Share on facebook
مامۆستایەكی زانكۆ : داتاكان ئاماژەی مەترسیدارن لە سەر ئاسایشی تەندروستیی و كەڕامەتی مرۆڤ
سێ شەممە, 05 کانونی یەکەم 2017 18:49


زێرەڤان ستوونی - سۆران : عەزیز یاسین مامۆستا لە فاكەڵتی یاسا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان – زانكۆی سۆران، ماستەر لە یاسای شارستانی، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا رای گەیاند" كۆمەڵگە دەتوانێت بەشدارییەكی تەواوی هەبێت لە برەودان بە بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ و ڕاكردن لەو كۆت و بەندانەی یاسا دایناو . هاوكات ئەو مامۆستایەكی زانكۆ دەشڵێت " رەنگە بەشێكی زۆر لە راستی ڕووداوەكان لە ئێمە شاراوە بن و بازرگانەكانی ئەم بوارەش، بەتایبەت ئەو پزیشكانەی سودمەندن لە بابەتەكە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی شتەكان بە شاراوە بهێڵنەوە و بگرە خۆڵا بكەنە چاوی كەسانی كەم دەرامەت و لێقەوماو.

ئایە بەخشینی ئەندامانی جەستە ئەو كەسە بە حاڵەتێكی ناتەندروست ناهێلێتەوە؟

هەرچەندە وا باشترە بۆ زیاتر ئاشنابوون و تیشك خستنە سەر ئەرێنی بوونی وەڵامی پرسیارەكەتان پسپۆڕانی پزیشكی لەم بارەیەوە قسە بكەن، بەڵام بە پێی ئەو توێژینەوانەی ئێمە كردوومانە و خوێندنەوەمان بۆ بابەتەكە كردووە، بە پشت بەستن بەو داتا و زانیارییانەی پزیشكەكان لەمبارەیەوە دەیڵێن، بەتایبەت ئەو پزیشكانەی كە خاوەن ویژدانێكی زیندوون، بەڵێ بێگومان بەخشینی ئەندامانی جەستە، جگە لە ڕووە كۆمەڵایەتیی و مۆڕاڵییەكەی زیانێكی تەندروستیی زۆر لەدوای خۆی جێدەهێڵیت بۆ ئەو كەسەی یەكێك لە ئەندامەكانی جەستەی دەبەخشێت یان دەفرۆشێت، بۆ نموونە لە حاڵەتی بەخشینی گورچیلە لە جیاتی یەك مرۆڤ، دوو مرۆڤی نەخۆش دروست ئەبن لە كۆمەڵگەدا، كەواتە زیانەكەی زیاترە لە سوود گەیاندن بە كۆمەڵگە، لەلایەكی تر كەسی نەخۆش ناچارە بە درێژایی ژیان، ماددەی سیكلوسبورین و كورتیزون بەكار بهێنێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لە دەستدانی بەرگری لەش و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەش شتێكی تەواو چاوەڕوانكراوە، دواجار لە پێناو كەمێك مانەوەی كەسی نەخۆش، كەسێكی تریش دەبێتە قوربانییەكی هەمیشەیی.

كۆمەڵگا چ دەورێك دەبینێ لەم نێوەندەدا؟

بێگومان كۆمەڵگە لە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت، كۆمەڵگە دەتوانێت بەشدارییەكی تەواوی هەبێت لە برەودان بە بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ و ڕاكردن لەو كۆت و بەندانەی یاسا دایناون, بەو مانایەی چونكە ئەگەر زۆرینەی كۆمەڵگە هاوكار نەبێت ئەستەمە یاسا بتوانێت ڕۆلی خۆی بگێڕێت، بەتایبەت لە پرسی مامەڵەكردن لەگەڵا جەستەی مرۆڤ، هەرچەندە خودی یاساكان لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و جیهانی ئیسلامی و لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا وەك پێویست نەبوون لە ئاست رێگریكردن لە بازرگانیكردن بە مرۆڤ و ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بەتایبەتی، بۆیە ئەگەر كۆمەڵگە ئاستێكی هۆشیاریی بەرزی هەبێت دەكرێت تا ئاستێكی باش رێگری بكرێت لە دیاردەیەكی قێزەونی لەم شێوەیە و سنوورێكیش دابندرێت بۆ مافیا و باندە جۆراو جۆرەكان. هەروەك كۆمەڵگە دەتوانێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بەرچاو بگێڕێت، بەوەی ڕێكخراوەكان بتوانن هاوڵاتیان هۆشیار بكەنەوە لە مەترسییەكانی بەخشینی ئەندامانی جەستە، هەروەها هاوكاریكردنی دام و دەزگا ئەمنییەكان و ئاگاداركردنەوەیان لە هەر حاڵەتێكی نا یاسایی و تەجاوزكردنە سەر كەڕامەتی هەژارەكان.

