Share on facebook
ئیبراهیم حەمكۆ: ئەو پیلانەی لە دژی كورد دارێژرابوو لە مێژووی كورد بێ وێنە بوو
یەک شەممە, 10 کانونی یەکەم 2017 12:51

ZKW : ئیبراهیم حەمكۆ، پێشمەرگەی دێرینی كوردستان، كە تا ئێستاش لە بەرەكانی جەنگ بەردەوامە و دەورێكی بەرچاوی هەیە لە جەنگەكان، بە تایبەتی لە سنووری فیشخاپوور و سەهێلا، ئەو ئاگاداری زۆر لە رووداوەكانی ئەم دواییەی كوردستانە.
ئیبراهیم حەمكۆ، وەك خۆی گووتی " زۆر سەرسامم بە لێهاتوویی و ئازایەتی مەنسور بارزانی و لە تەمەنی پێشمەرگایەتیم كەسی وەك فەرماندە مەنسور بارزانیم نەبینیوە، هەم لە رووی ئازایەتی هەمیش لە رووی ئیدارەدان و فەرماندەیی و پلانی سەربازییەوەو هەمیش لە رووی خاكی بوونییەوە".
لە دیمانەیەكی هەفتەنامەی زاری كرمانجی باسی زۆر لە وردەكارییەكانی رووداوەكانی ئەم دواییەی كوردستان و پیلانی وڵاتان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات.
ئەو لە سەرەتای قسەكانیدا بە زاری كرمانجی گووت " دوای گەشەكردنی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی و مامەلە كردنی وەڵاتان وەك حكومەتێكی سەربەخۆ لەگەڵ كوردستان، لە هەموو روویەكەوە هەستیان بە مەترسی كرد و دەستیان كرد بە دارشتنی پیلان لە دژی كورد، بە تایبەتی هەر چوار وڵاتی داگیركەری كوردستان، سەرەتا بیریان لە تۆمەت هەڵبەستن كرد وەك تێوەگەڵانی كورد لە دروستبوونی داعش و ویستیان كورد بەوە تاوانبار بكەن كە دەستی لە دروستبوونی داعش هەیە و هاوپەیمانن لەگەڵیان، بەڵام بە هۆی ژیری سەركردایەتی سیاسی كورد بە تایبەتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، تواندرا ئەم پیلانە بێ ئاكام بكرێت و كورد ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، ئەمەش ویستی دوژمنانی لە ئاست كورد پێچەوانە كردەوە و كورد زیاتر لە ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو پێشچوو، كورد توانی لە رێگەی بەرگرییەكان و خۆراگری لەدژی داعش بەهەموو جیهان بڵێت نەتەوەیەكی مرۆڤ دۆستە و حەزی لە پێكەوە ژیانە، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش زیاتر پێگەی كوردی لە ئاستی نێودەوڵەتی بەهێز كرد، بە جۆرێك رۆژانە سەرۆكی وڵاتان و شاند و وەزیرەكان سەردانی هەرێمیان دەكرد، بۆیە دوژمنانی كورد بیریان لە نەهێشتنی ئەم كیانە كردووە، بە جۆرێك كە لە هەر چوار پارچەی كوردستان جولانەوەیەكی سیاسی و نەتەوەیی بە ناوی كورد نەمێنێت".
ابراهیم حەمكۆ، زیاتر گووتی " هەر چەندە داعش وەك هێزی سەربازی بۆ جەنگی جەبهەیی نەماوە، بەڵام لە رووی ئایدۆلۆژییەوە ماوەو دۆخی سیاسی عێراق و ئەو جۆرە حوكمەی مەزهەبیی و تائیفییەی ئێستا لە عێراق پەیرەو دەكرێت، زەمینەی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش یا هەر هیچ نەبێت داعشێك بە ناوێكی دیكە لەبار كردووە، بۆیە دۆخی عێراق نەك بەرەو ئاسایی بوونەوە ناچێت بەڵكو رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەروات و چاوەروان دەكرێت، ناكۆكییەكان لە نێوان شیعەكان و بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی هەرێمی و جیهانیش وابكات دۆخی عێراق لە داهاتوویەكی نزیك بەرەو ئالۆزییەكی مەترسیدار بڕوات، بۆیە گرنگ بوو سەركردایەتی سیاسی كورد بتوانێت لەم دۆخە بتوانێت هەم بەسەر پیلانەكانی دژی نەتەوەی كورد زاڵ بێت و نەیانهێڵێت، هەمیش خۆی بەدوور بگرێت لەم دۆخە چاوەڕوان كراوەی دێتە ئاراوە".
