Share on facebook
كاروان ساڵح: هەموو ئەوانەی بە درێژایی مێژوو دژایەتی كوردیان كردووە تێكشكاون
یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 14:31

دیدار- ڕائیب شێروانی
كاروان ساڵح، چاودێری سیاسی، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، حەیدەر عەبادی و زۆربەی سیاسەتمەدارانی عێراق سواری سەر شەپۆڵی دژایەتی كورد بوونە، ئەوەی سەرۆكوەزیران دەیكات یاری كردنە بە ئاگر و گەلی كورد دەكات بە دوژمنی خۆی، هەموو ئەوانەی بە درێژایی مێژوو دژایەتی كوردیان كردووە، بڕیاری سەربازی و سەپاندنی هێزیان بەسەر كورددا فەرز كردووە، تێكشكاون، ناونەهێنانی پێشمەرگە لە وتاری راگەیاندنی كۆتای شەڕی داعش لە عێراق، بەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق هەڵەیەكی زۆر گەورەی كردوو و پێموایە بەو هەڵەیەی عەبادی كردی، ژیانی سیاسی كۆتای پێ دێت.
كاروان ساڵح، رایگەیاند" نەك تەنیا حەیدەر عەبادی، بەڵكو هەموو ئەو قوتبانەی كە ئێستا لە بەغدا سیاسەت دەكەن، سواری سەر شەپۆڵی دژایەتی كورد بوونە، ئەوانە شۆڤێنیستی عەرەبیین، هەست و نەستی خەڵكی خۆیان دەوروژێنن بەوەی بزانن كە چۆن دژایەتی كورد دەكەن و چۆن پێشمەرگەیان تێكشكاند، ئەوەی عەبادی دەكات یاری كردنە بە ئاگر، ئەگەر تۆزێك پیاوێكی سیاسەتمەدار و دەوڵەتدار بووایە دەبووایە هەست و نەستی میللەتێكی وەكو میللەتی كورد كە لە عێراق قەوارەی دووەمە بریندار نەكات، چونكە هێزێكە كە كەس ناتوانێت فەرامووشی بكات، ئەوها بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ كورد بكات، دڵنیام گەورەترین هەڵەی مێژووی دەكات لەوەی كە میللەتێك دەكات بە دوژمنی خۆی لە پێناوی سەرنجی چەند كەسێكی شۆڤێنیستی عەرەبی، یان چەند لایەنێكی عەرەبی، پێموابێت لەو بابەتە خراپ تێكشكاوە هەر لەبەر ئەوەشە كە ناوی پێشمەرگەی لە وتاری راگەیاندنی كۆتای شەڕی داعش نەهێنا، دواتریش رایگەیاند هەڵەی چاپ بووە، ئەمە لە كاتێكدایە كە هەموو وڵاتانی جیهان ستایشی رۆڵی پێشمەرگە دەكەن، سەركەوتنی سوپای عێراقیش بەو دوایە هەر بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بووە، بۆیە سەرۆكوەزیرانی عێراق هەڵەیەكی زۆر گەورەی كردوو و پێموایە بەو هەڵەیەی عەبادی ژیانی سیاسی كۆتای پێ دێت و جارێكی دیكە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی كە هەموو شتێكی لە پێناو دەكەن، چ عەبادی بێت، چ مالیكی، هەموو ئەو لایەنە شیعانەی كە چاویان لەوەیە ئایندەی حوكمڕانی لە عێراق بكەوێتە دەست خۆیان، فەشەڵێكی زۆر گەورەیان هێناوە و خراپتریشیان بەسەر دێت.
