Share on facebook
شکۆی کوردستان هەرگیز ناشکێت
دووشەممە, 01 کانونی دووەم 2018 20:29


ئەسرین خەلیل حوسێن

کوردستانی گەورە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خەڵکەکەی بە درێژایی میژوو هەر لە تێکۆشان و خەبات و شۆڕشدابوون بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان .

خەڵکی کوردستان لەڕووی دڵسۆزی و هەستی نیشتیمان پەروەریەوە ،ئیرادەیان ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانم بڵێم کە هیچ وڵا ت و نەتەوەیەک ناتوانێت ڕکابەری ئەم ورە بەهێزەیان بکات .

ئێمەی کورد هەر لە دێر زەمانەوە بەم ورە بە هێزە ناسراوین ،کە زۆر جار توشی جەنگ و کارەساتی وەها بوین کە لەرووکەشەوە زۆر ئەستەم بوو ئەم کارەساتانە تێبپەڕێنین و بگەرێینەوە  باری ئاسایی و ژیانی خۆمان چونکە چەندەهاجار توشی  کارەساتی دلتەزێن و جەنگی خوێناوی و ماڵ وێرانی و سوتاندنی گوندو شار و کیمیاباران کردن و جینۆساید بوینەتەوە ، گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە هەر بە ئاخاوتن  ئاسانە بەڵام بەبینین و چونەوە بۆ ناو ئەو ژیانە دەتوانین کەمێک هەست بەو هەموو ئازارانەی باو باپیرانمان بکە ین کە کێشاویانە .

یەکێک لەو کارەساتانە کیمیابارانکردنی گوندو شارەکانی کوردستان بوو کە لەرووی نێودەوڵەتیەوە ئەوچەکە قەدەغەکراو بوو بەلام دوژمنە خێرلەخۆنەدیوەکانی کوردستان ئەم چەکە کیمیاویە یەیان دژ بە کورد بەکارهێنا کە منداڵ و پیرو پیاوو ئافرەت هەموویان تێکرا بونە ئامانجی ئەم چەکە بێ باکە ، یەکێکی تر لەو نەهامەتیانە ئەنفالکردنی ٨۰۰۰نێرینەی بارزانی بوو وە ئەنفالکردنی چەندەها هەزار پیاو و ئافرەت و مندالی گەرمیانیان و بادینان کە بە توندوتیژترین شێوە ئەنفال و زیندەبەچاڵکران ، وەلەم دواییانەش هاتنی توندڕەوترین گروپی تیرۆرستی ئیسلامی  بۆ سەرخاکی پاکی کوردستان بەناوی داعش بە مەبەستی لەناوبردنی گەلی کورد ، وە کووشتن و سەر بڕین و زیندەبەچالکردن و سوتاندنیان بەناوی ئیسلام حەلال کردبوو ، کوشتنی منداڵی بێتاوان لەکوێ حەلالە؟زیندەبەچاڵکردنی مرۆڤ لەکوێ حەلالە ؟چ ویژدانێک ئەمە قبولدەکات ؟ سەرەرای ئەم هەموو تاوانانە کە دژ بە ئێمەی کورد کرا کە تەنها داوای مافی خۆمان و سەربەخۆی خۆمانمانکردوە وە تا ئێستا دەستمان درێژ نەکردوە بۆخاکی هیچ وڵاتێک ، وە وڵاتانی زلهێزخۆیان بێدەنگ کردوە لە ئاست داواکاری سەربەخۆی کوردستان ئایا ئەمە بە تاوان دادەنێن کە گەلێکی ئەوەندە زولم لێکراو سەربەخوبێت ؟

بەڵام گەلە خۆڕاگرەکەی کورد سیفەتێکی زۆر باشی هەیه ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز کۆلنادەن و ورەیان ناروخێت بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ ورەیان زیاتردەبێت چونکە ئەو هەستەی کە هەڵقولاوە لە دلیاندا هەرگیز کپ ناکرێت ، وە لە کۆتاییشدا هەر بە ئامانج دەگەن و دەبنە خاوەن قەوارەی سیاسی خویان و لە قەفەسە چڵکنەکەی داگیرکەران ئازاد دەبن.