لەڕووی یاساییەوە ئەم پرسە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؟

دیارە ئەركی سەرەكی یاسا ئەوەیە سنوورێك دابنێت بۆ هەڵسوكەتی مرۆڤ بە گشتی و تاوانباران و سەرپێچیكاران بەتایبەتی، لێرەوە زۆربەی وڵاتان هەوڵیانداوە یاسایەكی تایبەت دەربكەن بۆ ئەوەی چوارچێوەیەكی مۆڕاڵی و هاوئاهەنگ دابنێن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵا جەستەی مرۆڤ، بۆ نموونە یاسادانەری عێڕاقی یاسای ژمارە(11)ی ساڵی 2016 و یاسا دانەری میسڕی بە پێی یاسای ژمارە (5) ساڵی 2011 بابەتەكەیان ڕێكخستووە و لە بەریتانیاش ئێستا كار بە یاسای (30/ 2004) دەكرێت، بەڕای من هەریەكە لە یاسای عێڕاقی و میسڕی سەركەوتوو نەبوون لە فەراهەمكردنی پاریزگاریكردنێكی بەهێز لە كەڕامەتی هاوڵاتیانیان، چونكە بەبێ مەرجی هەبوونی پێوەندیی خزمایەتی لە نێوان هەردوو لایەنی گرێبەستەكە، زۆر ئەستەمە بتوانین ڕیگری بكەین لە بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ لە ژێر پەردەی بەخشین، لەمەش خراپتر یاسای عێڕاقی مەرجی ڕەگەزنامەشی دانەناوە، كە رێخۆشكردنێكی تەواوی كردووە بۆ ئەوەی كەسانێكی تر لە دەرەوەی وڵات بێن و لێرە ئەوەی دەیانەوێت دەستیان بكەوێت بە بڕە پارەیەكی كەم، ئەمە بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتان، كە بۆ پارێزگاریكردن لە كەڕامەتی هاوڵاتیان ئەم مەرجەیان داناوە. خاڵێكی تر پێویست لە كوردستان كاری لەسەر بكرێت بریتییە لە دامەزراندنی بۆردێكی گشتی تایبەت بە سەرپەرشتیكردنی نەشتەرگەریی گواستنەوە و چاندنی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ، هەروەها كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەم جۆرە نەشتەرگەرییانە، لە بەرامبەردا سزادانی هەركەسێك كە بەبێ ئاگاداریی ئەو بۆردە كارەكە ئەنجام بدات، هەڵبەتە ئەمەش پێویستیی بە یاسایەكی كارای تایبەت هەیە و پێویستە پەرلەمان لە ڕێی لیژنە پێوەندیدارەكان كاری لەسەر بكات و سود وەرگرن لە كەم و كوڕِیی یاسای وڵاتانی تر و دووبارەی نەكەنەوە.

رێژەی بازرگانی كردن بە ئەندامانی جەستەیی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێك دایە؟

لە وڵاتی ئێمە تا ڕادەیەك ئەستەمە داتا و زانیاریی ورد لەم بارەیەوە دەست بخرێت، چونكە وەك پێشتر ئاماژەم پێدا، بە هۆی نەبوونی بۆردێكی گشتی كە سەرپەرشتی ئەم نەشتەرگەرییانە بكات، ڕەنگە بەشێكی زۆر لە ڕاستی ڕووداوەكان لە ئێمە شاراوە بن و بازرگانەكانی ئەم بوارەش، بەتایبەت ئەو پزیشكانەی سودمەندن لە بابەتەكە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی شتەكان بە شاراوە بهێڵنەوە و بگرە خۆڵا بكەنە چاوی كەسانی كەم دەرامەت و لێقەوماو، بۆ ئەوەی ئاگادار نەبن لە كارەساتەكانی ئەو دیو پەردە، هەڵبەتە من پێم وایە دەزگا ئەمنییەكان و زۆر جار دادگاش لەم ڕووەوە كەمتەرخەم بوون و وەك پێویست لێپێچینەوەی توندیان لە گەڵا باندەكان نەكردووە و میكانیزمێكی كارایان نەگرتۆتەبەر، هەروەك ئەو لیژنە تایبەتەی لەسەر ئاستی پارێزگاكان هەیە و نوێنەری ئاسایش لە خۆ دەگرێت، لەسەر ئاستی واقبعی نەیتووانیووە رێگە لە پێشێلكارییەكان بگرێت، بەڵگەش بۆ قسەكانمان ئەوەیە كە زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ئاگاداری حاڵەتی كڕین وفرۆشتنی گورچیلەكانن و ئاگادارن بەوەی كە خەڵكانێك ئەمەیان بۆ كراوە، كە بەداخەوە كاریگەریی نەرێنی هەبووە لە سەر ناوبانگی هەرێمی كوردستانیش، بەجۆرێك ماڵپەری (BBC) ئینگلیزی لە ڕاپۆرتێك ئاماژەی بەوە كردووە كە هەرێم بۆتە پەناگەیەكی بەهێز بۆ ئەوەی مافیا و باندەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە ناوچەكانی تری عێڕاقەوە ڕووی تێبكەن، بەتایبەت بە هۆی هۆكاری ئەمنی كە ناتوانن ئەم كارە بكەن لە پارێزگاكانی تری عێڕاق. بەڵام لە هەموو حاڵەتێك داتاكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ڕیژەی بازرگانیكردن لە بەرز بوونەوە دایە لە ئاستی جیهانیی و هەروەها لە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە لە هەولێر لە ساڵی 2007 وە تائێستا 1300 نەشتەرگەری كراوە و لە نێویاندا لە %40 كەسەكان خزمی یەكتر نەبوون، هەروەك 267 نەشتەرگەری تایبەت بە چاندنەوەی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە سلێمانی ئەنجامدراون و لە %44 حاڵەتەكان، لایەنەكانی گرێبەستەكە خزمی یەكتر نەبوون، ئەمەش ڕێژەیەكی بەرزە و ئاماژەیەكی بەهێزیشە بۆ بەردەوامیی بازرگانیكردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، چونكە ئەگەر پاڵنەرێكی ماددی نەبێت هیچ كەسێك ئامادە نییە بەم جۆرە خۆی بكاتە قوربانیی. ئەم داتایانە لە هەموو حاڵەتێك ئاماژەی مەترسیدارن لە سەر ئاسایشی تەندروستیی و كەڕامەتی مرۆڤ و بگرە بۆ ناوبانگی هەرێمی كوردستانیش، بۆیە پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان ئاوڕێكی جددی لەم بابەتە بدەنەوە و ڕێكاری پێویست بگرنە بەر.