Share on facebook
ژیاننامەی شەهیدی فەرماندە عادل مەهاجر
یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 14:21

سوبحان شكۆ- سۆران
بۆ پاراستنی سنوور و خاكی پیرۆزی كوردستان هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەدان و هەزاران قوربانی داوە, شەهید عادل مەهاجر یەكێك لەو شەهیدە قارەمان و دلێرانەیە بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان لە دژی دەیان هێزی داگیر كار و تینوو بە خوێنی كورد و كوردستانیان جەنگاوە و رووبەروویان بۆتەوە, شەهدی فەرماندە لەپاڵ ئەركی پیرۆزی خۆی كە پێشمەرگایەتی بوو كەسایەتیەكی دیاری كۆمەڵایەتی كوردستان بووە, شەهید لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتیمان و پیرۆزیەكانی كوردستان و رزگار كردنی گیانی چەند پێشمەرگەیەكی هاوسەنگەری لە دەست هێزی داگیر كاری بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) گیانی خۆی فیدا كرد و گەیشتە ریزی نەمرانی كورد و كوردستان.
بنەماڵەی عادل عومەر ژیاننامەی پر لە بوێری و چاونەترسی عادل مەهاجر بۆ زاری كرمانجی باس دەكەن.
شەهیدی فەرماندە عادل عومەر شێخ عەبدوڵا ناسراوە بە عادل مەهاجر لە ساڵی 1949 لە گوندی هێردن لە بنەماڵەیەكی خەباتكار و شۆڕشگێری سەر بە ناحیەی سیدەكان لە دایكبووە، عادل مەهاجر هەر لە تەمەنی لاویەتیەوە هەستی نیشتیمان پەروەری لە ناخیدا سەر هەڵدەدات، مەهاجری لە ساڵی 1974 لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول چەكی شەرەف دەكاتە شان و دەبێتە پێشمەرگە، شەهید عادل لە ساڵی 1975 لە چیاكانی گوندی هێردن دەمێنتەوە و لەگەڵ بەرپابوونەوەی شۆڕش لە مانگی گوڵانی 1976 پەیوەندی دەكاتەوە بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، عادل عومەر لە هەمان ساڵ لەبەر خۆراگری و ئازایەتی دەبێتە بەرپرسی مەفرەزە لە دەڤەری سیدەكان و لۆلان, پاشان گواستراونەتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی پارتی لە لۆلان و ئەركی پاراستنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان پێسپێردراوە.
شەهیدی نەمر كەسێكی خۆشەویست و نزیكی سەركردەی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەركردایەتی پارتی و هاوسەنگەرانی بووە, رۆڵێكی قارەمانانەی هەبووە لە داستانەكانی مێرگەسۆر, شەڕەكانی دەڤەری خواكورك, خنێرە, لۆلان, نازداری داخ و چەندان نەبەردی تر كە هەردەم نموونەی جوامێری و ورە بەرزی بووە, فیداكارانە لە سەنگەری پاراستنی ناسنامە و خاكی كوردستانەكەیدا جەنگاوە.
شەهیدی فەرماندە عادل مەهاجر بە یەكێك لە هەرە فەرماندە بەناوبانگ و خۆشەویستەكان دانراوە, ئامادەی هەر ئەركێك بووە كە شۆرش و سەركردایەتی پێی بسپێرێ‌ و بە باوەر بەخۆبوونەوە ئەنجامیداوە, شەهید عادل لە ژیانی ئاوارەییشدا كەسێكی بە سەبر و ئارام بەخشی نێو هەڤەڵەكانی بووە.
عادل عومەر لە راپەرینی ساڵی 1991 رۆڵێكی كاریگەری هەبووە و وەك فەرماندەیەك بەشداری لە شەڕەكانی ئازادكردنی دیانا, سۆران, رەواندز, قەندیل و ئاكرێ‌ كردووە.
مەهاجر لە ساڵی 1993 لەبەر دڵسۆزی و لێهاتویی بە بڕیاری سەرۆك بارزانی دەكرێتە فەرماندەی بەتالیۆن, لە ساڵی 1995 دەبێتە فەرماندەی لیوای 60ی  موهاجر و لەگەڵ ڕۆڵە دڵسۆزەكانی هۆزی مەهاجر دەورێكی چالاكیان دەبێت لە پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و لە ساڵی 1998 دەبێتە ئامر فەوجی 5 لە سوپای 6 و پاشان دەكرێتە جێگری سوپا و دواتر دەبێتە فەرماندەی سوپای 6ی سۆران.
شەهید عادل مەهاجر بەشداری لە شەڕی ئازادكردنی عێراق لە دەڤەری مەخموور و گوێر و موسڵ كردووە, مەهاجر دووجاریش بریندار دەبێت, شەهیدی فەرماندە عادل مەهاجر دەبێتە  ئەندامی فەرماندەیی فەرماندەی هەڵگورد و لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەر خەبات و تێكۆشان و قارەمانیەتی خۆی لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی (مەدالیای بارزانیی نەمر)ی پێ دەبەخشرێت.
عادل عومەر لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش وەك هەمیشە دەچێتەوە ریزی پێشەوەی بەرگری لە كوردستان و لە دەڤەری شنگال ڕۆڵێكی كارای هەبووە لە پوچەڵكردنەوەی مەرامە گڵاوەكانی تیرۆرستان و شكست پێهێنایان, لەم قۆناغەدا خۆی و كەسوكاری لە سەنگەرەكانی پێشەوە چیا ئاسا بەرامبەر تیرۆرستان دەوەستن و لە بەنداوی موسڵ دوو كور و ئامۆزا و چەندین پێشمەرگەی تری هێزەكەی بەسەختی بریندار دەكرێن.
فەرماندەی قارەمان و چاو نەترس عادل عومەر شێخ عەبدوڵا ناسراو بە فەرماندە عادل مەهاجر لە 25ی 10ی 2014 لە نێو شاری زووممار هاوشان لەگەڵا هاوسەنگەرانی رووبەرووی شەرێكی سەخت دەبنەوە و هەر لەم شەرەدا چەند پێشمەرگەیەك شەهید و بریندار دەبن كە لە نێوشیاندا 3 پێشمەرگەی شەهید كە برای یەكترن بەناوەكانی (ئەحمەد عوسمان، نەجات عوسمان، مەولوود عوسمان) لە یەك كات و خانەوادەدا گیانی پاكیان دەبێتە قوربانی بۆ خاك و نەتەوەكەیان، شەهیدی فەرماندەش لەپێناو رزگاركردنی تەرمی ئەو 3 برا شەهیدە كە گیانی خۆیان بۆ نیشتیمان فیدا كرد خوێنی ئاڵی خۆی تێكەڵ بە خاكە پیرۆزەكەی كوردستان دەكات و دەگاتە قافڵەی سەروەرانی كورد و كوردستان.
لەكۆتایدا بنەماڵەی شەهید عادل عومەر گوتیان:" بەڵێن بە خاك و نیشتیمان دەدەین درێژە بە ڕێبازی پیرۆزی شەهید عادل بدەین و لە پێناو خاك و پیرۆزیەكانی كورد و كوردستان تێبكۆشین تەنانەت ئەگەر بە گیانی خۆشمان بێت".