Share on facebook
فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەردەوام كار بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن
یەک شەممە, 10 کانونی یەکەم 2017 12:55

دیدار- ڕائیب شێروانی
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگن، ئەگەر پێشنیار و تێبینییەكانی كورد لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر نەكران، ئەو كات دەنگی پێ نادەین و هەڵوێست وەردەگرین. ڕوونیشیكردەوە" لەگەڵ ئەوەی هەوڵەكانی ئێمە بۆ لێك نزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا بەردەوامن، بەڵام لایەنی عێراقییە نایەوێت دانوستاندن بكات، سەرەڕای هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
نەدا مێرگەسۆری، رایگەیاند، پاش ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق گەیشتە پەرلەمان، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە تێبینی و پێشنیارەكانی خۆمان بەنامە كە هەموو فراكسیۆنەكان لەسەر ئیمزایانە كردووە داوەتە لیژنەی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران، بەتایبەتی حەیدەر عەبادی، كە بودجەی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە، پشكی هەرێمی كوردستان 17% دیاری نەكراوە و لەسەر رێژەی دانیشتووان دانراوە، هەروەها ناوی هەرێمی كوردستان لەناو پرۆژە یاساكەدا نیە، ئەوەش مانای وایە كە حكوومەتی عێراق ئیعتراف بە هەرێمی كوردستان ناكات، ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە، چونكە كیانی هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستووریە، كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراوە، بۆیە ئەوەی حكوومەتی عێراق دەكات پێچەوانەی یاسایە، هەروەها باسی مووچەی پێشمەرگە نەكراوە، ساڵانی رابردوو بڕە پارەیەك بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخان كرابوو ئەمساڵ ئەویش نەكراوە، پاش گەیشتنی پرۆژە یاساكە بۆ پەرلەمان زۆر هەوڵ درا كە خوێندنەوەی یەكەم بۆ بكرێت، بەڵام ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانیەكان هەموو بە یەكەوە دژی وەستاینەوە، هەروەها پەرلەمانتارە سونەكانیش لەگەڵ ئێمە هاوڕا بوون كە نابێت پرۆژە یاسای بودجە بەو شێوەیە خوێندنەوەی بۆ بكرێت.
بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشیكردەوە" لەگەڵ ئەوەی هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە بكەین، ئەگەر تێبینی و پێشنیارەكانی ئێمە لەبەرچاو وەرنەگیران و پرۆژە یاساكە هەر وەكو خۆی بوو ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەنگ لەسەر بودجەی 2018ی عێراق نادەین، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەش ئێمە لەو باوەڕەدانین كە حەیدەر عەبادی پێشنیارەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەر چاو بگرێت و لەناو پرۆژە یاساكەدا جێگیر بكات، ئەگەر ئەوە نەكرا بڕیار بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەگەڕێتەوە، هەر بڕیارێك بدەن، ئێمە پێوەی پابەند دەبین.
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر گوتی" لیژنەی دارایی ڕاسپێردراوە كە تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان پێشكەش بكەن، چاوەڕوان دەكرێت ئەو لیژنەیە كارەكانی خۆی تەواو بكات و ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بكات، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەندامان هەیە لەناو ئەو لیژنەیەدا و پێشنیارەكانی ئێمە دەگەینن، ئەگەر پێشنیار و تێبینییەكانی ئێمە لەبەرچاو گیران ئەو كات ئێمەش دەنگ بە پرۆژە یاساكە دەدەین، چونكە ئەو كات لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دا دەبێت.
مێرگەسۆری، دیار كرد" حەیدەری عەبادی زیاتر لە ئێمە دەزانێت كە عێراق لەناو ئەزمەیەكی قولی داراییدایە، عێراق بە خۆی قەیرانی دارایی هەیە، بۆیە من تەئكیدم كە ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بدات، بەڵام ئەوە بەهانەیە كە ئێمە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابین دەكەین، ئەگەر ڕەوانەی كردبایە، دەبوایە لە 2014 ڕەوانەی كردبایە كە ئەو كات قەیرانی دارایی بەو شێوەیە نەبوو كە ئێستا هەیە، بۆیە حەیدەر عەبادی ناتوانێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات كە دەیدات و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە ناكات.
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكراشی كرد" ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەوەی لەسەرمان بێت، بۆ لێك نزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا دەیكەین، لە رابردوودا زۆر هەوڵمان دا، لە داهاتووشدا هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ، بەڵام ئەوانە بڕیاری سیاسیین، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن، بەڵام ئەوە لایەنی عێراقیە نایەوێت دانوستاندن بكات، بۆیە ئەوەی لەسەر ئێمە بێت كردوومانە و جارێكی دیكەش تەئكید لەوە دەكەینەوە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر دەبن، ئەو غرورییەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق هەیەتی ڕێگە نادات كە دەست بە دانوستاندن لەگەڵ هەرێم بكات، سەرەڕای ئەوەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ بۆ دەست پێكردنی دانوستاندن لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام حەیدەر عەبادی نایەوێت".