كاروان ساڵح، ئاماژەی بەوەشدا" لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەوانەی ئەو خیانەتەیان كرد، دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیان گرت بۆ ناو كەركووك و خورماتوو، جۆرێك لە غرووری توشی حەیدەر عەبادی بووە، پێی وایە ئەو سەركەوتنە سەركەوتنی خۆیەتی، بۆیە بە جۆرێك لە جۆرەكان توشی غروورێكی سیاسی بووە، ئەو گەلە كۆمەكیەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر كرا بە دەوری ئێران و حزبوڵڵا و میلیشاكانی حەشدی شەعبی، چاوقوچاندنی ئەمریكا و هەندێك وڵاتانی دیكە و بێ دەنگ بوونی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ئاست ئەو هەموو كارەساتانەی كە بەسەر كوردیان هێنا، جۆرێك غرووری بە سەرۆكوەزیرانەوە دیارە، بەڵام ئەو غرووریە كاتیە و كات نەماوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو جۆرە یاریانە بكات، هەڵبژاردنیش نزیكە، ئەوانە هەموو بانگەشەی هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەی كە دەنگێك زیاتر بێنێ لەوەی دیكە، بۆیە پێموایە مایەپووچ دەردەچێت هەوڵەكانی عەبادی، هەموو ئەوانەی بە درێژایی مێژوو دژایەتی كوردیان كردووە، بڕیاری سەربازی و بڕیاری داسەپاندنیان بەسەر كورددا فەرز كردووە، لە مێژوودا تێكشكاون، عێراق بەبێ كورد نە سەقامگیری تێدا بە دی دێت و نە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عێراق سەر دەكەوێت، كە ئێستا بەداخەوە پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق بەناویش نەماوە، نەك بە كردار، بۆیە هەموو ئەوانە ڕەنگدانەوە و دواجار هەموو بەسەر سەری ئەوانەدا كۆدەبێتەوە، ئەوە حەشدی شەعبی بووەتە هێزێكی دێوەزمە ئەوە لە هەموو دنیا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن، ئێران گەورەترین فشاری لەسەرە بۆ ئەوەی زیاتر دەست لەو ناوچانە وەرنەدات، بە خەیال و خەونی خۆیان نەوتی كەركووك دەبەن بۆ ئێران، كە ئەوە خەونێكە لە جێی خۆیدا نییە، چونكە بەبێ كورد هیچ هێز و توانایەك نیە نەوتی كەركووك ڕادەستی ئێران بكات، كەركووك لەناو دڵی كوردستاندایە، جۆرێك ناسەقامگیری لە خورماتوو پەیدا بووە، لەناو كەركووك كێشەی ئەمنی هەیە، وردە وردە تەم و مژەكان دەڕونەوە، عێراق خۆی توشی كێشەیەكی زۆر گەورەی كرد، لە ئایندەیەكی نزیكدا خراپ بەسەریدا دەڕووخێت و ئەو ناوچانەی ئێستا بە داگیركراوی ماونەتەوە لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بە چركە ساتێك لە دەستیان دێنە دەرو و زیانێكی زۆر گەورەیان پێ دەكەوێت ئەوان دەبێت دەرس و پەند لە مێژوو وەربگرن، ئەو فرسەتە وەرنەگرن كە بەربوونەتە گیانی كوردانی خورماتوو و پێیان وابێت ئەوە تا سەر بۆیان دەچێتە سەر، لە بەعس و ئەوانەی پێش بەعس بینیمان ئەو ڕژێمە یەك لە دوایەكەكانە كردیان بەرامبەر بە ئێمە هەموو مایە پوچ دەرچوون و سەری خۆیان خوارد، بۆیە نە عەبادی، نە هیچ لایەنێكی شۆڤینیستی عەرەبی ناتوانێ عێراقێكی یەكپارچە و یەكڕیز و یەكگرتوو بپارێزێت، بە بێ ئیرادە و گوشار و هاوبەشی ڕاستەقینەی گەلانی كوردستان.
سەبارەت بەو عەقلیەتەی كە ئێستا لە عێراق هەیە چەندە میراتگری عەقلیەتی ڕژێمەكانی پێشووە، ئەو چاودێرەی سیاسی، روونیكردەوە" پێموابێت لە هەندێك بواردا لە ڕژێمەكانی پێشوو خراپتر دەكەن، ئەوانە هێشتا نەبوونەتە هێزی توكمە و پۆخت و ڕێخراو ئەو ها دەكەن، ئەگەر بێت و ئەو هێزەی سەدام هەیبوو ئەوانە هەیان بوایە، نەك كورد، بەڵكو وڵاتانی دراوسێ دەكەوتنە بەر خەتەری هێرش و پەلامار و تەماحی شیعەگەرایەتی لە عێراق، بۆیە ئەوەندە بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر، ئەوان بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆیان ئەو دارە دەبڕنەوە كە خۆیان لەسەر وەستاون، پێموانیە وا بە ئاسانی بەسەریاندا تێپەڕن، هەرێمی كوردستان بە هەموو هێز و توانایەكەوە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بووە، هەموو كاتێك ئەگەر هاوپەیمانان كاریان بە كورد بووبێت درێغی نەكردووە، هێزی پێشمەرگە سەڵماندوویەتی كە لەسەر زەوی تاكە هێزە كە بتوانێت معادەڵاتی ناوچەكە بگۆڕێت، بۆیە لە ئایندەیەكی نزیكدا هەموومان دەبینین ئەوانە مەجبووری گەلی كورد دەبنەوە، ئەوانە هەموویان بە بێ هێزی پێشمەرگە هیچ گۆڕانكاریەكیان لەناوچەكە پێ ناكرێت، كورد ئەمڕۆ بووەتە كارتێكی زۆر بە هێز لەناوچەكە، بۆیە بەبێ كورد هیچ چارەسەریەك لە ناوچەكە و هیچ سەقامگیریەك بۆ ناوچەكە خەون و خەیاڵە".