شەهید سەربەست جەبار: جەژنی من ئەو رۆژەیە لە پێناو رزگاری و بەرگریكردن لەخاكی پیرۆزی كوردستان شەهید بم
دووشەممە, 27 تشرینی دووەم 2017 14:34

زێرەڤان ستونی- سۆران
كوردستان و خاكی كوردستان ئەو گەوهەرە بەنرخانەن كە هەرتاكێكی كورد ئامادەیە گیانی  خۆی لە پێناویدا ب بەخشێت, لاپەرەكانی مێژووش شاهیدی   ئەو  راستیە حاشا هەڵنەگرەن, چونكە هەركاتێك دوژمنانی كوردستان  چاویان بریبێتە خاكی كوردستان تاكی كورد بەبێ گوێ دانە تەمەن و ژیان دونیا, روویان لەسەنگەرەكان كردووە تا دوای هەناسەیان جەنگاون  و بەرگریان  لە خاكی پیرۆزی كوردستان كردووە, یەكێك لەو گەنجانەش شەهید سەربەست ستوونیە, وەك هاوسەنگەرەكانی دەڵێن شەهید سەربەست هەمیشە بەدی هێنەری خەندەی سەر لێوەكانمان بوو لەسەنگەرەكانی بەرگریدا, ئەوان دەڵێن زۆرجار شەهید دەیگووت " جەژنی من ئەو رۆژەیە كەلە پێناو رزگاری و بەرگریكردن لەخاكی پیرۆزی كوردستان شەهیدبم" ئەمەش ئەوە دەسەلمێنی لاوی كورد هەمیشە خاوەن بەڵێن و پەیمانن بۆ گەل و نیشتیمان.
بنەماڵەی شەهید سەربەست جەبار ژیان نامەی پر لە شكۆ و قارەمانیەتی و نەبەردی رۆڵەكەیان بۆ زاری كرمانجی باس دەكەن.
شەهید سەربەست ناوی تەواوی (سەربەست جەبار عومەر ) لەساڵی 1980 لەقەزای مێرگەسۆری سەربە دەڤەری بارزان لەدایكبووە, شەهیدی گەنج لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەر و كورد پەروەر پەروەردەكراوە, پەروەردەیەك كەپڕیەتی لە كوردایەتی و تێكۆشان بۆ رێگای رزگاری خوازی كوردستان, بەهۆی زڵم و زۆرداری رژێمی  بەعسی عێراقیەوە خانەوادەی  شەهیدی ناوبراو رووبەرووی چەندین  ئاوارەیی و دەربەدەری بوونەتەوە, دوای ئەوەی لە ناوچەیەكی نزیك بارزان نیشتەجێ دەبن, لەساڵی 1990 لەلایەن رژێمی  پێشوی عێراقەوە رادەگوزرێنەوە بۆ كۆمەڵگەی شاخۆلای سەربە پارێزگای هەولێر بۆ ماوە ساڵێك لەو كۆمەڵگەیەدا نیشتەجێ دەكرێن, لەساڵی 1991 شەهید سەربەست لەگەڵ خانەوادەكەی كۆچبەری وڵاتانی توركیا دەبن, دوای ساڵێك مانەوە لە توركیا لەساڵی 1992 دەگەرێنەوە باوەشی نیشتیمان, هەر لەهەمان ساڵدا شەهیدی ناوبراو پەیوەندی بەرێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات و ئەوكات تەمەنی 12ساڵان بووە, بچوكی و تەمەن رێگر نەبووە لە بەشداریكرنی شەهید سەربەست لەساڵی 1994 لە تەمەنی 14ساڵیدا پەیوەندی بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و چەكی شەرەفی كوردایەتی لە شان دەكات بۆ ئازادی و رزگاركردنی خاكی كوردستان لەدەستی داگیركەران, شەهید سەربەست سەرەرای كەمی تەمەنی بەڵام لەهەمان ساڵدا بەشداری چەندین شەری  وەك(مێرو, كافیا, قەسرێ ......