لە خێزانە ئاوارەبووەكان گەڕاونەتەوە، كە تەنیا 20 خێزانن، نزیكەی هەزار خێزانی هەرێمی كوردستانیش لە ئێران ماون و نەگەڕاونەتەوە.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران زیاتر دەڵێ" بۆ گەڕاوەكانی ئاوارەكان لە ئێران ڕێكخراوەكان وەكو پێویست بە دەم ئێمەوە نەهاتوونە و هاوكاری ئێمەیان نەكردووە، هیچ ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراق هاوكاریی ئەو ئاوارانەی نەكردووە، ئەوەی كراوە هەمووی لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بووە، لە ساڵی 2002 بەسەرەوە نەمان توانیوە پارچە زەوی بەسەریاندا دابەش بكەین، كە نزیكەی 4 هەزار خێزان ماون، هەروەها ئەوانەی كە لە ساڵی 1991 تا 1997 گەڕاونەتەوە ئەوانیش ماون و لە خزمەتگوزارییەكانی ئێمە بێبەش كراون، تەنیا ئەوانەی لە ساڵی 1998 گەڕاونەتەوە كەرەستە و10 هەزار دیناریان وەرگرتووە، ئاوارەكان گلەیی و داواكارییان هەیە و داوای مافی خۆیان دەكەن، ئێمەش پشتگیری لە مافی ئەوان دەكەین و دەبێت لە كاتێكی گونجاودا قەرەبوو بكرێنەوە و هاوكاری بكرێن".