Share on facebook
حیات مەجید قادر بڕیاردەری لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان بۆ زاری كرمانجی دەدوێت
یەک شەممە, 26 تشرینی دووەم 2017 22:04

ZKW : دوای ئەوەی جۆرو شێوازەكانی توندووتیژی لەهەرێمی كورستان حكومەتی ناچاركرد كەوا خەمێكی جددی بۆئەم بابەتە بخوات ئەوەبوو بەرێوەبەرایەنی توندووتیژی دژبەئافرەتان لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ دامەزرا ، لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان هەڵمەتی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژبەئافرەتان دەستی پێكردووە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی توندووتیژی لەم ماوەیەدا چەندین كارو چالاكی جۆراو جۆر بەرێوە دەچن بۆئەم مەبەستە وەك هەفتەنامەی زاری كرمانجی بە پێویستمان زانی لەسەر ئاستی پەرلەمان و لیژنەكانی تایبەت مەندبەپرسی ئافرەتان دیمانەیەك لەگەڵ خاتوو حیات مەجید قادرئەندامی پەرلەمانی كوردستان سازبكەین كەهاوكات ناوبراو بڕیاردەری لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت.
دیمانە : محەممەد مەحموود  
*ئەركی لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت زیاتر خۆی لەچی دەبینێتەوە؟
- ئەركی لیژنەی داكۆكی كردن لەمافەكانی ئافرەتان لە پەرلەمان, وەكوهەر لیژنەیەكی تری پەرلەمانی كارەكانی خۆی لە چوارچێوەی لیژنەدا رێك دەخات و كۆبوونەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو گیرو گرفتانە دەكەین كە روو بە رووی لیژنەكەمان دەبێتەوە.
*تووانیووتانە بە چ شێوازیك بەرگری لە مافی ئافرەت بكەن ؟
- ویستی ئێمە بە و شێوازێكی واقیعانە و یاسایانە بووە بۆ داكۆكی كردن لە مافەكانی ئافرەتان، كەلە كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستاش ئافرەت بەدەست كۆمەلێك كێشەوە دەناڵێنێ، كە لەوانەیە لە هەندێ ولات و شاری تری ئەم جیەانەدا شتی زور لاوەكی بن، بۆیە ئامانجی ئێمە بە شێوەكی گشتی دەمانەوێت لە یاساكاندا ئافرەت مافی پارێزراو بێت جێگەی خۆی ەەبێت لە كۆمەلگادا هیچ ەیزیك لە سەرووی یاساوە نیە بۆ دەستەوەر كردنی مافەكانی ئافرەتان.
* ئامارەكان دڵخۆشكەر نین لەسەركووشتنی ئافرەتان و تووندو تیژی ئێوە چ هەڵوێستێكتان هەبووە؟
- ئامارەكان نەك دڵخۆشكەر نین بەڵكوو زور ترسناكن بە جۆرێك رێژەكانی توندووتیژی بەرزن  پێویستی بە پلانێكی تۆكمە و توند هەیە كە حكومەت و رێكخراوەكان بە جددی كاری لەسەر بكەن.
* چ یاسایەكی گرینگتان دەركردوە لەو كاتەی چوونەتە پەرلەمان كەلەبەرژەوەندی ئافرەتان بێت ؟
-هەڵبەتە كۆمەڵێك یاسای گرنگ هەیە كە ئیشمان لەسەر كردوە و هەندێكی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و هەندێكی ئامادەیە، لەبەر پەككەوتنی پەرلەمان لە ماوەی دوو ساڵدا، وەختێكی زۆرمان لێ بەهەدەر چوو لە كاری پەرلەمانی هیوادارم ئەم مودەی كەماوە سەرۆكایەتی پەرلەمان هاوكارمان بێت لە خستنە بەرنامەی پرۆژەكانمان.
*هەبوونی نووسینگەو بەرێوەبەرایەتیەكانی تووندوتیژی بوونەتە هۆكار بۆكەمكردنەوەی تووندو تیژی دژبەئافرەتان ؟
-بە دڵناییەوە  ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنم كە كارمەندەكانیان بە لێبراوانە كاری خۆیان بە دڵسۆزی دەكەن، بەرامبەر ئەو كەیس و كێشانەی رووبەروویان دەبنەوە زۆر بە نەفەس درێژی مامەڵە لەگەڵ  ئەو تەنگوچەڵەمیانە دەكەن كە روو بەروویان دەبێتەوە لە كاتی كاردا.
* بەدیدی تۆ كێشەی هەرە زۆری ئافرەتانی كوردستان چییە كەرووبەروی دەبنەوە ؟
- لە ئێستادا هۆكاری سەرەكی زۆربەی كێشەكان قەیرانی داراییە كە راستەوخۆ كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر خێزان، دەبێتە هۆكاری توندووتیژی و پچرانی شیرازەی كۆمەڵایەتی.
* چۆن دەتواندرێت ئەوهۆشیارە دروست بێت كەوائافرەتان دووربن لەتوندو تیژی ؟
-هەڵبەتە پێویستە لە رێگەی  كەناڵەكانی راگەیاندنەوە ئافرەتان هۆشیار بكرێنەوە لە مافەكانیان، بە تایبەت مافە یاسایەكان.
* لەم ماوەیە سەردانی دەڤەری سۆرانتانكرد ئامانجی سەردانەكەتان بۆچی بوو ؟
-بێگومان وەكو لیژنە بەرنامەی خۆمان هەیە بۆ بە دوادا چوون و سەردانە مەیدانیەكان، قەزای سۆران وەكو هەموو شارەكانی تر لە چوارچێوەی بەدواداچوونمان سەردانمان كرد، كە جێگەی دەستخۆشیە كە بە شێوەیەكی ماندونەناسانە بەرێوەبەرایەتی توندووتیژی دژبەئافرەتان كاری خۆیان دەكرد .
* هەندێك پێیان وایە راگەیاندنەكان كێشەكانی ئافرەتان  گەورەتر دەكەن ئەمە بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێوە راستە؟
- زۆر راستە لە زۆربەی بەدواداچونەكانمان گلەی ئەوە دەكرێت كە راگەیاندن زۆر جار كێشەكان لە ئەندازەی خۆی گەورە تر دەكات ئەمەش كێشەكە زیاتر دەكات.
* هەست دەكەی لەكامە شوێنی كوردستان ئافرەتان بێ‌ كێشە ترن ؟
- بەداخەوە كێشەكان و توندووتیژیەكان لە هەموو شوێنێك هەیە بەس لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بە پێی شوێنی جوگرافی و كەشی  شوێنەكە و رێژەی هۆشیاری تاك گۆرانكاری بەسەردا دێت، ئەگینا هەموو شوێنەكان بەدەر نیە لە كێشە.