Share on facebook
هاوبەشانی كارەبا زیاتر لە ٤٤ ملیارد دینار قەرزدارن
یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 14:40

ZKW : بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سۆران، بۆ زاری كرمانجی  باس لە رەوشی كارەبای سنوورەكە دەكات و ئاشكرای دەكات" بەگشتی نزیكەی 65611 شەست وپێنچ هەزار وشەش سەدو یازدە هاوبەشی كارەبا لە سنووری بەرێوبەرایەتییەكەمان لەسنووری هەر چوار قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز  هەیە، بە كۆی گشتیش زیاتر لە  ٤٤ ملیارد دینار كرێ كارەبا قەرزدارن" .
ئەندازیار فەیسەل حوسێن بازید بەڕێوبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران لەمبارەیەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی "هەموو مانگێك بەپێی پێشبینیەكان و رەچاوی كەش و هەواو خشتەی كاتژمێرەكانی هەبوونی كارەبای نیشتمانی لە وەزارەتی كارەبا دادەندرێت، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتانەی بەردەوام دروست دەبن،  بە تایبەت لە وەرزەكانی ساڵ خواستی بەكارهێنانی كارەبا رێژەكە بەردەوام لە گۆراندایە بە تایبەت لە وەرزی زستاندا، ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر هەبوونی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی، چونكە لە وەرزی زستان لۆدەی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا زیاد دەبێت و كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبن".
لە بەردەوامی قسەكانیدا بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، باس لە رێژەی هاوبەشانی كارەبای دەڤەری سۆران و هۆكاری گەڕانەوەی پارەی زۆر بۆ هاوبەشانی كارەبا دەكات و دەڵێت "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان نزیكەی 65611 شەست وپێنچ هەزار وشاش سەو یازدە هاوبەشی كارەبا هەیە و بەسەر شەش پۆل دابەشكراون، وەك ( ماڵان، فەرمانگەكانی  میری، بازرگانی گەورە، بازرگانی بچووك، پیشەسازی، كشتوكاڵی)، لەم نێوەندەشدا (٦٠٧٩١) هاوباشی ماڵان  و ( ٧٠٤٢) هاوبەش بازرگانی بچووك و (١٥٣٨) هاوبەش فەرمانگە میرییەكان و (٦١) هاوبەش پیشەسازی و(١٤١) هاوبەش كشتوكالی و(٥١) هاوبەش بازرگانی گەورەن هەن. تا نیوەی مانگی ١٢ بەگشتی هاوبەشان زیاتر لە ( ٤٤،٣٥٩،٢٩٨،٣١٣  ) چل وچوار ملیار دینار كرێ كارەبا قەرزدارن، بەو شێوەیە هاوبەشی ماڵان بڕی ( ٢٩،٢٧٩،١٨٤،٧٧١ ) و بری ( ٢٤٦٩،٧٨٣،٨١٣ ) هاوباشی بازرگانی بچووك و بڕی ( ٣٩٤،٩٧٩،٠٦٧ ) هاوبەشی بازرگانی گەورە، بڕی ( ١١٢،٥٣٧،٣١١ ) هاوبەشی پرۆژەی كشتوكالی و بڕی ( ٢٤٨،٤٦٥،٤١٤ ) هاوبەشی پڕۆژەی پیشەسازی و بڕی ( ١١،٨٥٤،٣٤٧،٩٣٧ ) هاوبەشی فەرمانگە میرییەكان قەرزداری كرێ كارەبان".
دەشڵێت " ئەو هاووڵاتییانەی پارەی زۆریان لەسەر كۆبووەتەوە دەتوانن بە شێوەی قیست كە لە ( ٣ تا ٧ ) قست دەتوانرێ بیگەرێنەوە. و داهاتی ئەم ساڵی كرێ كارەبا نزیكەی (٢،٨٠٥،٩٥١،٠٠٠ ) بووە واتە نزیكەی سێ ملیارد دینار بووە" .
بەرێوبەری كارەبای سۆران رونكردنەوەی زیاتریدا و گووتی "بەپێی رێنماییەكانی ئێمە دەبێت هەموو هاوبەشێك پێوەری كارەبای هەبێت، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هاوبەشی كارەبا هەیە پێوەری كارەبای نەبەستووە، ئەوەش دەرچوونە لە رێنماییەكانی ئێمە و بەردەوامیشین بۆ ئەوەی پێوەری كارەبا بۆ هەموو هاوبەشان دابندرێت، بەهۆی ئەم رێژە زۆرەی هاوبەشانی كارەبا، زۆرجار بۆ هاوبەشانی كارەبا پارەیەكی زۆر و لە رادەبەدەریان بۆ دەگەڕێتەوە، هەندێ جار بەهۆی كەمتەرخەمی و ئەنجامدانی هەڵە لەلایەن فەرمانبەران و ژمێركارەكانی ئێمە بووە، بەڵام هەر هەڵەیەك كە فەرمانبەرانی ئێمە بیكات مەجالی چاكردنەوە و راست كردنەوەی هەیە، لە كاتی بوونی هەر هەڵەیەك لە خوێندنەوەی پێوەر، هەروەها هاوبەشی كارەبا هەیە بەبێ ئاگادار كردنەوەی ئێمە پێوەری كارەبای گۆڕانكاری پێدەكات و دەیگۆڕیت، لە ئەنجامی بەستنی پێوەری نوێ بەبێ رەزامەندی فەرمانگەی كارەبا و بەشی فرۆشیاری وزە، هەڵە دروست دەبێت لە خوێندنەوەی پێوەری كارەبای نوێی لە ئەنجامدا پارەی كارەبای زۆری بۆدەگەڕێتەوە".
سەبارەت سەرپێچیی كردن بۆ سەر تۆڕەكانی كارەبا بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران " بە بەردەوام لیژنەكانمان دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كە سەرپێچیان كردۆتە سەر تۆڕەكانی كارەباو رێگری كردنیان، رێگەی راگەیاندنەكانیش داوامان كردووەو رێنمایی بەكارهێنانی كاربا داواش دەكەین لە خەڵك كە سەرپێچی نەكەنە سەر تۆڕەكانی كارەبا ، زیاد لە پێویست ئامێرەكانی كارەبا بەكار نەهێنن . چونكە بەهۆی دەبێتە هۆی بار زۆری سەر تۆڕەكان و سووتانی قاتح و بگۆڕەكانی كارەبا گەرەك و ماڵان بەهۆی ئەوە لۆدەی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا دروست دەبێت خۆیان بێ بەش دەبن لەكارەبا. بۆیە جارێكی داوایان لێ دەكەین زیاد لە پێویست ئامێرەكانی كارەبایی رووناككردنەوە و گەرمكردنەوە بەكار نەهێندرێت ".