Share on facebook
لەرێگای كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت هەلی كار دەرەخسێنین بۆ قوتابیانی دەرچووی خوێندنی باڵا
یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 14:27

ZKW : سیروان مینەخان، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە بەرنامەێكی  تایبەتی رادیۆی زاری كرمانجی ڕایگەیاند:" هەوڵمانداوە لەرێگای كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت هەلی كار برەخسێنین  بۆ قوتابیان، بانگهێشتی كۆمەڵێ لە كۆمپانیا و رێكخراوی بیانیمان كردووە كە لە كوردستان ‌كاردەكەن، دەمانەوێت لەرێگەی یەكێتی قوتابیانەوە ئەم هەلەی كارە رابگەیەنرێ و بدرێت بەقوتابیان.
سازدان: سوبحان شكۆ
لە دەستپێكی دیمانەكەدا سیروان مینەخان، دەربارەی گۆرانكاری لە ستافی سكرتاریەت و لقەكانی رێكخراوەكەیان گوتی:" یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەژێر فەرمانی مەكتەبی سیاسی و دەستەی رێكخراوە جەماوەریی و پیشییەكان، گۆڕانكاری ڕیشەیی‌ لەسەرجەم ئۆرگانەكانی رێكخراوەكەمان كرا، مەبەست لەم گۆرانكاریانە نوێ بوونەوە ‌و بەردەوامی بوو، هەر رێكخراوێك بیەوێت بەردەوام بێت پێویستی بەوەیە لەسەرجەم ئۆرگانەكانی بیری نوێ و گەنجی نوێ و وزەی بەكارنەبراو بێنێتە پێشەوە. ئامانج لەم گۆڕانكاریانە نوێكردنەوەی تەواوی رێكخراو بوو، رێكخراوێك بۆ سەدەی بیست و یەك، ستافێك بۆ سەردەمی ئێستا بگونجێن، لە گۆڕانە تەكنەلۆژییەكان سەر دەربكەن و لەگەڵ گۆڕانە جیهانییەكان بەرەو پێش بچن و ڕێ بكەن".
بۆ كاری ئەم رێكخراوە، ناوبراو گوتیشی:" كاركردن لەسەر قوتابی و داوا و ماف و كێشەكانیان بە تایبەتی و پڕۆسەی خوێندن و فێربوون بە گشتی، پانتایی كاركردنی ئێمەیە، من وەك خۆم ئەركی، هەڵسوڕاندنی كاروباری قوتابیان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیان و بەدەمەوە چوونی داواكانیان وەدەست هێنانی مافی پتری قوتابیان لە ئەركە سەرەكییەكانی بەشەكەمە(بەشی كاروبار)، هەروەها لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم سستەمی خوێندن. لەنێو مەكتەبی سكرتاریەت، چەندین بەشی دیكەمان هەیە وەكو بەشەكانی راگەیاندن و توێژینەوە ‌و رێكخستن...هتد، بە پێی پێڕەو هەر بەشە و كارەكانی بەشەكەی رادەپەڕێنێ و ئامانجی سەرەكی تەواومان بە دەنگەوە هاتنی داوا رەواكانی قوتابیان و مافە خوراوەكانیانە".
سەبارەت بە بەشە ناوخۆیەكانی قوتابیان ، ئەم بەرپرسە دەڵێ:" گوشاری زۆرمان خستە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندن، پارەی بەشە ‌ناوخۆییەكان لە ‌قوتابیان وەرنەگیرێت و سەركەتووش بووین، ‌هەوڵ دەدەین لەساڵانی داهاتوو پارەی بەشە ناوخۆییەكان لەقوتابیان وەرنەگیرێت، مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەدوای دەوامی فەرمیش بەدواداچوون بۆ كێشە ‌و گرفتەكانی قوتابیانی بەشەناوخۆییەكان دەكات لەرێگەی نوێنەرەكانمان لەسەرجەم لق و نووسینگەكان، هەفتانە راپۆرت دەنێرن، ئەو كێشە ‌و گرفتانەی لەبەشەناوخۆییەكان هەیە دەیان گەیەنین بەلایەنی پەیوەندیدار و هەوڵ دەدەین بۆیان چارەسەر بكەین. هەواڵێكی تازە كە جێگەی دڵخۆشی قوتابیانە، لەزانكۆ و پەیمانگەكان كرێی مانەوە یا كرێی بەشەناوخۆیی كە برەكەی 300 هەزار دینارە لە قوتابیان وەردەگیرا، ئێمە لەهەوڵی جددی دابووین لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا كە ئەم برە پارەیە وەرنەگیرێت و خۆشبەختانە بڕیاری وەرنەگرتنی درا هەروەها كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی ئێواران لە زانكۆ ئەهلییەكان و حكومییەكان، خۆشبەختانە هەوڵەكانمان لەكۆمەڵێك شوێن سەری گرتووە، بۆ نموونە لەزانكۆی سەڵاحەددین %25 كرێی خوێندنمان كەمكردۆتەوە، دەمانەوێت ئەم كەمكردنەوەی كرێی خوێندنە بگوازینەوە بۆ سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكان و لە ‌هەوڵی بەردەوامیشداین بۆ ئەم مەبەستە".
