Share on facebook
سبەی لە سۆران پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن دابەش دەکرێت
یەک شەممە, 03 کانونی یەکەم 2017 20:11

سوبحان شکۆ- سۆران: سبەی دوو شەممە لە ھۆڵی بۆنەکانی قەزای سۆران پارەی ئەو کارمەندانە دابەش دەکرێت کە لە رۆژی بەرێوەچوونی گشتپرسی لە ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری کۆمسیۆن ئەرک درابوون.


دلڤان عومەر حمەدئەمین، یاریدەدەری بەرێوەبەری کۆمسیۆنی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:"سبەی دووشەممە لە ھۆڵی بۆنەکانی قەزای سۆران لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تاکو ٣ی دووا نیوەرۆ پارەی فەرمانبەرانی کۆمسیۆن کە لە  رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەرکیان پێسپێردرا بوو دابەش دەکرێت، فەرمانبەران پێویستە بەڵگەنامەیەکیان پێبێت بۆ خۆناساندن و کۆپیەکی ملەوەن لە بەڵگەنامەی خۆناساندن لەگەڵ خۆیان بێنن.


گوتیشی:" ھەر فەرمانبەرێک بری ١٢٠ ھەزار دینار لەبەرامبەر ئەرکەکەی وەردەگرێت کە ژمارەیان نزیکەی ٦٠٦ فەرمانبەرە، لە ئەگەری نەھاتنی ھەر فەرمانبەرێک بۆ وەرگرتنی ئەم برە پارەیە خۆی بەرپرسیار دەبێت، رەنگە بۆ ئەم فەرمانبەرانەی کە ناتوانن بەیانی ئامادەبن رۆژێکیان بۆ دیاری بکرێت سەردانی شاری ھەولێر بکەن بۆ وەرگرتنی پارەکە یا لیژنەیەک درووست دەکرێت لەچەند رۆژی داھاتوو سەردانی سۆران دەکەنەوە.