لە بارەی چۆنییەتی جێبەجێكردنی پیلانەكان دژ بە كورد ئیبراهیم، گووتی" رێككەوتنەكە بەمجۆرە بووە كە، عێراق لە رێگەی هێزەكانی چەكداری عێراقی بە هاوكاری چەكدارانی بیانی كە پێكهاتبوون لە حەشدی شەعبی و حزبوڵلای لوبنانی و هێزێكی تۆكمەی ئەفغانی كە لە لایەن ئێرانەوە راهێنانیان پێكراوە و پڕچەك كراون، هێرشێكی بەرفراوان بكەنە سەر كوردستان، دەستپێكی پیلانەكە ئەوە بووە، سەرەتا كورد لە جیهان داببڕن، بۆیە سنوورەكان و فڕۆكەخانەكانیان داخست، هێزێكی زۆری ئێرانی هێنرانە سنوورەكانی باشوور و لە ئامادەباشیدابوون، هێزێكی زۆری توركیاش بەهەمان شێوە لەناو خاكی توركیا لە ئامادە باشیدا بوون، رێككەوتنەكە وابوو، كە عێراق هەموو باشوور داگیر بكاتەوەو شتێك بەناوی هەرێم و كیانی سیاسی نەهێڵیت، بەشێكی زۆری هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە رێنەمایی دەكران و فەرمانیان پێ دەكرا، ئامادە كرابوون هێرش بكەنە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەوەی هێزی كوردی رۆژهەڵاتە لە باشوور نەهێلێن، توركیاش بە هێزێكی زۆرەوە دوای گرتنی فیشخابوور لە گوندێكی مەسیحی نشین بە ناوی قەرەولان پردێك لەسەر روبار دابنێت و هێزەكانی بپەڕنەوە و هەموویان واتە ئێران و توركیا و عێراق بە یەكەوە لە هێزەكانی پەكەكە لە شنگاڵ و یەپەگە بدەن و بە تەواوەتی لە ناویان ببەن، بۆ ئەم مەبەستە هێزێكی زۆری وشكانی و ئاسمانی ئامادە كرابوون، هەروەها لە رووی ماددیشەوە پارەیەكی زۆر خیاڵی ئامادە كرابوو، لەم پیلانە ئێران بە تەواوەتی نوێنەرایەتی وڵاتی سوریای دەكرد".
ئێراهیم حەمكۆ زیاتر بۆ زاری كرمانجی دواو گووتی " رێككەوتنی ئێران لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە هۆی ئەوەی پاڵپشتی سەركەوتنی قوناغی یەكەمی پیلانەكانی ئەم وڵاتانە، ئەو خیانەتەی ئەو باڵەی ناو یەكێتی كردی زۆر نا مرۆڤانە و نانەتەوەییانە بوو، بەڵام بەرگری كردنی سەرسەختی پێشمەرگە لە پردێ و مەخموور و سەهێلا و سنووری فیشخاپوور جگە لە كرینەوەی كەرامەتی كورد بووە هۆی پۆچەڵ كردنەوەی پیلانەكانی داگیركەرانیش، واتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەو بەرگرییەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر كردیان نەك تەنها كیانی سیاسی هەرێمی كوردستانی پاراست بەڵكو دۆزی هەموو نەتەوەی كوردی لە مەزنترین كارەساتی دوژمنكارانە پاراست، لەبەر ئەوەی ئەو پیلانەی دایانرشتبوو زۆر مەزنتر و بەرفەراوانتر بوون لە هەموو پیلانەكانی رابردوو كە لە دژی نەتەوەی كورد كراوە".
ئیبراهیم حەمكۆ، گووتیشی " دوای ئەوەی پیلانی دوژمنان لە دژی كورد ئاشكرا بوو، سەرۆك مەسعود بارزانی ژیرانە پلانێكی تۆكمەی سەربازی دارێشت بۆ ئەوەی بتوانن بەر بە پێشرەوییەكان بگیرێت و كوردستان لە مەترسیدارترین پیلان رزگار بكات، بۆیە بە پێ نەخشەیەكی سەربازی و سەنگەر بەندی بەهێز لە هەندێك شوێن پاشەكشەمان كرد، بەڵام دوای سەنگەر بەندییەكە هێزەكانی حەشد بە هەموو توانیانەوە هێرشیان هێناو تەنها سەر شۆری و شكانیان بە نسیب بوو، بە جۆرێك سەتان كەسیان لێ كوژرا كە جگە لە فەرمانەدەی پلە بەرز و سەربازێكی زۆری عێراقی، چەكداری فارس و ئەفغانی و لوبنانیش لە نێو كوژراوەكاندا بوونیان هەبوو، ئەو بەرگرییە وای كرد هەم پیلانی داگیركاری كۆتایی پێبێت هەمیش كورد لە رووی سیاسییەوە جارێكی دیكە بكەوێتەوە سەر پێی خۆی، هەروەها ئاشكرا بوونی پیلانی دوژمنان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی لێ دروست بوو، ئەوانیش هەستیان بە مەترسییەكانی سەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە ناوچەكە كردەوە و تێگەیشتن كە لەم پیلانە ئێران بە پلە یەك  عێراق و سوریە سوودمەند دەبن، بەڵام زیانمەندی یەكەم ئەمریكا و توركیا و باقی وڵاتانی هاوپەیمان دەبن لە ناوچەكە، بۆیە ئێستا دۆخە بە تەواوەتی لە بەرژەوەندی كورد سووراوەتەوە، واش پێشبینی دەكەم لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا هێزەكانی پێشمەرگە بە سەر بلندی بگەرێنەوە كەركووك و باقی ناوچەكانی دیكە".  
لە كۆتایی قسەكانیدا ئیبراهیم حەمكۆ گووتیش " من و هەزارانی وەك من ئامادەن تا یەك قەترە خوێن لە لەشیان مابێت بەرگری لە خاك ونیشتمان و شەرەف و كەرامەتی كوردستانیان بكەن، بە بێ ئەوەی هیچ پلە و پۆستێكم هەبێت، بەڵام وا فێر و پەروەردە كراوین كە مەزنترین پلە و پۆست بۆ مرۆڤی كورد پێشمەرگایەتی بێت و هەر بە پێشمەرگە دەمێنمەوە تا رۆح لە جەستەم هەبێت".

”ئەو گرووپەی خیانەتیان لە كەركووك كرد تەنها روو رەشییان بۆ دەمێنێتەوە“