بەرپرسی بەشی كاروبار دەشڵێ‌:" حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەزگای شەهیدان، كرێی خوێندنی كوڕ و كچانی شەهیدان دابین دەكات، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، ئەو قوتابییانەی كوڕ و كچی شەهیدن ‌لە ‌زانكۆ ئەهلی و شوێنی دوور دەخوێنن، هەوڵ دەدەین شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بكەین، شوێنێك‌ بتوانێت تێیدا ئاسوودەبێت. جگە لەمەش بۆ دابینكردن و خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیات ئێمە تەنها دەتوانین فشار بكەین، لایەنی جێبەجێكار نین هەرچەند فشارەكانمان بەردەوامن، كۆمەڵێك یاداشتمان داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەشێك لەداواكاریەكانمان جێبەجێ كراوە، لەگەڵ رێكخراوی فیدراسیۆنی قوتابیان  هەوڵ دەدەین ئەم دەرماڵەیە بۆ قوتابیان بگەڕێنینەوە، ئەگەرچی پێشتر ئێمە وەكو یەكێتی قوتابیان ئەوەمان گەیاندوە بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی".
ئەمەشی خستەروو:" بۆ قوتابیانی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی ئەو بارودۆخەی هەیە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە ‌یەكەم  رۆژی ئەو كارەساتەی ‌بەسەر ئەم ناوچانەدا هات، بەتایبەت كەركوك، لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردە ‌و خوێندنی باڵا لە هەماهەنگی دابووین و ئەو بڕیارە دەركرا كە تەواوی قوتابیانی سنووری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەتوانن بە شێوازی میوانداری لە زانكۆ و پەیمانگەكانی سلێمانی و دهۆك و هەولێر بخوێنن، هەروەها ‌قوتابیانی بنەڕەتی و ئامادەیی بە هەمان شێوە، خۆشبەختانە جێبەجێ كراوە".
ئەم ئەندامەی سكرتاریەت لە بەرامبەر كردنەوەی خولی هۆشیاری بۆ ئەندام و كادیرانی رێكخراوەكەیان تا لەكارەكانیان چالاكتربن، دووا:" یەكێتی قوتابیان لەوە تێدەگا كێشە ‌و كەموكوڕی زۆر لە هەرێمی كوردستان هەیە،‌ پشكێكی ئەم ئاریشانە وەبەر ئەندام و كادیرانی رێكخراوەكەمان كەوتووە، مەكتەبی سكرتاریەت بەتایبەت لەبەشی توێژینەوە و پێگەیاندن پرۆژەیەك ئامادەیە كە خولی رۆشنبیری و هۆشیاری بۆ كادیرانمان بكەینەوە تا بتوانن لەگەڵ سەردەم خۆیان بگونجێنن و بتوانن ئەم قۆناغە بە باشی تێپەڕێنن. سەبارەت بە هەماهەنگی و كاركردنمان لەگەڵ رێكخراوە بیانییەكان، هەماهەنگیمان هەیە، بەشێكی سەرەكی هەماهەنگیەكانمان خۆی لەوە دەبینێتەوە، بتوانین لەم رێگەیەوە‌ كورسی خوێندن بۆ قوتابیان بەدەست بهێنین و ساڵانە لەدەرەوەی وڵات درێژە ‌بەخوێندنی خۆیان بدەن. لەپاڵا ئەمەش، لەماوەی رابردوو لە رێگەی نوێنەرایەتییەكانمان لەوڵاتی روسیا بەشداربووین لەكۆنفرانسی نێودەوڵەتی جیهانی، ‌خۆشمان لە هەوڵی ئەوەداین كۆنفرانسێك ئەنجام بدەین و كۆمەڵێك رێكخراوی بیانی بانگهێشت بكەین. جگە لەمە، ئێمە لەم بارودۆخە دەگەین كە ‌ ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان تێیكەوتووە، بۆیە هەوڵمانداوە لەرێگای كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت هەلی كار برەخسێنین  بۆ قوتابیان، بانگهێشتی كۆمەڵێ لە كۆمپانیا و رێكخراوی بیانیمان كردووە كە لە كوردستان ‌كاردەكەن، دەمانەوێت لەرێگەی یەكێتی قوتابیانەوە ئەم هەلەی كار رابگەیەنرێ و بدرێت بەقوتابیان".
