Share on facebook
ئەشواق جاف : جێبەجێ كردنی دەستوور وەكو خۆی هەرێمی كوردستان دەباتە پێشەوە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر حكومەتی عێراق
یەک شەممە, 26 تشرینی دووەم 2017 22:00

ZKW : دیمانە- ڕائیب شێروانی: ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد" دەبێت وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین، جەخت لەسەر جێبەجێ كردنی ئەو بەندە دەستووریانە بكەینەوە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چونكە حكومەتی عێراق لەبەر چاوی دنیا ماددەكانی دەستوور پێشێل دەكات و هێرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان. ڕوونیشیكردەوە" دەمانەوێت هەموو مەلەفەكان بەپێی دەستوور جێبەجێ بكرێن، كەواتە دەستوور ناكرێت تۆ بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵدا بكەی كە لە بەرژەوەندی تۆدایە جێبەجێ بكەیت و ئەوەی دیكە پشت گوێ بخەی، دەبێت هەموو ماددەكانی دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێن، بۆیە چارەسەركردنی كێشەكان بەندە بەجێبەجێ كردنی دەستوورەوە، بۆیە ئەگەر هەموو ماددەكانی دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ كران كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن.
ئەشواق جاف، گوتی" ئەمڕۆ دوو شەممە ئەنجوومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە، ئێمە چ وەكو فراكسیۆنی پارتی، چ وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دانیشتنەكەدا بەشدار دەبین، وەكو فراكسیۆنی پارتی دەمانەوێت یەكەم هەنگاو لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان دابنیشین، گفتوگۆیەكی ورد لەسەر ڕەشنووسی بوودجەی 2018 بكەین، ئەو تێبینیانەی كە هەمانە، هەر فراكسیۆنێك تێبینی خۆی بدات، هەموو ئەو تێبینیانە كۆدەكەینەوە، بە وەرەقەیەك وەكو كوتلە كوردستانییەكان پێشكەش بە پەرلەمان دەكەین، هەر چەندە ئەو ڕەشنووسە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە جارێكی دیكە دەستكاری دەكرێت، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی نوسخەی كۆتایی دەكەین، كە تا ئێستا دیار نیە چ گۆڕانكاریەك بەسەر بوودجەی كوردستاندا دێت، كە ئەو گۆڕانكاریانە چی دەبن كە لەناو بوودجەدا دەكرێن، بۆ ئەوەی تێبینییەكانی خۆمان بە پێی دەستوور ئامادە بكەین و لەكاتی هاتنی ڕەشنووسەكە بۆ ناو پەرلەمان، بدەینە سەرۆكایەتی پەرلەمان و گفتوگۆ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە بكەین و بە هەموومان بەرگری لە بوودجەی كوردستان بكەین، لەگەڵ ئەوەی زەمینە سازی بكرێت، بۆ دەست پێ كردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە بەغدا دەڵێ" ئێمە بەردەوام جەخت لەسەر گفتوگۆ بە پێی دەستوور لەگەڵ بەغدا دەكەین، چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە بەغدا ئامادەیی خۆی دەرببڕێت بۆ گفتوگۆ، چونكە تا ئێستا تەنیا لە ڕێگەی راگەیاندنەكانەوە بیستومانە كە بەغدا پێشوازی لە دەستپێشخەری حكومەتی هەرێم كردووە، بەڵام دەبێت ئێستا بەغدا لەسەر ئەرزی واقع بێتە پێشەوە و دابنیشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەر مەلەفێك هەیە چارە بكەین، چونكە ئەوە بە لێدوانی رۆژنامەوانی چارەسەر نابێت، بۆیە دەبێت دابنیشن لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە دیكۆمێنت، بەپێی دەستوور و یاسا گفتوگۆ لەسەر ئەو مەلەفانە بكرێت، بۆیە تا ئێستا بەهۆی ئەوەی حكومەتی بەغدا بە فەرمی وەڵامی هەرێمی كوردستانی نەداوەتەوە، بۆیە وادەكە دیار نیە كە كەی شاندی كوردستانی دەچێتە بەغدا.
