Share on facebook
نێچیرڤان بارزانی: هێشتا هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ده‌ستی پێنه‌كردووه‌
سێ شەممە, 05 کانونی یەکەم 2017 21:25


ئامادەكردن شێروانی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ فەرەنسا خستەڕوو، ھەرووەھا رایگه‌یاند، تا ئێستا ھیچ گفتوگۆیەكمان لەگەڵ بەغدا نییە، ئاماژەی بەوەشدا، ئه‌مڕۆ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وه‌كو پارێزگاری نوێی سلێمانی سوێندی یاسایی خوارد و پشگیری لێدەكەین بۆ ئەوەی خزمەتی شارەكە بكات.
سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌ راپۆرتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كرد له‌ باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌كانی كه‌ركووك و خورماتوو له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و گله‌یی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یۆنامیش كرد كه‌ وه‌ك پوێست هه‌ڵوێستییان له‌ باره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌بووه‌.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ژماره‌ی ئاواره‌كان گه‌یشتنه‌ 100 هه‌زار، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌گرتووه‌كان و یۆنامیش به‌هانایانه‌وه‌ نه‌چوونه‌.
داواشی له‌ یۆنامی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌منیستی ئینته‌رناشناڵ كرد، كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ن، كه‌ هه‌وڵ ده‌درێت ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ بچووكی نیشان بدرێت.
سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ یاسایی بودجه‌ی 2018ی عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان رایگه‌یاند، سوپاسی یه‌كڕیزی فراكسیۆنه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌و هه‌ڵوێست و یه‌كڕیزییان بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی كورد جێگه‌ی پێزانینه‌.
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تا ئێستا ھیچ گفتوگۆیەكمان لەگەڵ بەغدا نییە".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: "داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین، ھەست بە بەرپرسیاری بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".
لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ فەرەنسا سەرۆكی حكومەت ئاشكرای كرد: "سەردانەكەمان بۆ فەرەنسا لەسەر داوای سەرۆكی ئەو وڵاتە بوو، ئەمەش نیشانەی پشتگیری فەرەنسایە بۆ ھەرێمی كوردستان و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا".
نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە بەردەوامە و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندییەکانمان نە پچڕاوە. گوتیشی، هەرکاتێک حکومەتی تورکیا ئامادەی کۆبوونەوە و دیدار بوو، ئەوا هەرێمی کوردستان ئامادەی گفتوگۆیە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئومێدی خواست لە ماوەیەکی نزیکدا پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە بگەڕێتەوە دۆخی جاران.