لە بەرامبەر كۆمەڵێك دووانی قوتابیان كە باس لەوە دەكەن ئەم رێكخراوە گرنگی و بایەخی جارانی نەماوە، ئاماژەی بەمە كرد:" یەكێتی قوتابیانی كوردستان رۆڵی هەبووە لە چارەسەركردنی دەیان و سەدان كێشەی زۆر گەورە كە لەمپەربوون لەبەردەمی پرۆسەی خوێندن و قوتابیاندا، ناتوانین بڵێین لەئێستەدا رۆڵی یەكێتی قوتابیان كەم بۆتەوە ئەمە ناحەقییە، پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت:(چەم بێ چەقەڵ نابێت)".
هەروەها باسی لە رۆڵ و گرنگی گەنج كرد لە برپرسیاریەتیدا:"رۆڵ و كاریگەری گەنج نابێت نادیدە بگیرێت لەناوەندەكانی دەسەڵات، دەبێت هەمیشە گەنج بێتە پێشەوە چونكە ئێمە لەسەردەمێك داین، ‌سەردەمی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیایە، لەكاتێكداین توێژی گەنج توێژێكی باڵادە‌ستی كۆمەڵگەن و لەئێستەدا پێگەیشتوون، دەبێ كەسێك نوێنەرایەتییان بكات كە لێیان تێ بگات، لەبۆچوون و هیوا و حەز و ئارەزوەكانیان، بۆ ئەم مەبەستە پلانمان هەبوو، رێكخراوەكەشمان لەم چوارچێوەیە نوێ بۆتەوە، ئێستا ئەوانەی نوێنەرایەتی رێكخراوەكەمان دەكەن لەناوەندەكانی زانكۆدا، هەموویان گەنجن بەخۆشحاڵییەوە. بۆ دەستبەكار بوونی بەرپرسی لیژنە و نوێنەرایەتیەكانمان لە ناوندەكانی خوێندنی دەڤەری سۆران، ئێمە لەرێگەی لقی سۆرانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان، داوامانكردووە (‌سی ڤی) ئەو هەڤاڵانە‌مان بۆ بنێرن تا لەرێگەی (سی ڤی)یەوە هەڤاڵانمان  لە بەرپرسیاریەتی دابندرێن".
لە كۆتایی سازدانەكە، سیروان مینەخان، بەرپرسی بەشی كاروبار لە سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەم شێوەیە پەیڤا:" بۆگوشاركردنی كردنەوەی بەشی پزیشكی لە زانكۆی سۆران، یەكێتی قوتابیانی كوردستان هۆكارێكە بۆ بەرەو پێشچونی ئاستی خوێندن و ئاستی زانست، ئەمە ‌بابەتێكی زانستییە و‌ لەرێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە دەكرێت، دەتوانین لەكاتێكدا گوشار بخەینە سەر زانكۆی سۆران ئەگەر بزانین مامۆستای پێویست و ئالیەتی پێویست و ئیمكانیەتی پێویست هەبێت، بۆ كردنەوەی ئەم بەشە‌. داوام لە قوتابیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستانە كە خوێندنەوەیەكی واقیعی دروستیان بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا هەبێت كە هەرێمی كوردستانی تێیكەوتووە، هەموومان دەست لەناو دەست كاربكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخ و قەیران ‌و نەهامەتیانەی كە ئێستا بەسەرگەلەكەماندا هاتووە.