سەبارەت بەوەی تا چەند پێویستە حكومەتی عێراقیش وەكو حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەرببڕێ بۆ گفتوگۆ و دانیشتن، ئەشواق جاف، دیار كرد" حكومەتی عێراق دەڵێ، بەپێی دەستوور هێزی خۆم فەرز دەكەم لەسەر هەرێمی كوردستان، ئێمەش دەڵێین، دەمانەوێت هەموو مەلەفەكان بەپێی دەستوور جێبەجێ بكرێن، كەواتە دەستوور ناكرێت تۆ بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵدا بكەی كە لە بەرژەوەندی تۆدایە جێبەجێ بكەیت و ئەوەی دیكە پشت گوێ بخەی، دەبێت لەسەر ئەرزی واقع هەموو ماددەكانی دەستوور جێبەجێ بكرێن، پێشموایە چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بەندە بە دەستوورەوە، بۆیە ئەگەر هەموو ماددەكانی دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ كران هەموو كێشەكانی عێراق چارە دەبن، بۆیە ئێمە وەكو كورد تەئكید لەوە دەكەینەوە كە دەبێت دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ گفتوگۆییەكان وەفدێكی فەنی ئامادە كردووە، پەرلەمانی كوردستان پشتگیری حكومەتی هەرێمی كردووە، هەروەها وەفدێكیشی بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم ئامادەكردووە، بۆیە پێموایە قۆناغێكی زۆر گرنگ دەچینە پێشەوە ئەگەر هەموو ماددەكانی دەستوور جێبەجێ كران، بەڵام نازانین لە داهاتوودا چی دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاتووەتە سەر خەت، بەڵام تا ئێستا ماددەكانی دەستوور جێبەجێ نەكراون، تەنیا دوو ماددە جێبەجێ كراون، ئایا لە داهاتوودا جێبەجێ دەكرێن، ئەوە پەیوەندی بەوە دەبێت كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر حكومەتی عێراق كە دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكات، چونكە ئێمە داوای گفتوگۆ دەكەین لەژێر چەتری دەستوور، ئەوانیش دەڵێن كێشەكان بە دەستوور چارەسەر دەكەین، بەڵام تا ئێستا هیچ دەستپێشخەریەك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دیار نیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە حكومەتی عێراق لەبەر چاوی هەموو دنیا ماددەكانی دەستوور پێشێل دەكات و هێرش دەكاتە سەر كوردستان.
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی زیاتر دەڵێ" لە هەموو قۆناغەكاندا جەختمان لەوە كردۆتەوە كە دەبێت ئێمە وەكو كورد، چ لە هەرێمی كوردستان، چ وەكو فراكسیۆنە كوردستاییەكان لە بەغدا یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین، چونكە ئەگەر یەكڕیز و یەكهەڵوێست نەبین، لاواز دەبین، كە لاوازیش بووین، لایەنەكانی دیكە ئەو هەڵەیە دەقۆزنەوە، لەو كاتەدا ناتوانین داوای مافی خۆمان بكەین، ئەوەی لە دەستووریشدا هاتووە، ناتوانین داوای بكەین، چونكە لاواز دەبین، بۆیە دەبێت ئێمە هەموومان بە یەكدەنگ هەڵوێستی خۆمان دەرببڕین و جەخت لەسەر جێبەجێ كردنی ئەو بەندە دەستووریانە بكەینەوە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بۆ نموونە ئێستا ڕەشنووسی بوودجە هەیە، دەبێت دابنیشین و تێبینیەكانی خۆمان ئامادە بكەین و بە هەموومان بەرگری لە بوودجەی كوردستان بكەین، كە ئەوە تەنیا نموونەیەكە و بە سەدان نموونەی دیكەی لەو شێوەیە هەن، بۆ ئەوەی ئێمە ئەو قۆناغەیە بە یەكگرتووی و  یەكهەڵوێستی تێبپەڕێنین.
سەبارەت بەوەی چاودێران باس لەوە دەكەن كە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر نێو ماڵی كوردی پەرتەوازە كرد، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە بەغدا رایگەیاند، لەم قۆناغەدا تۆمەتبار كردنی یەكدی لە قازانجی هیچ كەسێكدا نیە، چونكە مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، جا لە جیاتی ئەوەی ئێمە دابنیشین و تۆمەت بخەینە پاڵ یەكدی، با كاتەكە لە دەست نەدەین و خۆمان ناو ماڵی خۆمان ڕێكبخەین، یەكڕیزی ناو ماڵی خۆمان پتەو بكەین، ئینجا بە یاسا بەرگری لە جێبەجێ كردنی دەستوور بكەین، چونكە جێبەجێ كردنی دەستوور وەكو خۆی هەرێمی كوردستان دەباتە پێشەوە، ئێستا هەڕەشەیەكی زۆر گەورە لەسەر كوردستان هەیە، بۆیە یەكڕیزی و یەكگوتاری كورد پێموایە ئەوە باشترین چارەسەرە و نابێت بیر لە رابردوو بكەینەوە، بەڵكو با بیر لە داهاتووی كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی خۆمان لەو هەڕەشانە ڕزگار بكەین كە ئێستا ڕووبەڕووی كوردستان بوونەتەوە.
سەبارەت بە پۆستە بەتالەكانی كورد لە بەغدا، ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی گوتی" ئەوە دەمێنێتەوە لەسەر گفتوگۆ، ئەگەر هەردوو لا ئامادە بن بە گفتوگۆ و دانوستاندن كێشەكان چارەسەر بكەن، كە ئێستا حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بەڵام بەداخەوە لە بەغدا هەموو شتێك بە زۆرینە دەكرێت گوێ لە ڕای كورد ناگیرێ، بۆ ئەو قۆناغە ئایا ئێمە هاوبەشێكی ڕاستەقینەین، یان تەنیا موشاركین، ئەگەر ئێمە هاوبەشین، دەبێت دەستوور و یاسا جێبەجێ بكرێت، كە ئەوە كرا ئەو كەسانەی لەو پۆستانە دەتوانن بڕیار بدەن، بەڵام ئەگەر تۆ تەنیا كورسیەكە پڕ بكەیەوە و نەتوانی بڕیار بدەیی، ئەو پۆستانەمان هەر نەبن باشترە".