Share on facebook
ژیاننامەی شەهید هادی ئامۆكەیی
یەک شەممە, 10 کانونی یەکەم 2017 12:38


سوبحان شكۆ- هەریر
لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتیمان هیچ گەل و نەتەوەیەك نیە قوربانی نەدابێت و ڕۆڵەكانی لە پێناودا نەجەنگابن, گومان لەوە دانیە گەلی كوردیش لەپاڵ گەلانی تر جیهان بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی دەیان و سەدان دوژمن بۆتەوە و ڕۆڵەكانی لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتیمان شەهید كراون, شەهید ئەو دەستەواژەی گەلی كورد شانازی پێوە دەكات.
شەهید هادی ئامۆكەیی وەك هەر شەهیدێكی تری كوردستان لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتیمانەكەی گیانی خۆی فیدا كرد و گەیشت بە ریزی نەمرانی كوردستان, وەك بنەماڵەكەیان دەڵێن شانازی بە شەهید بوونی ئەندامێكی خێزانەكەیان دەكەن چونكە لەپێناو ئەركێك شەهید كراوە كە ئەركی بنەرەتی هەموو تاكێكی كوردە و ئەبێ‌ كوردستانیان لەم پێناوەدا بجەنگن و گیانی خۆیانیان فیدا بكەن.
بنەماڵەی شەهید هادی شێخ محەممەد ژیانامەی پر لە شكۆ و سەروەری و نەبەردی هادی ئامۆكەیی بۆ زاری كرمانجی باس دەكەن.
هادی شێخ محەممەد عومەر ئاغا سورچی ناسراو بە هادی ئامۆكەیی لە ساڵی 1970 لە گوندی ئامۆكانی سەر بە
ناحیەی هەریر لە بنەماڵەیەكی شۆڕش گێڕ و كورد پەروەر چاوی بە خاك و نیشتیمانەكەی هەڵێناوە, شەهید هادی ئامۆكەیی خوێندنی سەرەتایی لە گوندی ئامۆكان تەواو كردووە و خوێندنی ناوەندی لە ناحیەی هەریری سەربە قەزای شەقڵاوە تەواو كردووە، شەهید ئامۆكەیی لە ساڵی 1985 پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و لە ساڵی 1986 چەكی شەرەف دەكاتی شان و دەچێتە ریزی شۆڕش گێڕانی ڕێگای رزگاری خوازانی كوردستان لە سنووری ناوچەی شەقڵاوە سەر بە لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەفاڵانی مامۆستا جەمال مورتكە، شوان كۆفلی و چەندین هەڤاڵی تر.
هادی شێخ محەممەد لە ساڵی 1987 لە كاتی كیمیا بارانی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسان لەگەڵ هەڤاڵانی دەورێكی باڵای دەبێت لە بەرەنگار بوونەوە دژی ڕژێمی بەعس, لە ساڵی 1988 لەگەڵ هەڤاڵانی بەژداری دەكات لە چەندین چالاكی تر.
لە سەرەتای ساڵی 1989 بە بریاری لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان شەهید هادی شێخ محەممەد لە گەڵا چەند هەڤاڵێكی تری وەك مەفرەزەی پارتی زانی دەگرێنەوە ناوچەی دۆڵی بالیسان، بەنی هەریر، ناوەوەی هەریر و ناوچەكانی خەیلانەتی، توانیان پەرە بە خەباتی پارتی زانی بدەن, شەهید لەگەڵ هەڤاڵانی توانیان لەو ماوە كورتدا بورزێكی كوشندە لە دوژمنان بدەن لە ناوچەكەدا, هادی ئامۆكەیی دەورێكی باڵاو سەرەكی هەبوو لە راپەرینی ساڵی 1991, بەژداری كارای لە شەڕەكانی ئازاد كردنی هەریر، شەقڵاوە، ئاكرێ، كەركووك  هەبووە.
شەهید هادی ئامۆكەیی هەمیشە لە نێو جەماوەر بووە و لەبەر دڵسۆزی و كارامەیی و لێهاتووی خۆی دەكرێت بە ئامر بەتالیۆن لە هێزی كۆڕەك، لە ساڵی 1992 هێزەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە و شەهید پلەی بەرپرسی ڕێكخراوی عەسكەری سەربە ناوچەی هەریری پێ دەبەخشێرێت، لە ساڵی 1996 دەبێتە جێگری بەتالیۆن، لە ساڵی 1997 دەبێتە بەرپرسی حەرەكاتی لیوای 2ی هەریر، هادی ئامۆكەیی لە ساڵی 1998 گوازراوەتەوە بۆ بارەگای 4ی سپیلك بەشی عەمالیات تاكو ساڵی 2000, پاشان كراوەتە بەرپرسی هێزی 94ی سوپای 9ی سپیلك تاكو ساڵی 2003.
شەهید لە شەری ئازاد كردنی عێراق لە ناوچەكانی بەرتەلە, بەعشیقە, موسڵ دەورێكی باڵای هەبووە، یەكەم پێشمەرگەی كوردستان بووە لە پەرینەوە پردی خازر، ئامۆكەیی لە ساڵی 2004 دەبێتە بەرپرسی عەمەلیاتی سوپای 9ی سپیلك، لە ساڵی 2007 جارێكیتر لەبەر لێهاتویی و قارەمانیەتی و كارامەیی خۆی بە بریاری سەرۆك بارزانی دەكرێتە ئامر فەوجی یەكی هێزی یەكی فەرماندەی  سپیلك، عەقید هادی ئامۆكەیی وەك ئەفسەرێكی قارەمان و ئازا بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە شنگال، ڕەبیحە و بەنداوی موسڵ دەورێكی باڵای هەبووە لە ئازاد كردنی ئەم ناوچانە، شەهید هادی ئامۆكەیی لە 18ی 11ی 2014 لە بەرەنگاربوونەوەی شەرێكی سەختی تیرۆستان و دوای تۆماركردنی چەند نەبەردیەك گیانی خۆی كردە قوربانی بۆ خاكی پیرۆزی كوردستان و گەیشتە كاروانی نەمرانی كورد و كوردستان.
بنەماڵەی هادی شێخ محەممەد عومەر ئاغا سورچی لە كۆتایی گوتیان:" بۆ پاراستنی خاك و پیرۆزیەكانی كورد و كوردستان نەك هەر شەهیدێك بگرە تەواوی ئەندامانی بنەماڵەكەمان ئامادەن لە پێناویدا شەهید ببن, شەهید بوونی هادی ئامۆكەیی راستە كۆستێكی گەورە بوو بۆ بنەماڵەكەمان بەڵام بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان دەبێت قوربانی بدەین و شانازی دەكەین بە شەهید بوونی ئەندامانی بنەماڵەكەمان لە پێناو پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان و گەورەیی میللەتی كورد, بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی پیرۆزی شەهید هادی و تەواوی شەهیدانی تری كوردستان بەردەوام بین, داكۆكی كاری سەرسەختی پیرۆزیە نەتەوەیەكانمان بین و بەردەوام بین لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی.