Share on facebook
یاریزان عەلی ساڵح ڕوستایی: وەرزش تامی جارانی نەماوە
دووشەممە, 27 تشرینی دووەم 2017 14:51

ئامادەكردنی — ئاكو رابی
عەلی حاجی ساڵح ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە یاری تۆپی پێ ئەنجام دەدات و تا ئێستاش لە یاریكردن بەردەوامە، ئەو یاریزانە لە دیدارێكدا باس لەوە دەكات كە وەرزشكردن تامی جارانی نەماوە، ئاماژە بەوەش دەكات كە پێشتر وەرزش چێژێكی روحی زۆری بە مرۆڤ دەبەخشی.   
لەسەرەتای دیدارەكەدا عەلی حاجی ساڵح باسی لەوەكرد كە ئەو ساڵی 1980لە سنوری ناحیەی دیانا لە دایك بووەو لەتەمەنی 14ساڵیەوەش دەستی بە یاریكردن كردووە.
وتیشی " من هەر لە مناڵیەوە خولیاو ئارەزووی یاری تۆپیم دەكردو دواجاریش توانیم لەو بوارەدا خۆم ببینمەوە".
لەبارەی ئەو تیپەنانەش كە یاری تێدا كردووە وتی" لە هەریەك لە تیپی لاوانی ئاشتی، حەساڕۆست، چۆمان، لاوانی ڕزگاری و بنكەی لاوانی سۆران و چەند تیپێكی دیكە یاری تۆپی پێم كردووەو تا ئێستاش درێژە بەو یاریە دەدەم لە هێلی هێرشبردن".
ئاماژە بەوەشدا كە لەماوەی تەمەنی وەرزشی خۆیدا چ وەك یاریزانی تۆپی پێ چ وەك یاریزانی مەڕاسۆنی ڕاكردن، چەندین دەسكەوتی وەرزشی بەدەست هێناوە. " لەماوەی تەمەنی وەرزشیم یەك جار خەڵاتی باشترین یاریزانم لە سۆران پێدراوە، هەروەها ساڵی 2001 لە پێشبڕكێیەكی مەڕاسۆنی راكردن كە لە جندیان بۆ دیانا بوو توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم و ساڵی دواتریش پلەی دووەمم بەدەست هێنا".
عەلی حاجی سالح باسی لەوەشكرد كە دوای 22 ساڵ یاریكردن و وەرزش تا ئێستاش لە بوارە دانەبڕاوەو بەردەوامە لە یاریكردنی تۆپی پێ و یەكەم یاریزانی دێرینە كە ئێستاش لە تیپی تۆپی پێی بێداران درێژە بە یاریكردن دەدات، لەساڵی رابردووش خەلاتی بە تەمەن ترین یاریزانی پێبەخشرا كە تاكو ئێستاكە لەیاریكردن بەردەوامە و دانەبراوە.
ئاماژەی بەوەشدا كە ساڵانی پێش ئێستا وەرزش زیاتر چێژی روحی هەبوو وەك لەوەی ئێستا، چونكە پێشتر مرۆڤ بێ هیچ دەسكەوتێكی ماددی خەریكی وەرزشكردن بوو، زیاتر وەك چێژێكی روحی سەیری وەرزش و یاری تۆپێ دەكرا، كەچی ئێستا پێچەوانە بۆتەوەو زیاتر بۆتە بەرژەوەندی و خزمایەتی و بازرگانی، ئەمەش زیانی زۆری لە وەرزش داوە.
لەبارەی ئەو كەسانەش كە هاوكاریان كردووە وتی " براو ڕاهێنەرو وەرزش دۆستی سۆران و دیاناو ناوچەكە كاك جەلال سەعید زۆر هاوكاری من و چەندین گەنج و یاریزانی دیكەی كردووەو ڕۆلی لە پێگەیاندنی ئێمە هەبووەو زۆر خەمخۆری پێگەیاندنی گەنجان و لاوان بووەو لەو ڕوەوە جێپەنجەی ئەو و چەندین كەسی دیكە لەو سنورە دیارەو ناكرێت نادیدە بگیرێت".
باسی لەوەشكرد كە ئەگەر بوارو دەرەفەت هەبێت ئەو یاریزانەی لە قەزاو ناحیەكان هەیە، ئەستەمە لەسەنتەری شارە گەورەكان هەبن، بەڵام بەهۆی پەراوزێكردنی قەزاو ناحیەكان و نەبوون و نەڕەخساندنی دەرەفەتی وەك یەك لەنێوان شارو شارۆچكەكان، هەمیشە یاریزانی قەزاو ناحیەكان بێ ڕۆڵ دەمێننەوەو بەشی زۆریان پەراوێز دەخرێن و سوود لە تواناكانیان وەرناگیرێت.