هتد)كردوە, لەساڵی 1998 لەیەكێك لەشەرەكاندا لە سێلكێ برینداردەبێت, لەساڵی 2000 ژیانی هاوسەرگیری پێكدێنی و خاوەن (سێ كچ و كوڕێكە), ناوبراو لە فەرماندەی بارزان بەشداری چەندین خولی مەشق و راهێنانی سەربازی كردوە, لەگەڵ سەرهەڵدانی  چەكدارانی تیرۆرستی داعش و داگیركردنی چەند ناوچەیەك لە خاكی كوردستان, شەهید سەربەست بەشداری  زۆربەی هێرەشەكانی دژ بەتیرۆرستانی داعشی كردوە, لە داستانەكانی رزگاركردنی ناوچەكانی( بەنداوی موسڵا، رەبیعە، عەوینات .....هتد) بەشداریكردوە و هەمیشە هۆكاری بەدیهێنانی خەندەی سەرلێوانی هاوسەنگەرەكانی بووە, شەهید سەربەست  لە رۆژی 3ی 3ی 2016 لە میحوەری مەخموور- گوێر لەبەرزایەكانی سوڵتان عەبدوڵڵا بەهاوەنی دۆژمنان و سەربڕەكانی داعشەوە شەهید دەكرێت و بەشەهیدبوونی چووە رێزی كاروانی نەمڕانی كورد و كوردستان, شەهیدی سەربەست تاكە شەهیدی بنەماڵكەیان نیە بەڵكو خاوەن چەندین شەهیدی ترن لەوانەش ( باوكی و دوو برای)تر.
لەلای خۆشیەوە عادل جەباری برای شەهید سەربەست تایبەت بۆ زاری كرمانجی دەڵێ:"ئێوارەی رۆژی 3ی 3 من لەمیحوەری سەدی موسڵا بووم، سەربەستی براشم لە میحوەری مەخموور- گوێر بوو، یەكێك لە هاوسەنگەرەكانم پێی ووتم خۆت ئامادەبكە دەبێت بچینە نەخوشخانە سەربەستی برات بریندار، هەر ئەوكات هەستم كرد كەلە ژیان نەماوە و شەهید بووە، كاتێ گەیشتمە نێو نەخۆشخانە دەنگی گریان و ناڵەی خانەوادەكەم بیست، ئەوكات لەسەر زەوی كەوتم، هەناسەكی قولم هەڵمژی، ووتم برا بەڵێنەكەی خۆتت بەجێهێنا، لەسەر هەمان رێچكەی باوكمان رۆشتی، ئەوكات زۆر دڵگران بووم لاشەی شەهید سەربەست پارچە پارچە ب بوو،  بەڵام كە ئازدای ئەو ناوچانەم بینی ئەوكات، هەستم كرد كە خوێنی براكەم بەفیرۆ نەرۆشتووە، بۆیە وەك باوك و براكەم هەردەم ئامادەم گیانی خۆم بۆ ئازادی و رزگاری وڵات ب بەخشم، چونكە نیشتیمان لای شەهید سەربەست مانایەكی جیاوازی هەبوو".
حوسێن محەممەدی هاوسەنگەری شەهید سەربەست باس لە ساتی شەهید بوونی شەهید سەربەست و هاورێیەكانی دەكات و دەڵێ:" ئێوارە بوو لەگەڵ شەهید سەربەست و شەهید میغداد دانیشتبووین, من چوومە تا ئاوێك بخۆمەوە لە ناكاو بینم چەتەكانی داعش دەستیان  بەهاوێشتنی هاونكرد بۆ سەنگەرەكانمان یەكێك لەو هاوانانە بەر شوێنەكەی ئێمە كەوت, هەر ئەوەندەم بینم لە زەوی كەوتم , كاتێك هۆشم هاتەوە بینم هەردوو هاوسەنگەرم لاشەكانیان پارچە پارچە ببوون, بە هەردوو دەستەكانم پارچەكانی لاشەی ئەوانم كۆكردەوە, ئەمەش ناخۆشترین رۆژی تەمەنم بوو, چونكە لە چەند خولەكێكدا دوو برا و دوو هاورێی گیانی بە گیانیم لەدەستدا".